هەڵبژاردن لەئیران ، چاوەڕوانی لەعیراق !

29/06/2024

بەختیارشاوەیس


هیچ کات بەهێندەی ئێستا ، ئیران کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی عیراق نەبوە. ئەڵبەت لەدوای رووخانی ڕژێمی بەعسەوە لەساڵی ٢٠٠٣.
لە قوڵایەکەیدا ئەم فاکتە ، دەرهاویشتەی گۆرانکاریە سیاسیە ناوخۆییەکان و جیۆسیاسیە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە عیراق و ئیرانن.
لەسەرئاستی ناوخۆی سیاسی عیراق، حاڵی حازر حکومەت و زۆرینەی پەرلەمان  بەدەست ئەو هێزانەوەن کە نزیکن لەئیرانەوە، لەمەش زیاتر بگرە زۆر جار دادگای باڵا بەوە تۆمەتباردەکرێ کە بریارەکانی وابەستەی بەرژەوەندیەکانی تارانە. کە هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی سێ قۆڵی سەدر _حەلبوسی _ بارزانی و دواتر دەرچوونی سەدر لەیاریەکە سەرەتایی خولقاندنی ئەم تابلۆ سیایەیە. هەروەک لەلایەکی دیکەوە پاشەکشەی رۆڵی ئەمریکیەکان لەسەردەمی دیموکراتەکان و دانانی مەلەفی عیراق وەک ریزبەندی پلە دوو و خوارتر لەناو مەلەفی وەزارەتی دەرەوەی ئیدارەکەی بایدن هۆکاری دیکەی بەهێزبوونی هەژموونی ئیرانیەکانە لەعیراق. وە ئەم پاشەکشەیە تەنانەت بەشێوەیەکە کە لەیەکەم دیبەیتی بایدن و ترامپ هەستی پێکراو هەردوو کاندیدەکە ئەوەندەی باسیان لە شەری ئۆکراین و غەزە و چین و کۆریای باکوور دەکرد، بەنیو هێندە تیشکیان نەخستە سەر عیراق ، لەکاتێکدا سەردەمانێک ئەم وڵاتە مادەیەکی گەورەی میدیایی بوو بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر دەنگدەری ئەمریکی.

تادرەنگانێ شەوی رابردوو، ئیرانیەکان بەدرێژکردنەوەی چوار جاری ماوەی دەنگدان سەرگەرمی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بوون بۆ وڵاتەکەیان. لەمرۆیشدا کەئەنجامەکان دەرکەوتوون و هیچ کام لەمەسعودی پزشکانی باڵی ریفۆرمخواز و سەعید جەلیلی باڵی ئسوڵگەرا نەیانتوانی دەنگی پێویست بهێنن، ئیتر هەینی داهاتوو دەبێتە رۆژی دیاریکردنی سەرۆکە نوێیەکە.

ئەم هەڵبژاردنە نەک بەتەنها لەناوخۆ ، بەڵکو بۆ ناوچەکە و بۆ وڵاتانی ئیقلیمی و عیراق بەتایبەتی ، لەبارودۆخێکی نائاسایی و تایبەتدا ئەنجام دەدرێت، کەدەکرێ لێکەوتەکانی دواجار ببنە هۆکاری شیکردنەوەی ئەو واقعەی کەدێتە ئاراوە، لەو روانگەوە کە:

یەک. هەڵبژاردنەکە پێشوەختە و لەدوای روودانی کەوتنە خوارەوەی فرۆکەکەی سەرۆک کۆمار ئیبراهیم رەئیسی و هاوڵەکانیەوە بەشێوەیەکی نائاسایی ئەنجام دراوە.

دوو. پرسی جێگرەوەی رابەری باڵا لەهەموو کات زیاتر دەکەوێتە دوای دیاریکردنی سەرۆکی نوێ.

سێ. ناوەندی بڕیار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەگۆرانکاریەکی دراماتیکی تێدەپەرێت. گەرانەوەی ترەمپ بۆ ناو کۆشکی سپی لەهەموو کات زیاتر نزیکە. بەتایبەتی لەدوای ئەدای خراپ و لاوازی دژەکەی کە بایدنە. گەرانەوەی ترەمپیش ئۆتۆماتیکی واتای توندبوونی سیاسەتی ئەمریکا لەگەڵ ئیران و هاوپەیمانەکانی لەرۆژهەڵاتی ناوەراست.

چوار.هەڵبژاردنەکە لەکاتێکدایە کە ناوخۆی ئیران لەشڵەژانی ئابووری و بومەلەرزەی سیاسیدا دەژی.
لەرووی ئابووریەوە، تاران داڕماوە، گەمارۆ بەردەوامەکانی خۆرئاوا بڕستی لەبەر بریوە. گەشتوەتە ئەوەی کەحکومەتی ئیران ١١٢ ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی لەسەرە. هەڵاوسان ٪٤٣ یە واتە لەساڵێکدا نرخی شتومەک نزیکەی نیو هێندە بەرز دەبێتەوە. رێژەی بێکاری ٪٢٠ واتە نزیکەی شانزە ملیۆن گەنج بێکارن. رێژەی هەژاری گەشتوەتە ٪٢٦ واتە نزیکەی ٢٣ ملیۆن کەس داهاتای رۆژانەی کەمترە لە یەک دۆلار و نیو. دراوی ئیران بەتەواوی بەهای لەدەست داوە بەجۆرێک ٦٠ هەزار تمەن بەرامبەر یەک دۆلاری ئەمریکیە. ناوخۆی وڵاتیش لەدوای سێ خۆپیشاندانی جەماوەری پرلەتوندوتیژی کەئەوەی ژینا ئەمینی دیارترینیان بوو توشی شۆکی سیاسی بوە. کەهەموو ئەمانە بونە هۆکاری ئەوەی کە رێژەی بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە کەمترین رێژەیە لەدوای سەرکەوتنی شۆرش لەفیبرایەری ١٩٧٩ و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئیران بەوەی ٪٤٠ ی خەڵک چونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان. لەکاتێکدا کە لە دواهەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەشداریەکە ٪ ٦٦ و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ٪٥٩ بووە.

بەپێی دەستوور و عورفی سیاسی ئیرانی ، سەرۆککۆمار داماڵراوە لەکاریگەری راستەوخۆ لەسەر مەلەفەی دەرەکی. سەرۆک کۆمار زیاتر رەسمی سیاسەتی ناوخۆیی و خزمەتگوزاری دەکات. لەبری ئەمە رابەری باڵا بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەم مەلەفە بەرێوە دەبات ، چونکە وەزیری دەرەکی دەبێت ئۆکەی رابەری هەبێت. لەناو وەزارەتی دەرەوە مەلەفی ئەتۆم و دانوستان هەیە کە راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ڕابەرەوە. ئەمە جگەلەوەی کە سوپای قودس سەرپەرشتی گروپە چەکدارەکان و هاوپەیمانەکانی ئیران دەکات لەعیراق، سوریا، لوبنان، یەمەن، حەماس، بەحرەین، هەروەها رۆڵی یەکلارەوە دەبینێت لەدانانی باڵوێز و قونسوڵ لەو وڵاتانەدا. کەئەم سوپایە ئیستا لەدوای حاجی قاسمی سولەیمانی ، ئیسماعیل قائانی فەرماندەیی دەکات و راستەوخۆ بەستراوەتەوە بەڕابەری باڵاوە.

هەربۆیە: هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئیران پێناچێ راستەوخۆ گۆرانکاری لە سیاسەتی تاران لەعیراق دروست بکات، بەڵکو لە واقعدا وادەردەکەوێت کە ئامادەسازی خامنەیی بێت بۆ گەرانەوەی ترەمپ بەتایبەتی ئەگەر پزشکان لەخولی دووەمدا بتوانێ سەرکەوێ ئەوا بەرۆشنی هۆشیاری ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئیران دەردەکەوێ و دەیەوێ بەهێنانەوەی ریفۆرمخوازان دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە ببات، چونکە سەعید جەلیلیەکی توندئاژۆ لەناو قوتابخانەی ئوسڵگەرا هاوتەریب لەگەڵ ترەمپێکی سەرکێش کە کەس ناتوانێ پێشبینی بریارە سەیرەکانی بکات ، دواجار ئیران شەکەتتر دەکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی