گەنجی کورد ئینتیمای بۆ هەردوو یانەی ڕیال مەدرید و بەرشلۆنە هەیە نەک کوردایەتی !!

06/07/2024

محمد خۆشناو

لەهەر تاکێکی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان بپرسیت کە هۆکاری لاوازی وەلا و ئینتیمای گەنجان بۆ کوردایەتی و کوردستان چیە ؟! پێت دەڵێت : ئەدای خەراپی بەرپرسانی حزبی و دەسەڵاتە کە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و کەسیی خستۆتە سەرووی هەموو شتە پیرۆزەکان ، نەوە و وەچە گەنجەکانی ئێستا و ئەوانی تریش گاڵتەیان بە کوردایەتی دێت چوونکە ئەزموونێکی ئیلهامبەخش-یان نەبینی کە هیوایان پێببەخشێت بۆ سبەینەیەکی باشتر و بڕوایان بداتێ کە ئەوە کورد یەکدەگرن و شتێکی زیاد دەخاتە سەر ژیانیان !! ئەمە وایکردووە کە ڕق و کینەی گەنجان بەرانبەر کوردایەتی دوو بەرابەر بێت و ، واشیکردووە کە ئینتیما و وەلا بۆ یانەکانی تۆپیپێ بەشداربێت لە سووکردنی بارگرانایی ئەو دۆخە ناهەموارەی کە سەپاندویەتی بەسەریاندا….جگە لەمە هۆکارێکی تریش هەیە کە وەلا و ئینتیمای  لاواز کردووە ، ئەویش جیهانگیری «عولمة»یە کە هەڵساوە بە بەرتەسکردنەوەی دووری نێوان مرۆڤەکان ، بۆیە سەیر نیە کە دەبینین ڕیال مەدرید و بەرشلۆنە هاندەری لە هەرێمی کوردستان یان وڵاتێکی تر زیاترە لە ئیسپانیا و وەلایان بۆ ئەو دوو یانەیە زیاترە .
ئێمە دەبێت دان بەوە بنێین کە نەوەیەکی نوێ لەدایکبووە کە دیدگای جیاوازیان بۆ ژیان هەیە ، شێوازەکەیان بۆتە مایەی تێکچوونی دابونەریت و ڕێوڕەسمەکان ، ئەو نەوەیە لەسەر بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا و سۆشیالمیدیا ڕاهاتوون ، ئەمە وایکردووە کراوەتر بن لەوانی پێش خۆیان ،  وەلا و ئینتیمابوون بۆ یانە وەرزشیە جیهانیەکان و شتە جیهانیەکان  دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کلتوورێکی ڕاستەقینەی جیهانیان هەیە و ، حەزیان لە پلەبەندی ( فلان بەرپرسی باڵا و فلان کەس و فلان مەلا و شێخ و قۆناغ و….تاد) نیە حەزیان لەوەنیە کەس لەسەرەوە فەرمانیان بەسەرەوە بکات و ، بیروهزریان لەدەرەوەی سندوقە و  بە خێرایی هاوڕێیتیان جیادەکرێنەوە و ، بەئاسانی فەرمان وەرناگرن و ، زۆربەیان هاوڕێتیەکەیان لەڕێگەی ئەنتەرنێتەوەیە کە ئەمەش بۆتەمایەی هەڵوەشانەوەی خێزان و زیادبوونی ڕێژەی لێکجوودابوونەوە ، شتێکی تریشیان هەیە کە لە فەشل ناترسن و بەشەرمەزاری داینانێن ، نازانم کاربەدەستانی کوردستان ئەوە دەزانن کە ئێمە لە کوێی ئەو دونیایەی ئێستاین کە پێی دەڵێن ( سوپەر زیرەک- فائق الذكاء) کە چەند بە خێرایی هەنگاو دەنێت !! کەی زەمەنی تەخوین و تێوەگلان و یەکتر تۆمەتباکردن و ئەو شتە قۆڕانە ماوە ؟! لەکاتیکدا کە پێویست بوو هەمووان دەستیان لە پلەوپایە و بەرژەوەندی و ململانێی نابەجێ هەڵگرتبا و یەکڕیزبان بۆ گەڕاندنەوەی ئینتیما و هێنانەکایەی نەتەوەیەکی بەهێز لەڕێگەی وەبەرهێنان لە بونیاتی تواناکان و ، وەبەرهێنان لەخودی نیشتیمانپەروەری بە پڕۆسەی گۆڕانی نەتەوە لە لاوازی بۆ بەهێزی و ، لە جەهل بۆ مەعریفە و ، لە ترس بۆ ئەمن و ئەمان و ، لە بێهیوایی بۆ هیوا و ، لە گومان بۆ متمانە هێنابادی ،  گەنجانی نەتەوەی بەهیز کۆچ ناکەن بۆ گەڕان بەدوای هەلی کار ، ئێستا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەسەرەتای دەیەی دووەم لە سەدەی بیستویەک بەخێرایەکی جێگیر دەجوولێتەوە بەرەو قۆناخی پێنجەم لە پێشکەوتنەکەی کە لە ئەدەبیاتی ئەوڕۆ بە کۆمەڵگەی ( سوپەر زیرەک) دەناسرێت ، چوار قۆناخەکەی پێش قۆناخی پێنجەم بریتین لە ( کۆمەڵگەی ڕاو و شکار و ، کۆمەڵگەی کشتوکاڵی و شوانکارەیی و ، کۆمەڵگەی پیشەسازی و ، کۆمەڵگەی زانیاریەکان ) لە قۆناخی پێنجەم ، زیرەکی دەستکرد لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان بەڕێوەدەبات ، هەتا بە پڕۆسەی زهنیش وەکو مرۆڤ هەڵدەستێت ، بەداخەوە ئێمە هەر لەنێو کۆمەڵگەی یەکەم و دووەمداین  ، لەدواجار دەتوانین لەو زەردەخەنە گەڵتەجاڕیە تێبگەین کە گەنجێکی کورد ڕوبەڕووت دەبێتەوە ئەگەر باسی کوردایەتی یان یەکگرتوویی کوردانی لەگەڵدا بکەیت !


















پزشکیان ، چارەسەری کت و پڕ (الطوارئ)
د.بەختیارشاوەیس

کاتێک مژدەیان بەوشتردا کە کوڕی بووە، یەکسەر وتی کوڕ بێت یان کچ من هەر بارەکەم بەسەر کۆڵی خۆمەوەیە.
هێنانەوەی ریفۆرمستەکان بۆ سەرستەیجی دەسەڵاتداری لەلایەن خامنەیی لەم هەلومەرجەدا و لەپەیوەندیدا بەمەسەلەی کوردەوە دواجار دەکرێ لەهەندێک رووەوە ئەو پەندەی وشترەفەنی بەسەردا پراکتیزە ببێت. بەڵام ئەمە هەموو وێنەکە نیە. وە بۆ ئەوەی تەواوی وێنەکە ببینین پێویستە بڵێین کە: ئاغای پزشکیان ، کەبەزمانی کوردی وتار دەدات و سۆزی دایکە کوردەکەی لەمەهاباد لەناو تێڕوانینە شەخسی و سۆسۆسیۆلۆژیەکەی هێشتا قوڵپ دەدا، بەڵام مەرج نیە کەئەم سۆزەی مەهاباد و کرمانشاە و مەهاباد بتوانێت زاڵ بێت بەسەر ئەو تێڕوانینە سیاسیەی کەنەشونمای کردوە لە زانکۆی تاران یان لەسەروەختی جەنگی ئیران - عیراق. بەمانایەکی تر، خەیاڵپڵاویە پێمان وابێت کەئیتر ئەم پیاوە دەتوانێت بەر بە لەسێدارەدانی گەنجانی کچ وکوری کورد بگرێت، یان بتوانێت مافی سیاسی پێکهاتەکانی ئیران بەتایبەتی کورد دەستەبەر دەکات و رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتە سەرزەمینی بەهەشت بۆ کوردان.بەڵکو کوردیش لەرۆژهەڵات لەهەندێ رووەوە دەکرێ سودمەند بێت لەو ستراتیژە نوێ یەی کە خامنەیی دایڕشتوە و دەیەوێ لەگەڵ پێشهاتە سیاسیەکانی ناوچەکە کۆماری ئیسلامی ئیران دەست و پەنجەیان لەگەڵ نەرم بکات.

ستراتیژی نوێ کەلەسەر بنەمای کرانەوەی تاران بەرەو رووی خۆرئاوا و ئەمریکا ، ئەویش بەخاوکردنەوەی گرژیەکان تا ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانی ئەتۆمی( جەواد زەریفی سەرپەرشتی هەڵمەتی بردنەوەی پزشکان)  سەردەکێشێ. چونکە بەگەرانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی( وەک زۆربەی پێشبینیەکان ئاماژەی بۆ دەکەن) وە گواستنەوەی پریشکی جەنگی غەزە بۆ لوبنان و تێوەگلانی حیزب الله و هەروەها لەمیشەوە بۆ گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی ئیران لەعیراق ، ئەوەندەی دیکە کۆماری ئیسلامی توشی کەمخوێنی زیاتری ئابووری و پەرێزخستنی زۆرتری دیپلۆماسی دەبێت لەگەڵ دنیای دەرەوە.

هەربۆیە: بریاری خامنەیی رابەر بۆ هەڵبژاردنی کەسایەتیەک کە لەجەنگی ئیران- ئیراق پزیشک بوە و کاری تەنها چارەسەری بریندار و پەککەوتە بوە(مەسعودی پزشکان) نەک بژاردەکردنی کەسایەتی دووەم، کەلەهەمان جەنگدا لەبەرەکانی پێشەوەی شەڕدا قاچی لەدەستداوە ( سەعید جەلیلی ) باشترین بژاردەی عەقڵانی خامنەیی بوو بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمرۆی کۆماری ئیسلامی و لەمیشەوە پێمان دەڵێت، تاران لەئیستادا لەهێرشبردنەوە پلانی یاریەکە دەگۆڕێ بۆ چارەسەرکردنی کت و پڕ. جا چارەسەر و خاوبوونەوەی گرژیەکان لەگەڵ خۆرئاوا ، یان دەوڵەتانی رکابەر بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. کەهەرێمی کوردستان بەدەر نابێت لەدەرهاویشتەی ئەم دۆخە ئیجابیەوە و پێناچێ ئیتر هاوڵاتی لە هەولێر و هەریر و چەند شوێنێکی دیکەی هەرێم بەموشەکەکانی تاران یان بریکارە عیراقیەکانی رۆژ بکاتەوە.





ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی