شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی درێژی ماڵپەڕی "The Cradle"، لە ماوەی سەرۆکایەتیی دووەمی دوناڵد ترەمپدا، پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی سیاسیی و بەرژەوەندییە داراییە تایبەتییەکانی ئەو و خێزانەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو تێکەڵ بووە؛ بە جۆرێک کە بڕیارەکانی کۆشکی سپیی و تەنانەت پۆستەکانی ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بازاڕە جیهانییەکان هەبووە.
یەکێک لە نموونە دیارەکانی ئەم دۆخە، ڕۆژی 9ی نیسانی 2025 بوو؛ کاتێک ترەمپ لە کاتژمێر 9:37ی بەیانی لە پلاتفۆرمی "تروپ سۆشیال" نووسیی: "ئەمە کاتێکی زۆر گونجاوە بۆ کڕین"، پاشان نزیکەی 4 کاتژمێر دواتر ڕایگەیاند کە بۆ ماوەی 90 ڕۆژ جێبەجێکردنی بەشێک لە باجە بازرگانییە بەرزەکان دوا دەخات. بەدوای ئەوەدا، پێوەری ستاندارد ئەند پوورز 9.5%، داو 7.9% و ناسداک 12.2% بەرز بوونەوە.
بەڵام پێنوێنە داراییەکان پرسیاری جددییان لەبارەی کاتی مامەڵەکانی ترەمپ درووست کردووە. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، لە 8ی نیسان، واتە یەک ڕۆژ پێش ئەو پۆستە، هەژمارەکانی ترەمپ 327 مامەڵەی کڕینی پشکیان ئەنجام داوە، بە بەهای زیاتر لە 3.6 ملیۆن دۆلار.
بەپێی ئامارەکانی بلومبێرگ، لە ساڵی 2025دا 21,285 مامەڵەی دارایی تۆمار کراوە کە 15,524 کڕین و 5,761 فرۆشتن بوون، بە کۆی بەهایەکی نزیکەی 600 ملیۆن تا 1.86 ملیار دۆلار. تەنیا لە 10 ڕۆژی بازرگانیدا نزیکەی چارەکی هەموو ئەو مامەڵانە ئەنجام دراون.
هەروەک لە 3ی شوباتدا 616 مامەڵە و دوای نزیکەی مانگێک 640 مامەڵەی دیکە تۆمار کراون، لە نیسانیشدا 446 مامەڵە لە 4ی نیسان ئەنجام دراون.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پێنوێنە داراییەکانی ساڵی 2025، هەروەها بەرژەوەندییەکانی ترەمپ لە کۆمپانیا گەورەکان وەک "ئینڤیدیا"، "مایکرۆسۆفت"، "ئەپڵ"، "ئەمازۆن" و "بۆینگ" ئاشکرا دەکەن؛ کۆمپانیاگەلێک کە بڕیارەکانی سەرۆکایەتیی دەتوانن کاریگەریی لەسەر داهاتیان هەبێت.
لە بواری دراوە دیجیتاڵییەکانیشدا، داهاتی پەیوەندیدار بە پڕۆژەکانی ئەو خێزانە لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 1.4 ملیار دۆلار بووە. لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆیتەرزیش قازانجی خێزانەکەی ترەمپی بە لانیکەم 2.3 ملیار دۆلار لە 4 پڕۆژەی سەرەکیی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە مەزەندە کردووە، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران زیانێکی نزیکەی 2.3 ملیار دۆلاریان ڕووبەڕووبۆتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای "ترامپ میدیا" خاوەنی پلاتفۆرمی "تروپ سۆشیال"، خزمەتگوزاریی "Truth API"ی پێشکەش کردووە کە بە کۆمپانیاکانی مامەڵەی خێرای دارایی ڕێگە دەدات پۆستەکانی ترەمپ بە خێراییەکی زۆر بەرز وەربگرن. نرخی مانگانەی ئەم خزمەتگوزارییە لە 60 هەزار تا 100 هەزار دۆلار مەزەندە کراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ هێشتا بەرژەوەندییەکی دارایی گەورەی لە کۆمپانیاکەدا هەیە.
ڕاپۆرتەکە هەروەک ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێک لە کارمەندانی کۆشکی سپی، بەهۆی بەکارهێنانی زانیاریی پێشوەختەی وتارەکانی ترەمپ بۆ مامەڵەی دارایی سزا دراوە؛ بە جۆرێک کە ناچار کراوە 107,539 دۆلار بگەڕێنێتەوە و 65 هەزار دۆلار سزای دارایی بدات.
لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە ئەم ڕەفتارانە بە نموونەیەکی گەورەی تێکەڵبوونی دەسەڵاتی گشتیی و بەرژەوەندیی تایبەتیی دەزانێت. هەرچەندە ئەم ئاشکراکردنانە بە تەنیا بەڵگەی تاوانبارکردنی ترەمپ نین، بەڵام ژمارەی زۆری مامەڵەکان، قەبارەی پارەکان و هاوکاتیی نێوان بڕیارە سیاسییەکان و جووڵەی بازاڕ، پرسیاری جددی لەبارەی گەندەڵیی دارایی و ناکۆکیی بەرژەوەندییەکان دروست دەکەن.