شارپرێس:
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمی ڕێنماییەکی نوێی سەبارەت بەمەرجەکانی سەلامەتیو تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو دەرکردو بڕیاریدا لەسەرەتای ساڵی 2027وە، بەڕێژەی 15٪ گومرگ لەئۆتۆمبێلە کارەباییەکان وەربگیرێت، هاوکات شێوازی وەرگرتنی رسوماتی تۆمارکردنیشی بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییو هایبرێدەکان یەکلاییکردەوە.
بەگوێرەی نوسراوێکی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆ (ڕێنمایی ژمارە 16ی ساڵی 2026) کە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی لەسەرەو هەمواری دوەمی ڕێنمایی ژمارە (14)ی ساڵی 2025، لەڕێکەوتی یهكى کانونی دوەمی 2027وە بڕیاردراوه بهوهى، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەتەواوی کارەبایینو هیچ جۆرە بزوێنەرێکی سوتەمەنییان (بەنزین، گاز، گازوایل، هایدرۆجین) نییە، بەڕێژەی 15٪ گومرگیان لێ وەردەگیرێت، بەڵام لەڕسوماتی تابلۆو ژینگە دەبەخشرێن.
ههروهها بڕیاردراوه، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بزوێنەری سوتەمەنییان تێدایە، بەڵام تەنها بۆ بارگاویکردنەوەی پاتری بەکاردێت نەک بۆ جوڵاندنی ئۆتۆمبێلەکە، بەهەمانشێوە 15٪ گومرگیان لێ وەردەگیرێت، هاوکات ڕسوماتی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی چوار پستۆنو سەرجەم ڕسوماتەکانی دیکەی تۆمارکردنیان لێ وەردەگیرێت.
ئهوهش هاتوه، "ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەم بزوێنەری سوتەمەنیو هەم پاتریی کارەباییان تێدایە، بهگوێرهى ژمارەی پستۆنەکانیان تۆماردەکرێنو سەرجەم ڕسوماتەکانی تۆمارکردنیان لێ وەردەگیرێت".
ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ دوای کۆبونەوەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی داراییو ئابورییو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ دێتو لەڕۆژنامەی (وەقایعی کوردستان) بڵاودەکرێتەوە.
