بەغدا ڕونکردنەوەیەکی بەپەلە لەسەر ڕاگرتنی بەشە غازی هەرێم دەدات؛ لە9ی مانگەوە تاکە کیلۆیەک غاز نەگەیشتوەتە سلێمانی

کوردستان

11 خولەک پێش ئێستا‌ 3099 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق ڕونکردنەوەیەکی فەرمیی لەبارەی نوسراوی ڕاگرتنی بەشە سوتەمەنیی کارگەو کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوەو جەختدەکاتەوە، بڕیارەکە غازی ماڵان‌و نەوتی سپی ناگرێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە بەرپرسانی سلێمانی ئاشکرایدەکەن، لەدوای هێرشەکەی سەر کۆرمۆرەوە، بەغدا بەڵێنی ناردنی ڕۆژانە 760 تۆن غازی نەبردوەتەسەرو تاکە کیلۆیەک غازی نەناردوە.


دوای ئەوەی بڕیارێکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق بۆ ڕاگرتنی بەشە غازی نرخی پاڵپشتیکراو بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی لێکەوتەوە، کۆمپانیاکە لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەداوه‌ کە نوسراوی ژمارە (22474) بەهیچ شێوەیەک ئەم دوو بڕگەیە ناگرێتەوە ئه‌وانیش (غازی شلی دابینکراو بۆ هاوڵاتیان (غازی چێشتلێنان)و کارگەکانی غازی شل لەهەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ نەوتی سپیی دابینکراو بۆ هاوڵاتیان).

سەبارەت بەپشکی کارگەو کۆمپانیا پیشەسازییەکانیش کە بڕیاری ڕاگرتنی کاتییان لەسەرە، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕونیکردوەتەوە، بەشە سوتەمەنییەکانیان خەرجدەکرێتەوە، بەمەرجێک پشتگیریی وەزارەتی پیشەسازیی / بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی بهێنن کە بیسەلمێنێت مۆڵەتی دامەزراندنیان دروستە، کارگەکە بەردەوامە لەکارکردن‌و بەرهەمە وەرگیراوەکە بەکردەیی وەک مادەی سەرەتایی بەکاردەهێنێت.

ئەم ڕونکردنەوەیەی بەغدا لەکاتێکدایە، عومەر عەبدوڵڵا سەرپەرشتیاری لیژنەی دابەشکردنی غاز لەقائیمقامیەتی سلێمانی ئاشکرایکرد، "لەڕۆژی 9ی ئەم مانگەوە تەنانەت یەک کیلۆ غازیش لەبەغداوە نەهاتوەتە شاری سلێمانی‌و هیچ شارێکی دیکەی هەرێم، بەڵام ئەو غازەی پێشتر کۆگامان کردبوو (خەزنی یەدەگ)، لەمکاتەدا بەهانامانەوە هات‌و دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیان کە تائێستا هیچ کێشەیەکمان نییەو غازی پێویستمان لەبەردەستدایە".

دوای هێرشەکەی شەوی 8ی تشرینی دوەمی 2026 بۆسەر کێڵگەی کۆرمۆرو وەستانی بەرهەمهێنانی غاز، لەڕۆژی 9ی مانگدا سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر داوای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕەزامەندیی دەربڕی کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ڕۆژانە 760 تۆن غازی شل ڕەوانەی هەرێم بکات تا دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لەکۆرمۆر، کە بەمشێوەیە دابەشکرابوو (300 تۆن بۆ هەولێر، 260 تۆن بۆ سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و 200 تۆن بۆ دهۆک)، بەڵام سەرەڕای دەرچونی بڕیارەکە، بەغدا بەبیانوی تەواونەبونی ڕێکارە ئەمنییەکان‌و ڕەزامەندیی کۆتایی وەزیری نەوت ناردنی غازەکەی دواخست‌و تائێستا هیچ بڕە غازێک نەگەیشتوەتە سلێمانی، ئەمەش بەرپرسانی کەرتی سوتەمەنیی ناچارکردوە پشت بەکۆگا یەدەگەکانی ناوخۆ ببەستن بۆ ڕێگریکردن لەسەرهەڵدانی قەیران.

بەپەلە