سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم هۆشداریدەداتە بەغدا: زمانی زەبرو هێز سەقامگیریی عێراق دەخاتە مەترسییەوە

کوردستان

13 خولەک پێش ئێستا‌ 2035 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپەیامێکی دەستوریدا کە ئاراستەی حکومەتی عێراقی کردوە، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، لێدوانەکانی ئەمدواییەی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی بە"جێی مەترسی‌و نیگەرانی" وەسفکردو جەختیکردەوە، دەستور بەڕونی ماف‌و دەسەڵاتەکانی نێوان هەولێرو بەغدای دابەشکردوە؛ هۆشداریشیدا لەوەی، پەنابردن بۆ زمانی زەبرو هێزو گرتنەبەری ڕێکار لەدەرەوەی چوارچێوەی دەستور، نەک هەر دادپەروەری بەدیناهێنێت، بەڵکو ئارامی‌و سەقامگیریی گشت عێراق دەخاتە مەترسییەوە.


دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم لێدوانەکانی ئەمدواییەی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دژی هەرێمی کوردستان بە"جێی مەترسی‌و نیگەرانی" ناودەبات‌و داوادەکات کێشەکان بەدەستورو یاسا چارەسەربکرێن نەک زمانی زەبرو هێز.

لەڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردوەتەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە، دەستوری عێراق بەڕونی شێوازو ڕێکارەکانی پەیوەندیی‌و دابەشکردنی ماف‌و دەسەڵاتەکانی لەنێوان هەرێمی کوردستان‌و دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا دەستنیشانکردوە.

دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن جەختیکردوەتەوە، پێویستە کێشەو گرفتەکان لەسەر بنەمای دەستور، یاسا، ڕێزگرتن لەگفتوگۆو ڕێککەوتنەکان چارەسەربکرێن، نەک بەکارهێنانی زمانی زەبرو هێز، چونکە بەوتەی ئەو "خزمەت بەهیچ لایەنێک ناكات‌و ئارامی‌و سەقامگیریی عێراقیش دەخاتە مەترسییەوە".

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم داوای لەحکومەتی فیدراڵی کردوە بەردەوامبێت لەدۆزینەوەی چارەسەری دەستوریی بۆ کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان‌و هۆشداریشیداوە، هەر هەوڵ‌و ڕێکارێک لەدەرەوەی چوارچێوەی دەستوریی‌و یاساییدا دادپەروەری بەدیناهێنێت‌و زیان بەگشت عێراق دەگەیەنێت.

بەپەلە