هەرێمی دهۆک لە تورکیا

30/06/2024

سۆزان حەمەتاتە



ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانووی راوەدوونانی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان، پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، بەڵام بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدار، دوایین ئۆپەراسیۆن تیایدا کار گەیشتووەتە ئەوەی رۆژی هەینی لە سنووری پارێزگای دهۆک سوپای تورکیا بازگە دابنێن و داوای ناسنامە لە خەڵک بکەن و لەگەڵ ئەوەشدا چۆنیان بوێ ئاوا بکەن و چەندیشیان بوێ تیایدا بمێننەوە بە هێزی سەربازیی تۆکمەوە.
تورکیا بە بیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکەوە ساڵانێکە درێژە بەو ئۆپەراسیۆنانە دەدات، راستە زیانی زۆری مادی و مەعنەوی داوە، بەڵام ئامانجێک کەوا کاری بۆ دەکات بۆی جێبەجێ نابێت "ئامانجەکەی تورکیا کۆتاییهێنانە بە خەباتی چەکداریی پەکەکە".
راستییەک هەیە ئەویش ئەمەیە: نە بە خەباتی چەکداری حکومەتی تورکیا دەڕووخێت، نە بەهێزی چەکداری و ئۆپەراسیۆن پەکەکە لەناو دەچێت، هەردوولا راستییەکە دەزانن، بەڵام رێگەچارەیەک نادۆزرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد و کۆتاییهێنان بە شەڕ و خەباتی چەکداری.
لەناو ئەو ئۆپەراسیۆن و هاتن و چوونەی سوپای تورکدا وا خەریکە دهۆکی دەلال دەبێتە قوربانیی ویستی داگیرکاری و بەرگرینەکردنی شەرەفمەندانە، دەسەڵاتێکی بێدەنگ وا هێواش هێواش سەیردەکات خاکەکەی داگیردەکرێ، رەز و باخەکانی دەسووتێنرێ، دانیشتووانەکەی دەکوژرێن و سەرچاوەی ئابووری و ژیانیان دەفەوتێنرێ، کەچی هەڵوێستێکی یەکلاییکەرەوەی نییە و کارناکات بۆ ئەوەی جیهان بێتەدەنگ لەسەر داگیرکاری و خاک سوتانی هەرێمی کوردستان.
دهۆک وەکو پایتەختی ئابووریی کوردستان و هاوسنوور لەگەڵ تورکیا بە قۆناغێکی ترسناکدا دەڕوات، ژیان تیایدا خەریکە مانایەکی نامێنێت، چیای مەتینا و گووندەکانی کانی ماسی و ئاکرێ و ئامێدیی سەربڵند رۆژانە ئاشنا دەکرێن بە دەنگی فڕۆکە و بۆنی ناخۆشی بارووت و دوکەڵی سوتانی رەزەکانی ئەو دەڤەرە.
سوپای تورکیا بێ ترس گوند بە گوند دەگەڕێ، بنکەی سەربازیی زیاتر دادەنێت، سەیرانگاکان دەشێوێنێت و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هاتنی گەشتیار و زیاتربوونی بێکاری و ساغ نەکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئەو دەڤەرە، وەکو ئەوەی دهۆک شارێکی تورکیا بێ دێت و دەچێ، وای لێهاتووە وڵاتانی دراوسێ زیاتر لە کورد خۆیان بە خاوەنی هەرێمی کوردستان دەزانن و بێ پرس دێن و دەچن، گەریلا و پەکەکەش نەبێت ئەوان هەر نایانەوێت چاویان بە کوردستاندا هەڵنایە و دەیانەوێت شتێک بەو ناوەوە نەمێنێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی