ئەنکیدۆ ، هۆ ئەنکیدۆ…مردن تاکە دڕندەی
تۆقێنەرە کە بەسەرماندا زاڵ بوو و تۆی لەمن
و لە لەژیاندا سەندەوە و ، بەتەنیا جێتهێشتم
بوومە بەندی خەمەکانم .
گلگامێش
(ئێمە تەمەنمان
گەورە نابێت کاتێ مێژوو بە پەنجەی خۆی ئاماژە بۆ ڕۆژە دوورەکەی لەدایکبوونمان بکات
، ئێمە گەورە نابین کاتێ پیری پێستەی سەرمان دابخورێنێ ، ئێمە گەورە نابین کە ددانەکانمان
بێ پرسی ئێمە کۆج دەکەن پاش چەندین دە ساڵەی کاری ماندوکەرەوە ، گەورە نابین کە لە
ژیاندا پەککەوتەدەبین بێ چاویلکەی نووساو بە چاومانەوە ، تەمەن گەورە دەبێت کاتێ
ئازیزێکی ئێمە لە ژیان ون دەبێ و دواتریش مەرگ لێمان دەیدزێ ، تەمەنمان گەورە دەبێ
کاتێ گوێمان داخوازی وشەیەکی ڕاکردوو خۆشەویستی دەکات تەنانەت گەر بەڕێکەوتیش بێ ،
گەورە دەبین کاتێ ڕەشەبای وەرزی پایز بەسەر پەیوەندیەکانمان توند هەڵبکات و لەدەوروبەرمان لەپڕ مەرگ بیانخاتە
خوارەوە ، گەورەدەبین کاتێ دەستدەگرین بە کلکی پێکەنینێکی ساختە لەگەڵ کەسێکی فەوتاودا
، گەورە دەبین کاتێ ڕۆژ هەڵدێ و ئاوا دەبێ بێ ئەوەی کەسێک بدۆزیتەوە بەشداری بکات
لە وردودرشتی ساکاریەکانمان ، گەورە دەبین کاتێ دڵمان پیر دەبێت )
ئەمە قسەی خانمە نوسەری
تورک « ئەلیف شەفەق » خاوەنی ڕۆمانی « چل ڕێساکەی عیشق »ە کە بەگوزارشتێکی جوان
مانای پێگەیشتویی و پیریی دەخاتەڕوو ، ئەمە پێمان دەڵێت کە پێشکەوتنی مرۆڤ تەنها لەگەڵ
هەڵکشانی تەمەن نایەتەوە ، بەڵکو لەگەڵ ئەزموونی سۆزداری و روحیی کە پێیدا تێپەڕ دەبێت
، لەوانە لەدەستدانی ئازیز و تێکچوون و پشێوی پەیوەندیەکان و هەستکردن بە تەنیایی
، هەموو ئەمانە بەشدارن لە گەشەی ناوەوەی مرۆڤ و پێکهێنانی کەسایەتیمان ، مردن لەمیانی
جۆراوجۆردا بەدوامانەوەیە ، کاتێک خۆشەویستێکت یان هاوڕێیەکی دەمرێت ئازار دەمانچەمێنێتەوە
و خەم داماندەگرێت ، چونکە کۆچکردوو بەشێک بووە لە ژیانمان بە ڕۆیشتنی ئەو بەشە لە
ژیانمان دەمرێت ، بەڵام هەر ئەمە دڵ پیر ناکات ، بەڵکو خۆ دوورگرتن لە ژیان و پەیوەندیان
و گفتوگۆنەکردن لەسەر سیاسەت و هونەر و سینما و هونەری شێوەکاری و شایی و سەما… تاد دڵ پیر دەکات ، بۆئەوەی بەڕاستی
هەست بەژیان بکەیت دەبێت «ئەوەی تر» بدۆزیتەوە لێت بپرسێت و لێی بپرسی و لەگەلیدا
بژیت هەتا ئەگەر لێشت دوور بێت ، « من قبوڵت دەکەم ڕێزت دەگرم هەتا ئەگەر مانگا بپەرستی
» سحری بوونی ئەوەی تر لە ژیانتدا بە ڕەنگاوڕەنگەوە گەشە دەکات ، ئەگەر تۆ تەمەنت
25 ساڵ بێت و خۆت گۆشەگیر کرد و وا هەستبکەیت کە دەرکراوی لە بەهەشتی مرۆڤایەتی و
دوور بیت لە خۆشەویستی و بەشداریکردن لە ڕاگۆڕینەوە لەسەر کایەکانی ژیان ، ئەوە تۆ
پیری ، پێچەونەش ئەگەر تەمەنت 80 ساڵ بێت ئەو بەشداریانەت هەبێت تۆ دڵێکی گەنجت هەیە
، ئێمە چۆن بتوانین خۆمان لەگەڵ ئەو هەموو هاودژیەی کە دەورەی داوین بگونجێنین ، ئەمە
بە خۆشەویستی و هاوڕێتی و پەیوەندیەوە دەبێت ، ئەمە دڵ پیر ناکات ، بێ خۆشەویستی دەسەڵات
ناتوانێت لەگەل گەلەکەی سەربکەوێت بەهەمان شێوە باوکیش لەگەڵ منداڵەکانی و مێردیش
لەگەڵ ژنەکەی و هاوڕێش لەگەڵ هاوڕێکەی ، ناخۆشیەکانی جیهان هۆکارەکەی غیابی خۆشەویستیە
، خۆشەویستی دەیان وێنەی جۆراوجۆری هەیە لە ژیانماندا وەک : بەخشش ، لێبووردەیی (
تۆ هەڵەت کرد و من تەنازولم کرد ) ، ئەمە دڵی لاوی کەسێکە با لە تەمەنی هەشتا ساڵیش
دابیت کە بتوانیت خزمەتێک یان بەرژەوەندیەک پێشکەش کەسانی تر بکەیت ، گوزارشتێک هەیە
کە دەڵێت 🙁 مرۆڤ بەختەوەری لە خۆشەویستی ئەوانی تردا دەبینێتەوە بێ ئەوەی
هیچ بەرژەوەندیەکی لەو خۆشەویستیەدا هەبێت و بێ چاوەڕوانی یان وەرگرتنی بەرانبەرێک
لێی ) ، کاتی خۆی سەقامگیری لە ماڵدا بە پانکەیەک و سەلاجەیەک و تەلەفزیۆنێک بوو ڕۆژنامەیەکیش
دەکڕی بۆ خوێندنەوە و لەسەر سەری خۆت داتدەنا لەترسی گەرما ، ئەوکات پەیوەندیەکان
لەوپەڕی گەرموگوڕیدا بوو ، ئێستا ئۆتۆمبێلت
هەیە ، خانووت هەیە و ژنت هێناوە و منداڵت هەیە و دەچیە سەفەر ، چیترت دەوێت ؟ پارەی
زیاتر و پارەی زیاتر ؟ بەوە ناوەستی دەست دەخیتە گیرفانی کەسانی تر ، دەست دەخریتە
دڵیان و روحیان ، بەڵام دواجار روحت ژەنگ هەڵدێنێت و خودی خۆت دەئاوسێت و بەسەرگردانی
لە بیاباندا دەبیت و وەک زیندوێکی مردوو دەمینێیتەوە
.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی