شارپرێس:
حکومەتی عێراق لەڕاگەیەندراوێکی توندو یەکلاکەرەوەدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە بڕیارو ڕێکارەکانی ئەمدواییەی بەغدا بەهاندانو فشاری دەرەکی دەبەستنەوە، جەختیشدەکاتەوە، سەرجەم هەنگاوەکانی لەئیرادەیەکی سەربەخۆو دەسەڵاتە دەستوورییەکانەوە سەرچاوەیانگرتوە.
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کۆماری عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواوو دیموکراسیی فیدراڵییە، دەسەڵاتەکانیو ڕەوایی دامەزراوەکانی لەدەستورو ئیرادەی گەلەکەیەوە سەرچاوەدەگرێت، هاوکات حکومەت بەسەربەخۆیی تەواوو بهگوێرهى یاساو بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان ئەرکەکانی جێبەجێدەکات.
بەغدا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندوە، بڕیاری عێراقی پرسێکی تەواو نیشتمانییەو ئەو ڕێکارانەی حکومەت لەناو سنورە نێودەوڵەتییەکانی عێراقدا دەیانگرێتەبەر، پشت بەدەسەڵاتە دەستورییو یاساییەکان دەبەستنو بەهیچ شێوەیەک وەڵام نین بۆ هاندان، سەپاندن یان ئاراستەکردن لەهیچ لایەنێکی دەرەکییەوە.
لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختکراوەتەوە، "حکومەتی عێراق ڕەوایی بڕیارەکانی لەهەڵوێست یان ئاراستەی دەوڵەتانەوە وەرناگرێتو چاوەڕێی هاندانی هیچ کەسێک ناکات بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە دەستورییو سەروەرییەکانی، بەڵکو بهگوێرهى ئەوەی بەرژەوەندیی باڵای عێراقو پێداویستییەکانی ئاسایشو سەقامگیریی دەیخوازن هەنگاو دەنێت".
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا بەغدا پەیامێکی پوختی بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت، "بڕیارمان عێراقییە، ئیرادەمان نیشتمانییە، مەرجەعییەتمان دەستورو یاسایەو بەرژەوەندیی باڵای عێراق ئەو پێوەرەیە کە هەڵوێستو ڕێکارەکانمان دیاریدەکات".
