شوێنگره‌وه‌ى وائیلی ده‌ستنیشانكرا.. حزبوڵڵا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕەتدەکاته‌وه‌

عیراق

15 خولەک پێش ئێستا‌ 1310 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شەوی ڕابردوو حکومەتی عێراق دەستنیشانکردنی سەرۆکێکی نوێی بۆ دەستەی دەروازە سنورییەکان ڕاگەیاند، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ قەیرانی بەقاچاخبردنی نەوت کە کاردانەوەو هەرایەکی گەورەی لەعێراقدا دروستکردوە.


عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەسەن کازمی ڕاسپاردوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکان لەشوێنی عومەر وائیلی.

پێشتریش، زەیدیی زنجیرەیەک بڕیارو ڕێکاری پەیوەست بەدۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لەکۆمپانیای نەوتی باکور دەرکردبوو، یەکێک لەوانە بەخشینی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکان بوو لەپۆستەکەی.

ئەم بڕیارانە لەکاتێکدان کە زەیدیی گەمارۆو فشارەکانی بۆسەر کەتیبەکانی حزبوڵڵا (کە بەهێزترین هاوپەیمانی ئێرانە لەنێو گروپە چەکدارەکانی عێراقدا)و بەرپرسە باڵاکانی عێراق توندترکردوەتەوە کە تۆمەتبارن بەبەڕێوەبردنی تۆڕێکی قاچاخچێتیی نەوت لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوداو بەدەستهێنانی سەدان ملیۆن دۆلار لەو ڕێگەیەوە.

لەبەرامبەردا، کەتیبەکانی حزبوڵڵا کە یەکێکە لەدەیان گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی تاران، ئەنجامی لێکۆڵینەوە فەرمییە باڵاکانی تایبەت بەتۆڕی بەقاچاخبردنی نەوتی ڕەتکردەوە.

هەروەها زەیدیی ڕێنمایی دەرکردوە کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بەڕێوەبردنی ئەو کێڵگە نەوتییانە بگرێتە دەست کە لەژێر کۆنترۆڵی هه‌رێمى کوردستاندان، ئەمەش وەک هەنگاوێکی پڕ مەترسی دەبینرێت کە ڕەنگە ببێتە هۆی قوڵبونەوەی زیاتری گرژییە درێژخایەنەکانی نێوان بەغداو هەرێمی کوردستان.