عێراقەکان‌و کورد

19/08/2024

شێرکۆ کرمانج

لەیادی بەناو شۆڕشەکانی 14و 17و 30ى تەمموز
ھەندێکجار بەسادەیی قسە بکەیت باشترەو پەیامەکە چاکتر دەگات، بۆیە لێرە یەک دوو قسە لەسەر پەیوەندی عێراقیەکان‌و کورد دەکەم.

مێژوی عێراق لە1921 دەستپێدەکات:
عێراق لەو ڕۆژەوە تا 14ی تەمموزی 1958 عێراقی ئینگلیز بوو. عێراقی ئینگلیز پەیوەندی لەگەڵ کورد زۆرباشیش نەبووبێت زۆر خراپ نەبووە، لەبەر دوو ھۆکار.

یەکەم، ئینگلیز ویستویەتی کورد ئامێزان، ئینتیگرەیت، بکات لەعێراق نەک بیسڕێتەوە، کە لەدوورمەودا هەر سڕینەوەیە، بەڵام سڕینەوەیەکی نەرم، واتە مردنێکی بەکاوەخۆ بێ پەلەقاژە.

دووەم، دەوڵەت زۆر بەھێزو ئەختەبووتی نەبوو وەک قۆناغەکانی دیکە کە لەبتوانێت کورد قڕ بکات.

لە 1958، عێراق دەبێتە عێراقی عێراقییەکان تا 2003، یان چاکتر بڵێم عێراقی عەرەبان. عێراقی عەرەبان ھەرچی ئینگلیز دروستیکردبوو بۆنی دیموکراسی‌و پێکەوەژیانی لێدەھات ڕووخاندیان. عەرەبەکان (قاسم و عارف و سەدام) عێراقیان لە دەوڵەتێکێ نیمچە دیموکراسی و خاوەن پەرلەمان و ھەڵبژاردن کرد بە عێراقی کۆمەڵێک ئەفسەری سوننە کە نەک ھەر دژی دیموکراسی و دامەزراوە مەدەنییەکان بوو بەڵکو دژی ھەموو بەھایەکی دیموکراسی بوون.

عێراقی ئەفسەرە عێراقییەکان نەک ھەر تێنوی خوێنی عێراقییەکان بوون بەڵکو خوێنی یەکدیشیان فڕ دەکرد.

عێراقی عەرەبەکان، دەکرێت بڵێم عێراقی قاسم و عارف و سەدام، کوردیان بە ھەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی عێراقێک دەبینی کە تەمەنی پەنجا ساڵێک بوو.

عێراقی 2003 تا 2011 عێراقی ئەمریکییەکان بوو. ئەم عێراقەیان دوای سڕینەوەی هەرچی عەرەبەکان دایان ڕشتبوو و بنیادنرایەوە. عێراقی ئەمریکییەکان باشترین عێراق بوو بۆ کورد. کورد بەدرێژایی تەمەنی عێراق ئەوەندە سەربەخۆ، ئازاد، خاوەن ماف و پڕتوانا و بەهێز نەبووە. بودجەی مسۆگەر و ئەمنیەت و گەشەی ئابووری سیماکانی کوردستان بوون لە عێراقی ئەمریکا. ئەمریکییەکان ویستیان عێراقێکی نیمچە فیدراڵی دامەزرێنن بەڵام لە ئاکامی شەڕی ناوخۆی عەرەبە عێراقییەکان، کوردەکان بەرەو کۆنفیدراڵی هەنگاویان نا.

لە2011 تا 2017، عێراق عێراقی شیعەکان بوو. لەگەڵ دەرچوونی ئەمریکییەکان و باڵادەستبوونی شیعەکان قۆناغی تەشقەڵەکردن بە کورد و کوردستان دەست پێدەکاتەوە. بڕینی بودجە هەنگاوی یەکەمی لاوازکردنی کوردستان بوو، بەڵام بەهاتنی داعش لە2014 عێراقی شیعەکان گورزێکی بەرکەوت کە ئیدی نەیتوانی وەک ئەوەی دەیخواست بپڕژێتە سەر کوردو کوردستان، بۆیە کوردستان هێندەی دیکە ئەگەر لە ڕووی تواناکانیشی بەهێز نەبووبێت بەڵام لە ڕووی دیبلۆماسییەوە پێگەکەی بەهێز بوو. ئەوەش وای کرد هەنگاوێک بەرەو سەربەخۆیی باوێ بەڵام بەبێ ئامادەکاریی ناوخۆیی و دەرەکیی، ئەمەش شکستی بەهەنگاوەکە هێنا.

عێراقی 2017 تائێستا، عێراقی ئێرانە. لەعێراقی ئێرانییەکان هەموو هەوڵێک درا بۆ بنکۆڵکردن و کۆنتڕۆڵکردنی کورد و هەرێمی کوردستان. ئێران کەڵکی لە ئەزموونی هەزاران ساڵە و لە پێگەی نێودەوڵەتی و لە میلیشیا شیعییەکان و لە دادگای فیدراڵی و لە پەرشوبڵاوی کورد وەرگرت و کوردی سەرکوت‌و شەکەت کردوە. لە1991وه‌ هیچ کاتێک کورد ئاوا بنکۆڵ نەکراوە.

ئەوە ئەزموونی سەد ساڵەی کوردە لە عێراقەکان، دەکرێت بەکورتی بڵێین، کورد لە عێراقی ئینگلیزەکان پارێزراو بوو، لە عێراقی عەرەبە سوننەکان سەرکوتکراو جینۆسایدکراو بوو، لە عێراقی ئەمریکییەکان ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن پێگە بوو، لە عێراقی شیعەکان تەشقەڵەپێکراو بوو، لە عێراقی ئێرانییەکان بنکۆڵکراو و بەرزەفتکراوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە