دوای 157 ساڵ چاوەڕوانیی مێژوو دەگەڕێتەوە؛ خورماڵی گوڵعەنبەر پێگە کارگێڕییەکەی خۆی وەک قەزا بەدەستهێنایەوە

کوردستان

33 خولەک پێش ئێستا‌ 1170 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پاش تێپەڕبونی زیاتر لەسەدەو نیوێک بەسەر گۆڕینی پێگە کارگێڕییەکەیدا، خورماڵ کە لەلاپەڕەکانی مێژودا بە(قەزای گوڵعەنبەر) ناسراوە، جارێکی دیکە پێگەی مێژویی خۆی بەدەستهێنایەوەو بەفەرمی وەک قەزایەکی سەربەخۆ لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە دەستبەکار بوەوە.


ئەم وەرچەرخانە کارگێڕییە، گەڕاندنەوەی شکۆو ناسنامەی مێژوییە بۆ ناوچەیەک کە لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا ناوەندێکی گرنگی بڕیارو بەڕێوەبردن بوە لەناوچەکەدا.

لەگوڵعەنبەری عوسمانییەوە بۆ قەزای خورماڵ
مێژوی کارگێڕیی خورماڵ بەچەند قۆناغێکی جیاوازدا تێپەڕیوە تا گەیشتوەتە ئەمڕۆ، خورماڵ ناوەندی سەرەکیی قەزای (گوڵعەنبەر) بوەو کەسایەتییە دیارەکانی وەک (موسابەگی بابان) لەنێوان ساڵانی (1740 بۆ 1780) پۆستی قائیمقامی ئەو قەزایەیان بەڕێوەبردوە.

لەساڵی 1869دا بڕیاردرا ناوەندی قەزاکە لەخورماڵەوە بگوازرێتەوە بۆ هەڵەبجە، هەرچەندە ناوی (گوڵعەنبەر) وەک ناوە فەرمییەکە تا کۆتایی‌و ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی هەر بەزیندویی مایەوە.

لەگەڵ هاتنی ئینگلیزەکان لەساڵی 1918دا، پێگەی خورماڵ لەقەزاوە بچوککرایەوە بۆ ناحیە، دوای زیاتر لەسەدەیەک‌و لەدوای دەرچونی بڕیارەکانی بەقەزاکردنی لەساڵانی (2023–2024)، دواجار لەتشرینی دوەمی 2026دا خورماڵ بەفەرمی وەک قەزا کەوتەوەسەر کارو (ئەرکان حەسەن) وەک یەکەم قائیمقامی قەزاکە دەستبەکاربوو.

پێگەی جوگرافی‌و سنورە ستراتیژییەکان
قەزای خورماڵ کە دەکەوێتە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، خاوەنی پێگەیەکی جوگرافیی گرنگ‌و بەرفراوانەو 46 گوند لەخۆدەگرێت، سنورەکانی بەمشێوەیە دابەشبون (له‌باکوره‌وه‌ هاوسنورە لەگەڵ قەزای پێنجوێن، له‌باشوریش هاوسنورە لەگەڵ ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەو له‌ڕۆژئاواوه‌ هاوسنورە لەگەڵ قەزای سەیدسادق‌و له‌ڕۆژهەڵاتیشه‌وه‌ هاوسنورە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان).

ناسنامەی کشتوکاڵی‌و کولتوریی
جگە لەگرنگییە کارگێڕیی‌و جوگرافییەکەی، خورماڵ بەسروشتە دڵگیرو بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی بەتایبەت بەرهەمهێنانی گوڵ‌و نەمام، ناوبانگێکی زۆری هەیە، هاوکات خاوەنی مێژویەکی دەوڵەمەندی شوێنەواریی‌و کولتورییە کە دیارترینیان مزگەوتی گەورەی خورماڵەو وەک ڕەمزێکی مێژویی‌و ناسنامەی شارستانیی ناوچەکە دەدرەوشێتەوە.