هەموو ئەو وێنە و لێکەوتانەی کە هەندێک کەسی
ناو تیکتۆک بەخشیوێتی بە کۆمەڵگە و بە ئاسانی جێگەی خۆیان لەسەر زاری تاکەکانی دیکەی
کۆمەڵگە گرتووە، پەیوەستە بە وشیاری خودی کۆمەڵگەکەوە، لە کۆمەڵگەی وشیار و رۆشنبیردا،
ئەم کارەکتەرانەی ناو تیکتۆک هێندە کارەکتەری بەهێز و هەڵگری شوناسێکی جیهانی و گەورە
نین، تاکو بەئاسانی ببنە ترێند.
کۆمەڵگەی کوردی، خراپترین هێزی بەرگری هەیە لە
بەرامبەر ئەو وێنەدانەوەیەدا کە رۆژانە دەنگ و وشە و کارەکتەرە جیاوازەکانی ناو تیکتۆک،
دەینێرن بۆ تاکی کوردی، چونکە خودی کۆمەڵگاکە ئاستی رۆشنبیری لەئاستی ئەوان بەرزتر
و زۆرتر نییە، ئەمەش واتە بێهێزی و نادیاری شوناسی تیکتۆکچییەک لەناو بێهێزی و نادیاری
شوناسی کۆمەڵگەکەیدا.
بە مانایەکی دیکەش ئەوەی لە تیکتۆک زوو دەردەکەوێت
لە کۆمەڵگەی وشیاردا زوو دەرناکەوێت و ئاسان نییە لە کەمترین ماوەدا بگاتە لوتکەی
ناسین و بەناوی کۆمەڵگەیەکەوە قسەبکات و نێرەری پەیام و هەڵگری مانای نوێنەرایەتیکردنی
کۆمەڵگە و روخساری رۆشنبیرییانەی ئەو کۆمەڵگەیە بێت.
بەزۆرینەیی تاکی کورد، چونکە کەمترین وشیارییمان
هەیە، لەکەمترین ماوەدا هەموو ئەوانەی لە تیکۆکەوە دەردەکەون دەیانکەین بە کارەکتەر
و خاوەن مادەی زۆر و دەیانکەین بە خاوەن ناسنامە و شوناس، بۆیە ئێستا کۆمەڵگەی
کوردی یەکێکە لەو کۆمەڵگەیانەی مرۆڤەکانی ناو تیکتۆک وەک "هێزی نەرم" و
شوناسەکەی دەردەخەن و هەر ئەوانیش هەڵگری زمانن و لەو رێگەیەوە قوڵایی توانا عەقڵی
و رۆشنبیرییەکەی تاکی کورد کەشف دەکەن.
ئەگەر توانای هەر تاک و هاووڵاتییەک جگە لە چەند
وشە و دەربڕینێکی تیکتۆکچییەکان هیچیتر نەبێت، ئەوا دوو مانای لێدەخوێنرێتەوە، یەکەمیان
مانای ئەوەیە کە کۆمەڵگەکەی توانای بیرکردنەوە لەدەست دەدات و هەموو وشە و هاتنەگۆیەکیان
دەبێتە موڵکی ئەوێکی دیکە کە هیچ سوودێکی گشتی نییە و لەتیکتۆکەوە قسە دەکات، دووەمیان،
کۆمەڵگەیەکی بێبەرهەمی زانستی و کۆمەڵگەیەک دروست دەبێت کە دەتوانرێت لە روانگەی تیکتۆکچییەکانییەوە
بناسرێتەوە و تەنانەت بجوڵێنرێتیش.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی