کێشەی پیاوانی ئایینی
و میلیشیاکانیان ئەوەیە کە لەڕابردوودا دەژین و ، بە ئایدۆلۆژیای « سەدەی ناوەڕاست
» مامڵە لەگەڵ واقیعی ئێستای سەردەمی جیهانی گریمانەیی و شۆڕشی تەکنۆلۆژیای نەوەی
پێنجدا دەکەن ، لەکن ئەوان ئازادی کەسیی و سیاسی و بیروڕا و داهێنان بوونی نیە و ،
میلیشیا و دەوڵەتی ئایینی حەقیقەتی ڕەها لە ئایینەکانی تر زیندانی و سنووردار دەکات
، هەمیشە تەقدیسی ڕابردوی ئایینی دەکەن و بەکرداریش ئەوەی سەدان ساڵ لەمەوبەر جێبەجێیدەکەن
، کاتێک مرۆڤ چاوی لەپشت سەریەوە بێت نەک لە ڕوخساری بەتەئکید واقیعی بەردەمیان
نابینن و، بەڵکو تەنها ڕابردوو دەبینن و هەمیشە خۆیان بەستۆتەوە بە ڕابردوو و نەبەردی
و مەزنایەتی سەرکردە ئایینیەکان دێنێنەوە یاد ، ئاخر داینەسۆرەکان لەبەر قەبەیی و
هێزی جەستەیان لەناو نەچوون ، بەڵکو لەبەر ئەوەبوو کە نەیاندەتوانی لەگەڵ جیهانی
نوێدا پێکەوە بژین ، وەک ئەوەی ئێستا حزبە ئاینیەکان و میلیشیاکانیان بڕوایان بە پێکەوەژیان
نیە ، بزانە سەرکردەکانی ئیسلامی سیاسی و
ئەو میلیشیاکانی کە ئێستا لە جەنگدان لەگەڵ ئیسرائیل چیان بەسەر لوبنان و غەززە و
هەردوو گەل هێنا ، میلیشیای ئایینی ناتوانێت
نیشتیمان ڕزگار بکات یان دەوڵەت دابمەزرێنێت بەڵکو خاپووری دەکەن ، لە هەر ئایینێکدا میلیشیای داخراو لەناو ژیانێکی زۆر
نهێنی وەک نهێنی ماسۆنیەکان دەژیت و دەجولێنەوە و ، تەفسیری دەقی ئایینی بەڕستە و
وشە دەکات و بڕوای بە گۆڕان نیە و قبولی هیچ شتێک ناکات کە موخالفی ئاینەکەی بێت ،
هەر دەوڵەتێک خاوەن میلیشیای چەکداری ئایینی یان کۆمۆنیستی یان عەشائیری و شان بە
شانی سوپا بێت ئەوە ئەو وڵاتە خۆی فڕەدەداتە ناو ماڵوێرانی و لەناوچوون ، میلیشیای
چەکداری بڕوای بە پەرلەمان و دەستاودەستکردنی
دەسەڵات نیە ، بڕوای بە تێکدان هەیە نەک بونیاتنان و ، میلیشیای ئایینی هەمیشە دژی
هونەر و مۆسیقا و سەما و نیگار و دژی ژنە ، میلیشیای ئایینی ئاوێنەی کۆمەڵگا نیە و ڕەنگانەوەی کۆمەلگاش نیە بەڵکو ڕەنگدانەوەی
تائیفەکەیەتی ، میلیشیای چەکداری بەپێی ئامانجی ئەوانە دەجولێت کە بە پارە و چەک
پاڵپشتی دەکات دواجاریش بۆ خزمەتی ئەو کار دەکات ، میلیشیای ئایینی چەکداری «ئایین»
دەکاتە پەردەیەک بۆخۆی و بازرگانی بە نیشتیمانپەروەریەوە دەکات ، بەکورتیەکەی هیچ
وڵاتێک قورتاری نابێت گەر لە میلیشیای چەکداری
گەڕا کە گەمە بە ئەمنیەتی بکات ، هیچ وڵاتێک پێشناکەوێت ئەگەر شان بە شان لەگەڵ میلیشیای
چەکدار بژیت و سەقامگیریش بەخۆیەوە نابینێت ، ڕێگای میلیشیای چەکدار پڕە لە فەوزا
و توندووتیژی و کوشتن و خوێن و قوربانی و بێتاوان و ڕێگایەکی ماڵوێرانیە بۆ وڵاتان
و گەلان و مرۆڤایەتی و ، دواجاریش چارەنووسی میلیشیاکان کۆتاییەکی تاڵ دەبێت .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی