شارپرێس:
ماڵپەڕی
مۆنیتۆر ئاشکرایکرد، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری ئیسرائیل، پێشنیازێکی
پێشکەشی ئیدارەی ئەمریکا بەسەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ کردوە کە بریتییە لەئەنجامدانی
هەڵمەتێکی چڕی بۆردومانکردن بۆ ماوەی (4 تا 7) ڕۆژ، بەئامانجی لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی
ئێرانو ڕێگریکردن لەتاران بۆ قایمکردنی دامەزراوە ستراتیژییەکانی، بەبێئەوەی ببێتە
هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر.
ماڵپەڕەکە
لەزاری سەرچاوە دیپلۆماسییە ڕۆژئاواییەکانو بەرپرسانی ئیسرائیلەوە ڕونیکردوەتەوە،
پێشنیازەکە ڕوبەڕوی تێبینیو دودڵیی ئەمریکا بوەتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بەئەگەرەکانی
وەڵامدانەوەی ئێرانو کاریگەریی هەر ڕوبەڕوبونەوەیەکی نوێ لەسەر کەشتیوانیو هەناردەکردنی
نەوت، سەرەڕای پرسیارەکان سەبارەت بەپەیوەندیی کاتیی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە بەهەوڵەکانی
ناتانیاهۆ بۆ مانەوە لەدەسەڵاتدا دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی ئیسرائیل.
ئاماژەی
بەوەشکردوە، داواکارییەکانی ئیسرائیل بۆ جوڵەی سەربازی پشت بەزانیاریی هەواڵگریی دەبەستن
کە بەوتەی سەرچاوەکان، ئاماژە بەهەوڵەکانی ئێران دەکەن بۆ پەرەپێدانی چەکی کیمیاییو
بایۆلۆجیو ئەگەری بەکارهێنانیان لەڕێگەی موشەکی بالیستی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
هەروەها
جەختیکردوەتەوە، نیگەرانییەکانی ئیسرائیل لەوەشەوە سەرچاوەیگرتوە کە دەڵێت، ئێران
هەوڵدەدات ئەوەی لەبەرنامە ئەتۆمییەکەی ماوەتەوە بیگوازێتەوە بۆ دامەزراوە قوڵەکانی
ژێر زەوی، بەجۆرێک کە بەئامانجگرتنیان تەنانەت بەبەکارهێنانی بۆمبە قورسەکانی ئەمریکاش
زۆر ئەستەمتربێت.
مۆنیتۆر
لەزاری سەرچاوەیەکی ڕۆژئاوایی ئاگادار لەپەیوەندییەکانەوە گواستویەتییەوە، خەمڵاندنەکانی
دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئەو زانیارییە پێشکەشکراوانە بەخاوەن بنەمای ڕاستەقینە
دەزانن، بەڵام ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو چالاکییە گومانلێکراوانە هێشتا لەقۆناغە سەرەتاییەکاندانو
پێویست بەجوڵەی سەربازیی بەپەلە ناکەن لەچەند هەفتە یان چەند مانگی داهاتودا.
ماڵپەڕەکە
لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلییەوە بڵاویکردوەتەوە، تەلئەبیب پێیوایە، پێویستە
قۆناغی ئێستا بقۆزرێتەوە پێشئەوەی بڕیارە سەربازییەکانی ئەمریکا لەڕوی سیاسییەوە
ئاڵۆزتربن، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا گومانیان لەپاڵنەرەکانی پەلەکردنی ئیسرائیل هەیە،
بەتایبەتی لەسایەی ئەو قەیرانە سیاسییەی ناتانیاهۆ لەدوای هەڵبژاردنەکانی 27ی تشرینی
یەکەم (ئۆکتۆبەر) ڕوبەڕوی بوەتەوە.
بەگوێرەی
سەرچاوەیەکی سیاسیی ئیسرائیلی کە قسەی بۆ ماڵپەڕەکە کردوە، هەڵگیرسانی ڕوبەڕوبونەوەیەکی
سەربازیی فراوان لەگەڵ ئێران ڕەنگە هاوکێشە ناوخۆییەکان بگۆڕێتو نەیارەکانی ناتانیاهۆ
ناچاربکات لەژێر گوشاری بارودۆخی ئەمنیدا بەپێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتیی نیشتمانی
بەسەرۆکایەتیی ناوبراو ڕازیبن.
سەرچاوەکە
پێیوابوو، باسکردن لەپێویستیی لێدانی دەستبەجێی ئێران، لەلایەکەوە زیاتر پەیوەندیی
بەئەجێنداو خشتەی سیاسیی ناتانیاهۆوە هەیە وەک لەوەی پەیوەندیی بەپەرەسەندنە هەواڵگرییەکانەوە
هەبێت کە دەستوەردانی بەپەلە بخوازن.
پێشتر
سی ئێن ئێن لە16ی ئەم مانگەدا (تشرینی دوەم) لەزاری بەرپرسانی ئەمریکاوە گواستبویەوە
کە ئێران پلانی یەدەگ دادەنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەگەری بەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی
یان بۆمبی تیشکدەر کە بەرپرسانی باڵا لەواشنتۆن بکەنە ئامانج.
هەروەها
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرایکردبوو، هەواڵگریی ئیسرائیل هۆشداریداوەتە بەرپرسانی
ئەمریکا کە بەرنامە کیمیاییەکەی ئێران ڕەنگە مەترسییەکی خێراترو بەپەلەتربێت لەخواستە
ئەتۆمییەکانی تاران، سەرەڕای گومانی هەندێک لایەن لەو خەمڵاندنانە.
