ڕقوکینە و بازرگانیکردن بە ئایینی ئیسلام !!

17/08/2024

محمد خۆشناو


       (ئەو فیتنەیەی کە لەپشت دەمامکی ئایینەوە شاردراوەتەوە ، لەسەردەمی داکشانی فکری کۆمەڵگاکاندا بازرگانیەکی زۆ بەناوبانگە)
                                         ئیبن ڕوشد

ماوەیەکە بازاڕی تیکتۆکچیە بانگخواز و کەسانی ئیسلامی سیاسیی لەسەر شاشە و ئامرازەکانی سۆسیالمیدیا بەهۆی لێدوانی قاسم شەشۆ لەسەر پێغەمبەری گەورە محمد گەرمتر بوو کە پێش ئەو مەسەلەیەش هەر گەرم بوو  ، هەرچەندە ناوبراو و بەیاننامەی کۆمەڵگەی ئێزیدیان ڕوونکردنەوەیان لەسەر مەسەلەکەدا و ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەو قسەیە نەکراوە و بەهەڵە لێکدانەوەی بۆ کراوە….ئەوەی سەیر و سەمەرەیە هەندێک لەو تیکتۆکچیانە بەوپەڕی حەماس و تووڕەییەوە هێرشیان دەکرد ، ئەوانە نەک هەر نوێژ ناکەن بەڵکە فڕیان بەسەر ئیسلامەوە نیە!! ئەو بەناو ئیسلامیانە کە بوونەتە « ئەستێرە» لە سۆشیالمیدیا گوایە بەرگری لە ئایینی ئیسلام دەکەن ، بەڵام ئایا دەزانن کە لەبری ئەم هاتوهاوارەیان هەزارا دۆلار وەردەگرن و بازرگانی بە ئایینی ئیسلامەوە دەکەن !! هەروەها ئیبن ڕوشد-ی فەیلەسوف جاێکی تر دەڵێت : ( بازرگانیکردن بە ئایینەکانەوە بازرگانیەکی قازانجبەخشە لەو کۆمەڵگایانەی کە جەهل تێیدا بەربڵاوە ) ، باشە بۆچی بانگخوازێکی ئیسلام-مان   گوێ لێنەبوو داوای پاکوخاوێنی بکات یان داوای پەیوەستکردنی کار بە دینداری یان داوا لە دەوڵەمەندەکان بکات کە ئەوەی گۆمێک بۆ گلدانەوەی  ئاو یان نەخۆشخانەیەی یان قووتابخانیەک دروستبکات  دەچێتە بەهەشت یان داوای حەرامکردنی  ساختەی بە کۆمەڵ یان بەرەنگاربوونەوەی گێچڵ « تحرش» و حەرامکردنی و بەتاوانکردنی بکات ، بەڵکە پێچەوانە هەندێکیان هانی گەنجان دەدەن گێچەڵ بە کچ و ژنی سفور بکەن ،  بەڕاستی تائێستا گووتاری  رقوکینە« الكراهية» بەرانبەر ئەوەی تری جیاواز هەر هەیە و باڵادەستە لەناوماندا کە من زیاتر مەبەستم ڕقوکینەی ئایینیە ، بۆئەم مەبەستە سۆشیالمیدیا کە بۆتە سەرەڕمی ڕاگەیاندن و لە ئامرازێکی خزمەتگوزاریەوە بۆتە دەسەڵات ، کە ئێمە تەنها بۆ دروستکردنی پشێوی و بڵاوکردنەوەی کلتووری رقوکینە و درۆودەلەسە و کوشتنی مەعنەوی بەکاریدەهێنین ، قسە و گووتاری ڕقوکینە پەتایە و دوژمنێکی زۆر دڕندە و خاپوورکەرە بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و کوشندیە بۆ ژیان ، لەهەر شوێنێک ڕقوکینەی هەبێت ویژدان چراکانی دەکوژێنێتەوە و بەردەوام لەتاریکییەکی  تەواودا دەسوڕێتەوە و ماڵی وێران لەپشت خۆی جێدەهێڵێت ، ئەوانەی ئەو پەتا ژەهراویەی جیاوازکیکردن لەنێوان مرۆڤەکان بەدریژایی مێژوو لەسەر پنچینەی ئایین ، پارە ، نفوز ، ڕەگەز و نەژاد بڵاوکردۆتەوە خەراپترین شتیان دوریتەوە ئەویش تاوانی بەکۆمەڵ و بەتاک .
ئەوە سێ دەیەیە هەرێمی کوردستان تووشی ئایینداریەکی بەسیاسەتکراوی شکلی بویتەوە کە گەنجانیان سەرقاڵ کردوە بە کاروباری ئاینیی کە دوورە لە ئایینی ڕاستەقینە ، ئاینداریەک کە گوێناداتە ئەوەی کە چۆن مرۆڤ وایلێبکرێت بەرپرسیارێتی کارەکەی و توانای بۆ گۆڕینی ئێستا و کاری جدی هەڵبگرێت و ئەوانە نیعمەتی بیرکردنەوەیان لە خەڵک سەندۆتەوە  ، ئایین بۆتە تقوسێکی ئایینی لەپێناو ئەوەی تر وەک ئەوەی ئێمە خەڵق نەبووینە تەنها بۆ عیبادەتکردن و رەتکردنەوەی ئەوەی تر نەبێت ، فەیلەسوفی فەڕەنسی « میشیل فۆکۆ » باس لە گووتار و قسەی ڕقوکینە دەکات و دەڵێت ( گوتاری ڕقوکینە وەرگێڕانێکی سادەی ململانێکان و سیستەمی هەژموونگەرایی نیە ، بەڵکو ئامانجی ململانێکە و ئەو ئامرازەیە کە ململانێ لە ڕێگەیەوە ڕوودەدات ) تەبعەن فۆکو باسی هەموو جۆرە ڕقوکینەکان بەگشتی دەکات کە بۆتە تەنگوچەلەمەیەکی ئەزەلی بۆمان ، کە بە کلتووری ڕقوکینە سەیری ئەوەی تر دەکەین و چۆن ئەوەی تری جیاواز قبوڵبکەین ، بەداخەوە کلتووری ڕقوکینە لەکن هەندێک لەو دیندارانە باڵادەستە کە خاوەن بڕوانامەی بەرزن ، بەڵام ئەوانە بە روحی رقوکینە نەشونومایان کردووە  و بارگاویبوونە بە دوژمنداریکردنی ئەوەی تر ، کێشەکە لەوەدایە ئەوانە زۆربەیان بڕوایان بە حیوار نیە چونکە بڕوایان بە ئەوەی تری جیاواز نیە ، بەڵام بڕوایان بەوە هەیە کە تەنها ئەوان ڕاستی ڕەهایان هەیە ، ئەوان تاک بیرن یان بیرکردنەوەیەکی یەک ئاراستەیان هەیە ، ڕاستیەکە ئەوەیە کە ژیان فرە ئاراستەیە و ، ڕووداوەکان بەندە بە سەردەمەکە و زروفەکە و ، ئەوەی کە لە ڕابردوو باش بوو بۆ مرۆڤ بەزەرورەت ئێستا یان سبەینێ باش نابێت و ، ئەحکامەکانیش بەسروشتی خۆی ڕەها نین ، بەڵکو دەگۆڕێن لەگەڵ گۆڕانی زەمەن ، بەداخەوە ئەوانە لەو سەدەی بیستویەکدا بە عەقلیەتی سەدەی نۆیەم دەژین .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە