نێچیرڤان بارزانی: بە هەموو شێوەیەك ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە زمانێكی سەربازی ڕەت دەكەینەوە

کوردستان

19 خولەک پێش ئێستا‌ 66 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "بە سەرسووڕمان و نیگەرانییەكی قووڵەوە ڕاگەیەندراوەكەی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقمان بیست، بەتایبەتی لە كاتێكدا كە گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵدا بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەردەوامە".

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئێمە بە هەموو شێوەیەك ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە زمانێكی سەربازی ڕەت دەكەینەوە. ئەزموون سەلماندوویەتی كە ئەم شێوازە هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات و لە بەرژەوەندیی عێراق و هیچ لایەنێكدا نییە".

ڕونیشیكردەوە "هەرێمی كوردستان وەك هاوبەشێكی سەرەكی لە بنیاتنانی عێراقی نوێ و داڕشتنی دەستورەكەیدا، وێڕای پشتیوانی لە پاراستنی سامانە نیشتمانییەكان و جێبەجێكردنی یاسا، جەخت دەكاتەوە كە پەیوەندیی هەولێر ـ بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان، دەبێت لەسەر بنەمای دەستور، ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستوری و مافەكانی هەرێمی كوردستان و پابەندبوون بە بنەماكانی هاوبەشی و لێكگەیشتن بێت".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد "لەم قۆناغە هەستیارەدا، جەخت لە گرنگیی تەبایی و یەكڕیزیی كوردستانی دەكەینەوە و داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەكەین بە دانایی و بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە مامەڵە بكەن. هێز و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، هێز و سەقامگیریی عێراقە و ڕێزگرتن لە دەستور و فیدراڵی، گەرەنتیی داهاتووی هاوبەشمانە".