چیرۆکی ساڵنامەی کۆچی

07/07/2024

یاسین تەها

1
بەر لە هاتنی ئیسلام عەرەبەکان بە ڕووداوەکاندا ساڵ و بەرواریان دەستنیشانکردووە وەك؛ ساڵی فیل، شەڕی بەسوس و ماجەرای "ذي قار" ...هتد. ساڵیش هەر 12 مانگ بووە. مانگە عەرەبییەکان هەر بەم ناوانەی ئێستا دەناسرانەوە و حیسابیان پێڕادەگیرا و حەجیان پێدەکرد لەسەر پەیڕەوی ئایینی حەنیفییەتی "ئیبراهیم"، بەڵام لە سەردەمی خەلیفەی دووەمی ڕاشیدی؛ "عومەری خەتاب" و دروست 17 ساڵ پاش کۆچ لە مەککە بۆ مەدینە، بیرۆکەی دانانی ساڵنامەیەکی ئیسلامی سەریهەڵدا و چووە بواری جێبەجێکردنەوە (ساڵنامەی كۆچی). 
2
گێڕانەوەی جیاجیا هەن لەبارەی پاڵنەری دانانی ساڵنامەی کۆچی، هەندێک دەڵێن پێشنیازی عەرەبی باشوور بووە لە یەمەن، هەندێکی تر دەیگێڕنەوە بۆ پێشنیازی "ئەبو موسای ئەشعەری" کە لە هاوەڵانە و والی بەسڕە بووە. "ئەشعەری" سکاڵای کردووە "نووسراوی جیاجیامان بۆ دێ، ناوی مانگەکانی لەسەرە، نازانین.. کامیان کۆنە و کامیان نوێ، چونکە ساڵی لەسەر نییە". هەردوو مێژوونوس "سەخاوی" و "بەیرونی"، باسیان لەوە کردووە پێشنیازی ساڵنامەکە هەر لە بنەڕەتەوە هی "عومەری کوڕی خەتاب" خۆی بووە بۆ ڕێكخستنی کاروباری دەوڵەت بەتایبەت کە ئەو خەریکی دروستکردنی دیوانەکان (وەزارەت) و دامەزراندنی پایەکانی دەوڵەت بووە.
3
پاش ساغبوونەوە لەسەر دانانی ساڵنامەی ئیسلامی، پێشنیازی جۆراوجۆر کراون بۆ دیاریکردنی سەرەتای ڕۆژژمێرەکە لەوانەش؛ ساڵی لەدایکبوونی پەیامهێن (فیل _571 زایینی)، ساڵی دەستپێکردنی پێغەمبەرایەتی و دابەزینی وەحی، ساڵی کۆچی دوایی پەیامهێن (د.خ)، بەڵام لەدایکبوون و پێغەمبەرایەتی وادە و کاتەکەیان بەدروستی نەدەزانران، ساڵی ژیانئاواییش هەڵگری یادەوەرییەکی ناخۆشبوو کە شایشتە نەبوو بۆ ساڵنامە کە هێمای نوێبوونەوەیە، سەرەنجام خەلیفەی دووەم و هاوەڵان، ساڵی کۆچ لە مەککەوە بۆ مەدینەیان پەسەندکرد، ئەم ساڵەش وادەکەی لە یادەوەری بەشی زۆری بەشدارەکانیدا تۆمار بووە، جگە لەوەش کۆچ خۆی بۆ خۆی وێستگەیەکی جومگەیی گرنگ بووە لە پەرەسەندنی ئیسلام و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ و ساڵنامەكەش بە كۆچی ناوی دەركرد. 
4
لەبارەی دیاریکردنی مانگی یەکەمی ساڵنامەکەوە، هەندێک وتویانە با لە ڕەمەزانەوە (9) ئەژمار بکرێت، "عەبدولرەحمانی کوڕی عەوف" مانگی ڕەجەب (7) ی پێشنیارکردووە بەو پێیەی سەرەتای مانگە قەدەغەکراوە عەرەبییەکانە (الأشهر الحرم)، بەڵام "عەلی کوڕی ئەبوتالیب" و "عوسمانی کوڕی عەفان" مانگی موحەڕەم (1) - یان بەلاوە پەسەند بووە، بەوپێیەی مانگی گەیشتنەوەی حاجیانە بە وڵات و زێدی خۆیان لەپاش بەجێهێنانی فەرزی حەج لەمەککە و دەستپێکردنەوەی ژیان و کاروباری ئاسایی خەڵکە.
5
بەپێی گێڕانەوە و سەرچاوە مێژوییە باوەکان، لەوانەش هی "ابن إسحاق" پێغەمبەر (د.خ) لە ڕۆژی دووشەممە 8/ 3ی ساڵی 14 ی پاش پێغەمبەرایەتی ڕێکەوتی 23 / 9 / 622 زایینی لە مەککەوە گەیشتوەتە قوبا (450 کم)، لە 12ی ڕەبیعی یەکەمیشدا (مانگی 3) چووەتە ناو شاری مەدینە، بەڵام "عومەری کوڕی خەتاب" موحەڕەمی کردە سەرەتا و دەسپێک، چونکە جگە لەوەی موحەڕەم مانگی پاش گەڕانەوەی حاجیانە بۆ زێدی خۆیان، لەڕووی مێژوویییشەوە "بەیعەتی عەقەبە" بەر لە کۆچ کە ڕێککەوتنی پەیامهێن(د.خ) و نوێنەرانی هەردوو هۆزی ئەوس و خەزرەجە بۆ داڵدەدانی موسوڵمانەكان لە مانگی حەجدا بووە، هەر ئەمەش ڕێگەیخۆشكرد بۆ کۆچ، بەدوای ئەوەشدا پرۆسەکە دەستیپێکرد، هەر لەو ماوەیەشدا پەیامهێن (د.خ) نیازی کردووە بڕوات بەرەو "یثرب_ مەدینە"، یەکەم مانگیش لەپاش ئەم پەیمان و ڕێککەوتنە هەڵهاتبێت موحەڕەم بووە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە