شارپرێس:
سەرچاوەیەکی تایبەت لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وردەکاریی نوێ لەبارەی کاتی دەرکردنی بڕیارە توندەکانی ئەمڕۆی عەلی زەیدیی بۆ (شارپرێس) ئاشکرادەکاتو ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم بڕیارەکانو پەیامە ڤیدیۆییەکەی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سێ ڕۆژ پێش ئێستا دەرکراونو تۆمارکراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە تایبەتە بۆ شارپرێس، بڕیارەکانی ئەمڕۆ سێشەممەی سەرۆکوەزیرانی عێراق تایبەت بەکۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان، کێڵگە نەوتییەکانو دورخستنەوەی فەرماندە سەربازییو بەرپرسانی کەرکوک، لەبنەڕەتدا سێ ڕۆژ لەمەوبەرو بەر لەسەردانەکەی عەلی زەیدیی بۆ وڵاتی میسر واژۆکراونو یەکلاییکراونەتەوە.
سەرچاوەکە ئاشکراشیکرد، پەیامە ڤیدیۆییەکەی سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش کە ئەمڕۆ بۆ ڕای گشتیی بڵاوکرایەوە، لەهەمان ڕۆژدا واتە سێ ڕۆژ پێش ئێستا تۆمارکراوەو تەنها کاتی بڵاوکردنەوەکەی دواخرابوو.
لەبارەی چارەنوسی پۆستە بەتاڵەکانو جێگرەوەی ئەو بەرپرسانەشی کە ئەمڕۆ لەکارەکانیان دورخرانەوە، سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شارپرێس جەختیکردەوە، "هەر سێ ڕۆژ پێش ئێستا بەفەرمانی ڕاستەوخۆی عەلی زەیدیی، شوێنگرەوەکان دیاریکراونو پێیانڕاگەیەندراوە، خۆیان ئامادەبکەن، تاوەکو ڕاستەوخۆ دوای ئاشکراکردنی بڕیارەکان دەستبەکار ببنو هیچ بۆشاییەکی ئەمنیو کارگێڕیی دروستنەبێت".
