قسەیەك بۆ کەرامەتەکەی سەرۆکی حکومەت

12/07/2024

عوسمان گوڵپی


(نێچیرڤان و قوبادیش بیخوێننەوە خراپ نیە)

لە بەرنامەیەکی هەفتەی پێشوودا سەبارەت بە پرسی مووچە، لە وەڵامی پرسیاری هاوڵاتیەکدا مەسرور بارزانی وتی مووچە بێ خاك بێ کەرامەت قیمەتی نیە، من قسەلەسەر رێکخستن و دیاریکردنی بەرنامەکە ناکەم کە قسەی زۆر هەڵدەگرێت.

لە ڕاستیدا ئەم قسەیەی سەرۆکی حکومەت خۆ دزینەوە بوو لە خودی بابەتەکە کە بێ مووچەییە، ئەگەرنا کێ باسی بێ خاکی و بێ کەرامەتی کردوە لە پێناو مووچەدا. 

خراپترین بیرکردنەوەی حیزبی کوردی ئەوەیە کاتێك هەڵەدەکەن و فشاریان دەکەوێتەسەر و بێ وەڵام دەمێننەوە لە بەردەم پرسیارەکاندا، ئیدی پەنا بۆ هەستی قەومی دەبەن و بابەتەکە تێکەل بە خاک و ئاو نیشتمان دەکەن، ئەمە بۆ ئیسلامیەکانیش راستە، لە بەردەم هەلە و شکست و ڕەخنەکاندا کە بێ وەڵام دەبن یەکسەر پرسەکە تێکەڵ بە ئیسلام و خواو و ئاین دەکەن، بەمەش هەردوکیان بەرگێکی پیرۆزی لە خۆیان دەئاڵێنن و خۆیان لە پرسە جدیەکە دەدزنەوە کە خودی گرفتە سەرەکیەکەن

لە ڕاستیا رێك قسەکەی سەرۆکی حکومەت پێچەوانەکەی ڕاستە، لە ئێستادا مووچە واتە قوتی ژیان، مووچە کاتێک دەبێتە تاکە سەرچاوەی بژێوی و کارێکیتر ناتوانێ ببێتە سەرچاوە، ئیدی مووچە ماناکەی دەگۆڕێت بۆ قوتی مناڵەکان و سفرەی ماڵ و شوێنی مانەوە(سکن)، 

ئەی کەرامەت لە کوێدایە کاتێ مووچە نامێنێ؟

کاتێك کە باوکێك مووچەی نامێنێ و ناتوانێ قوتی مناڵەکانی پەیدا بکات، ئیدی لەوێوە شکانی شکۆ دەستپێدەکات، لەوێوە سەرداخستن و بێ وەڵامی لە بەردەم پرسیارەکانی منداڵەکانی خۆت دەستپێدەکات، کاتێک منداڵەکان حەزیان لەو خواردنەیە داوای دەکەن و تۆ نیتە، حەزیان لە یاری مناڵانە و پارەت نیە بۆیان بکری، حەزیان لە جلی جوانە و نیە، حەزیان لە زۆر شتە و نیە! لیرەوە شکۆ و کەرامەتی باوکایەتی دەشکێ لە ناخی منداڵەکانیدا، راستە ڕەنگە پێت نەڵێن و رێزیشت بگرن بەلام باوک خۆی زۆر باش لەو ئازارە تێدەگات کە شکان یانی چی، با منداڵەکانیشی پێی نەڵێن، خۆ باوک ناتوانێ ڕێ لەو هەموو پرسیارە بگرێ کە ماڵ و مناڵی بە مێشکیانا دێت، ئەمە بۆ دایکیش ڕاستە، دواجار ئەم تێکشکانە لە ناو خێزانەکاندا نامێنێتەوە، کاتێک ساحێب خانوێک دەدات لە دەرگا بۆ کرێکەی و تۆ نیتە بیدەیت، بە هۆی بێ مووچەییەوە مانگەکانی پێشووش لە کەسە نزیکەکانت قەرزت کردوە، ئەمە لێرەدا شکانی شکۆ گواسترایەوە بۆ دەوروبەر، ئاخر مرۆڤێک جارێک و دوان و سیان دەستی ڕاگرت و لەدەرگای خەڵکیدا بۆ قەرز یان هاوکاری، با کەسیش پێی نەڵێ بەڵام خۆی بە شکاو دەزانێ و هەستێکی لا دروست ئەبێ کە ئیتر هیچ شتێک نرخی وەك پێویست نامێنێ، لەو کاتەدا کە مرۆڤێك تێکدەشکێ و هەست ئەکات بەهۆی قەیرانەکانەوە لە دنیای مادەگەرای ئێستادا کە هەموو پێوەرەکان بونەتە مادە ئیتر کەرامەتیش دەچێتە نێو هەمان پێوەرەوە، ئیدی مانگ لە دوای مانگ بالانسەکەت دادەبەزێ، بەرپرسەکانیش پێوەری ڕێزگرتنیان هەمان پێوەرە، هەرکەسێک دەستی لێ ڕاگرتن و هاوکاریان کرد ئیدی لە بەردەمیانا دەشکێ و باڵانسی کەسایەتیەکەی دێتە خوار، چەند مرۆڤێکی باش و نیشتیمان پەروەر و قوربانیدەریشبێ وا ناکات بە چاوێکی کەم تەماشا نەکرێ، لای زۆرێک لە پارەدارەکانیش هەر وایە.

لێرەدا دەپرسین چی لە قوتی ماڵ و مناڵ گرنگترە، مەگەر پێداویستی سەرەتایی ژیان خۆراک نیە، ئێ خۆراک بە کەرامەتەوە تەنها مووچە و داهات دابینی دەکات، کاتێ کە تۆ بۆ خۆراک و شوێنی مانەوە پەنات بردە بەر خەڵکیتر ئیدی باش بزانە لەسەر حسابی شکۆت ئەوەت کردوە، واتە کاتێک بالانسی پارەت بەشی ژیانت ناکات ئیدی لە بالانسی شکۆت دابینی دەکەیت
بۆیە بیرکردنەوەی سەرۆکی حکومەت بۆ پرسی مووچەو کەرامەت بەتەواوی بیرکردنەوەیەکی نێگەتیڤە و دەبێت ڕاستبکرێتەوە و هەڵوێستەی لەسەربکرێت، هەر ئەم بیرکردنەوەبوو وایکرد نێچیرڤان بارزانی زۆر ئاسان بڕیاری پاشەکەوتی مووچەیدا و قوتی خەڵکی بڕی، کەچی باس لە خاک و نیشتمان و کەرامەتیش دەکەن، ئاخر بەرپرسێک بە مووچەکەی نەژی و تەنانەت نەزانێ مووچەکەی چەندە هەر وا بیردەکاتەوە، لە وەڵامی پرسیارێکدا کەلە قوباد تاڵەبانی کرا سەبارەت بە مووچەکەی ئەو دڵنیا نەبوو چەندە دەیوت وابزانم ئەوەندەیە، ئێ بۆیە قوباد تاڵەبانی لەم هەموو قەیرانەدا خەریکی یۆگا کردنە! ئەو کەنازانێ مووچەکەی چەندە دەکرێ بپرسین بەچی شاهانە دەژیت؟ ئەو ژیانەی تۆ هی مووچەیە؟ بێگومان نەخێر، ئێ مەعلومە ئەو ژیانە شاهانەی بەرپرسان و نزیکەکانیان بەچی گوزەر دەکات، جگە لە فرۆشتنی زەوی و تەنکەرە نەوت و سەرانە و گومرگ، ئەوان نەک خۆیان بە مووچە ناژین بەلکو سکرتێر و نزیکەکانیشیان بە موچە ناژین و خاوەنی ملیۆنان دۆلارن، ئەو شەرابەی شەوان دەیخۆنەوە تەنها نرخی یەك بتڵی بایی موچەی چەند مانگێکی دایکە شەهیدێکە ئیتر چۆن دەزانن مووچەکەیان چەندە! 
ئەوان تەنانەت میدیاکانیشیان داهاتیان دیار نیە، بۆیە کاتێک پرسیاری مووچەیان لێ دەپرسرێ یەکسەر دەیبەنەوە بۆ پرسی نیشتمانی و قەزیەی خاک و کەرامەت، لە کاتێکدا ئەوانەی مووچەیان نیە و لەبەر بێ مووچەیی و بڕیاری نایاسایی پاشەکەوتی مووچەی نێچیرڤان بارزانی کە فەرمانبەرانی بۆ دەیان ساڵ قەرزارکرد و کابینەی نۆش بە ناوی جیاجیا لەسەری رۆشت و لە هەردوو کابینەکەشدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بوە و شەریکیانە، یەخەی هەموو ئەوانەی گرت کە دڵسۆزن بەم خاک و ئاو وڵاتە، ئەوانە بێ مووچە بوون کە دەیانەوێ بە کەرامەتەوە بژین لە گەڵ ماڵ و مناڵیان، بێ مووچەی و قەیرانەکان زیندانیانی سیاسی قەرزارکرد، دایکی شەهیدی ناچارکرد لەدەرگای خەڵک بدات بۆ قەرز تا بەرمیلێك نەوتی پێ بکڕێت و زستانێکی ساردی پێ بەڕێ بکا، مناڵی پێشمەرگەی بێ نازکرد،  کەرتی پەروەردەی وێرانکرد، حکومداری سەقەتی کوردی وایکرد مامۆستایەک لە شەقامدا بڵێ نانمان نیە و کرێمان پێ نادرێ، بێ مووچەیی کارێکیکرد خوێندکارەکان بۆ ماوەی ٩ ساڵە ئەوەندەی لەدەرەوەی قوتابخانەبن ئەوەندە لە پۆلەکاندا نەبن،

ئەوەی قەیرانەکان کاریگەری لەسەر دروست نەکردن بەرپرس و نزیکەکانیان بون لەگەڵ ئەوانەی ئەیانپارێزن، ئەوانەشی خزمەتی گشتی دەکەن و پارێزەری خاکن هەر ئەوان شکۆ شکاوی ئەم ئیدارە دانەن

بۆیە مەسرور بارزانی لەوەڵامی پرسیارەکاندا نەی پێکاو خۆی بە پرسی قەومیدا هەڵواسی وەک بلێی ئەوانەی نارازین و داوای مووچە ئەکەن پارەی بێ کەرامەتیان دەوێ لە کاتێکدا ئەوانەی داوای قوتی خۆیان و مناڵەکانیان دەکەن داوای ژیانێکی دەکەن بە کەرامەتەوە

سەبارەت بە ڕووکردنە بەغدادیش ئەوە باشی بەغداد نیە خەڵک پەنای بۆ دەبات، ئەوە خراپی ئیدارەدانی هەرێمە وایکردوە خەڵک هیوای هەبێ بەبەغداد، بۆیە ئەوانەی دژی ئەم جۆرە ئیدارەدان و حیزبایەتیەن و ناڕازین زۆرترینیان ئەوانەن کە خاوەنی قوربانین و لە دلسۆزترینەکانن

ئەوانەشی کە هیچ قوربانیەکیان نەداوە و لە لەندەن و ئەمریکا گەورە بون هاتون نیشتمان پەروەری و شەڕی کەرامەت بەوانە ئەفرۆشنەوە کە هێشتا ئاسەواری زیندانەکانی بەعسیان بەسەرەوە ماوە و فرمێسکی لەسێدارەدانی کوڕەکانیان وشک نەبوەتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی