مەترسییەکانی خراپیەکانی حوکمڕانی هەرێم

28/06/2024

ئیبراهیم عەباس

· 


➠بەغدا و کۆمەلگای نێودەوڵەتی، پشتیوانی هەر دەستێکی چاکەخوازن، گەر بخوازن ئەم سیستەمە رزیوەی حوکمڕانی کوردی بگۆڕن.
➠ هەموومان بەر رقی سیاسی کەوتووین، لەم هەرێمە بۆ زۆرینەی خەڵکی جگە لە هەوا، کەس مافی خۆی بەقەدەر ئەرک پێ نادرێت.
➠ دەزانم ناڕازیبوون بووەتە پرسی رای گشتی و هەموو خەڵک، بەڵام ئەوەندە بەس نییە، گرینگ پەند وەرگرتنە بۆ هوشیاری و بیرو کاری عاقڵمەندانە.
.........................
بۆ ئەوانەی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، لەم سەدەیەش نزیکەی چارەگە سەدیەکیان ژیان بەڕێکردووە، دەزانن و باش حاڵین کە حوکمڕانی کوردی چۆن بۆ نوخبەیەک و بۆ کەسانی هاوئاوازیان بوویتە مێرگ و بۆ خەڵکیش بەگشتی ژیان بەم هەموو ناتەواویانەوە بوویەتە جۆرێک لەسەڕاب.
ئەوەندە بەسە کە تێبگەین مادەم بە سی و سێ ساڵ، کێشە کارەباو ئاو چارەسەرنەکراوە، رێگاو بانەکان یەک سایت و هەڵتەکاون، ئەو قوتابخانەی خۆمان، باوک و تەنانەت باپیرمان دەرسیان تێدا خوێند بۆ مناڵەکانمان و نەوەکانمان وەکو خۆیانن، یان کەمێکی سادە گۆڕاون. لە رووی سیاسیش چۆن لە نەوەدەکان بەبەهانەی جەلالی و مەلایی و لایەنداری حزبەکانی تر، دەسەڵات، خەڵکی دەگرت و دەکوشت، ئێستا بەجۆرێکی تر بگرە ترسناکتر بەردەوامە، چونکە ئەو رۆژگارە ئەوانەی بەرقی سیاسی دەکەوتن تەنها کەسێک بوو،  زوڵمەکەش زیاتر هەر بۆ ئەو کەسەبوو، بەڵام ئێستا هەموومان بەر رقی سیاسی دەکەوین. لەم هەرێمە بۆ زۆرینەی خەڵکی جگە لە هەوا کە هی پەروەردگارە، کەس مافی خۆی بەقەدەر ئەرک پێ نادرێت.
خراپییەکانی سیستەمی حوکمڕانی هەرێم سەرچاوەکەی نوخبەیەکی بچوکە، لەگەڵیدا ئەرباب و دەربارەکانیان، کە هەڕچی خزمەتگوزاری و پێویستی ژیان هەیە دەستەبەرە بۆخۆیان، بۆ خەڵکەکەش لەدانولە و کوڵاندنی ساوەر، ئاوەکەش کە بۆ رژاندنە پێان نادرێت.
دەزانم ناڕازیبوون بەتەواوی فۆرمەلە بووەو بووەتە پرسی رای گشتی و هەموو خەڵک، هەربۆیەش هەرچی زاری بکاتەوە ناڕازییە، بەڵام ئەوەندە بەس نییە، گرینگ پەند وەرگرتنە لەم هەموو ناڕازیبوونە بۆ هوشیاری و بیرو کاری عاقڵمەندانە.
تۆی هاوڵاتی کە نیوەی تەمەنت یان زیاتری، مناڵەکانیشت دەشێت هەموو تەمەنیان بەفیڕۆ بڕوات، بۆچی رازی دەبیت بەنەچوونی خۆتان بۆ دەنگدان دەسەڵات دەنگەکانتان بە ساختە بۆ خۆی ببات؟ چ حیکمەت لەوە دایە هەموو ژیانمان لەسەرەی بەنزین و نۆبەتی کارەبای نیشتمانی و ئاو رێگای یەک سایت و قوتابخانەو خوێندگای 40 قوتابی لەیەک پۆلدا بەسەر بچێت، بەڵام بۆ 12 کاتژمێر لە رۆژی دەنگدان، ئامادەنەبین کاتژمێریک بچین بۆ دەنگدان؟
خراپی سیستەمەکە، زوڵم و تەعدای ئەم دەسەڵاتە لەبەر ئەوەیە پیاوانی حوکمڕانی پێیان وایە هاوشێوەی خۆیان و ماڵ  و مناڵیان،  خەڵک لە خۆشبەختیداو بێ ئاریشەو گرفت دایە، هەر بەڕاست لێیان بپرسی دەڵێن ئەم خەڵکە چیتریان لەمە زیاتر دەوێت؟! 
حوکمڕانی و خراپییەکانی بۆ کۆمەڵێک کەس ماونەتەوە، هەروەکو نازونیعمەتی تاڵانکاری وڵاتیش بۆ خۆیانە، لەبەر ئەوە هەقە خەڵکیش جیاکاریان لەگەڵ بکات و چیتر دەنگیان پێ نەدات، تەنانەت ئەگەر کەمێکیش لەم سیستەمە سودمەندبێت، یان تێکەڵاوی کاری حزبیان بووبێت، چونکە هەر دەروازیەکی بچوک بۆ گۆڕانکاری رووبدات، خەڵکانی هێندە دڵسۆز لەم وڵاتەدا هەیە، دەتوانن کەمێک دۆخەکە بگۆڕن، هەر ئەوەندەشە کەمێک گۆڕانکاری بوو، دەرگا گەورەکە واڵا دەبێت. بێگومان بن، بەغدا و کۆمەلگای نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکاو وڵاتە ئەوروپییە کاریگەرەکان، پشتیوانی هەر دەستێکی چاکەخواز دەبن، گەر بخوازن ئەم سیستەمە رزیوەی حوکمڕانی کوردی بگۆڕن، یان لانی کەم چاکبکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی