لەسەر داکۆکیکردن لەکۆڵبەران؛ مامۆستایه‌كى ئایینى بانگهێشتی دادگا دەکرێت

کوردستان

33 خولەک پێش ئێستا‌ 2072 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆی ڕەخنەگرتن لەکوشتنی سیستماتیکی کۆڵبەران‌و مامەڵەی توندی هێزە ئەمنییەکان لەسنورەکان، مامۆستا عەبدولڕەحمان فاتمی پێشنوێژی هەینیی گوندی (خواجامیر)ی سەر بەشاری بانە، بانگهێشتی دادگای تایبەت بەمامۆستایانی ئایینی لەشاری هەمەدان کرا.


بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فەرمانی بانگکردنی فەرمی ئاراستەی مامۆستا عەبدولڕەحمان فاتمی مامۆستای ئایینیی سوننە کراوە تاوەکو لەبەردەم دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدان ئامادەبێت.

هەرچەندە تائێستا ناوەڕۆکی وردی تۆمەتەكان دژی ئەو مامۆستا ئایینییە بەشێوەیەکی فەرمی ئاشکرانەکراوە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان جەختلەوەدەکەنەوە، بانگکردنەکەی ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەهەڵوێستەکانییەوە هەیە؛ چونکە ناوبراو لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا لەمینبەری نوێژی هەینییەوە، بەتوندی سەرکۆنەی کوشتنی کۆڵبەرانی کوردو هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی هێزە سنورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردبوو.