هەڵبژاردن و تای نەرجسیەت

22/08/2024

‎ئارام سەعید

سیاسیەکان بانگەشە بۆخۆیان دەکەن، دەیانەوێت بگەنەدەسەڵات، یان لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، خوازیارن جەماوەری زۆر لەخۆیان کۆبکەنەوە. بۆئەمەش پێویستیان بەوەیەخەون و وەهمی باش بگەیەننە ئەو جەماوەرە کە دەیانەوێت دەنگیان پێ بدەن. سەرکردەیەک ئەگەر وڵاتێک بەڕێوەبەرێت دەبێت متمانەی تەواوی بەخۆی هەبێت،بەتایبەتی لەکاتی قەیرانەکاندا، بەڵام چی روودەدات ئەگەر کەسێک بروابەخۆبوونی بەرز بێت، بەڵام هەڵگری سیفاتی تاریک و وێرانکەر بێت و بگاتە ئەو پۆستەباڵایە؟
یەکێک لەو کەسێتیانەی سیفەتی متمانەبەخۆبوونی تێدایە کەسێتی نەرجسییە. کێشەکە لەوەوە دەست پێ دەکات کە کەسێتییە سیاسییەکە نەرجسیی بێت (هەڵگری سیفەتی خودشەیدایی بێت). بەپێچەوانەی وڵاتێکی دیموکراسییەوە، مەترسییەکە لە سایەی هەرێمێک و وڵاتێک کەهیچ دامەزراوەیەک لەسەروو سەرۆکەکانەوە نیەلێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات لەکاتی هەڵەکردن و گەندەڵییو وێرانکردنی ستاف و بەفیڕۆدانی سەرچاوەکاندا، گەورەترە. لەحزبدا هیچ دامەزراوەو دەستەیەک نیە بە سەرۆک بڵێبەری چاوت کلی پێوەیە، لەحکومەتدا کەس لەسەرووسەرۆکەوە نیە.
سیاسەت بۆ نەرجسییەکان شوێنێکی هێجگار چێژبەخشە، کەم شوێن هەیە هێندەی ئەم دنیایە نەرجسیەتەکەیان تێر بکات. بیر بکەرەوە ئەگەر نەرجسییەکان یەکتریان هەڵبژارد و بوون بە تیمی یەکتر، چی روودەدات؟ واتە ئەگەر بەشێک لە سەرکردایەتیی حزبەکە یان تیمەکانیان لە حکومەت نەرجسیی بوو، چی روودەدات؟ بێ دوو دڵیی خۆبەمەزن زانینیان وادەکات چواردەورەکەیان وێران بکات و دواتر دامەزراوەکان شەکەت بکات. هەڵخەڵەتاندنی ئەوانی تر بۆمەرامەکانیان دەبێتە سیفەتی باو و رەنگیشە زۆر کەسی تریش چآویان لێ بکات، چونکە رێگەیەکی کورتە بۆ سەرکەوتن و ناوبانگ دەرکردن و پتەوکردنی پێگەیان لە دەسەڵات و کۆکردنەوەی پارە. پاشان کەلتوری نەرجسیی بەهێز دەبێت بەو هۆیەوە ئیمتیازی گەورەی هەیە.
نەرجسی ئەگەر نەشچێتە سیاسەتەوە بەردەوام هەستدەکات و بڕوای وایە کەدەبێت لەسیاسەتدا بێت و ئەوەشوێنێکی گونجاوە بۆیان، هەربۆیە کەپۆستێکیش بەدەست دەهێنن حەزدەکەن زۆرترین کات تیایدا بمێننەوە.کاتێک دەبینن سیاسەت پربایەخ وگرنگە لە کۆمەڵگەدا، ئەوان شاگەشکە دەبن بەوەی لە سەرەوەی هەڕەمەکە بن.
سەرکردە نەرجسییەکان هەرگیز ددان بەهەڵەی خۆیاندانانێن وخۆیان زۆر پێ گەورەیە، وائەزانن هیچ هەڵەیەک ناکەن تا داوای لێبوردن بکەن و بەرپرسیارێتی هەڵبگرن،ئەولەویەت بۆ خودی خۆیانە نەک دەوروبەر و ئەوانەی کاریان بۆ دەکەن. ئامۆژگاری و راوێژی کەس قبول ناکەن مەگەر کەسێک لە سەروو خۆیانەوە بێت و ئەویش نەرجسی بێت و یەکێک بێت لەو کەسانەی نەرجسییەتی ئەم دەپارێزێت و تێر دەکات. ئەوەی ئەوان پێویستیان پێیەتی ستایشکردن و گوێڕایەڵی بەردەوامی دەوروبەرە. کە لێپرسینەوەیان لێدەکرێت دەبنەبەرگریکاری سەرسەخت لەخۆیان. وە دوکتۆرێکی دەروونی دەڵێت، بازاڕی سیاسەت بۆ ئەوان زۆر گونجاوە، چونکە خزمەتگوزارییەک دەفرۆشن کە بریتییە لە پەیماندان بە خەڵک بەوەی ژیانیان باش دەکەن، ئەگەرچی زوو ئاشکرا دەبن کە ئەوەیان پێ ناکرێت.
وەک دەرونناسێکی ئینگلیز دەڵێت " ئەو شێوازەی مەماڵەی پێدەکەن وەک شێوازی تاووسی نێر وایە لەگەڵ مێیەکەیدا" کە دیارە مەبەستی ئەوەیە تاووس بە پەڕی جوان و رەنگاورەنگی، سەرنجی تاووسی مێینە رادەکێشیت کە وەک سیاسیەکانە بەخۆنمایشکردن و خۆنواندن و گرنگیدان بە رووکەش سەرنجی جەماوەرەکەیان رادەکێشن،بەبێ گرنگی دان بە پێداویستی راستەقینەی خەڵک،چونکە ئەوەی تاووسی نێر دەیکات بەرامبەر مێیەکەیبەهەمان شێوە هەڵخەلەتاندن و یاریپێکردنە.
خودشەیداکان ئەوکاتەی لەقەیراندا دەبن ودەکەونە بەرەی بەرگریکردن لەخۆیان زۆر تورە و تێکشکاو دەردەکەون، کەدەکەونە هەڵەیەکی زەقەوە دەست دەکەن بە درۆکردن،لەلاوازیدا دەست دەکەن بەهێرشکردنە سەر بەرامبەریان،بۆخۆپاراستنیان لەئابڕوچوون ئینکاری دەکەن و ئەوانی تر تاوانبار دەکەن وخۆیانی لێ دەردەکەن.
کۆمەڵێک نەرجسیی بەڕێوەن، پارە و سامان و دەسەڵاتی ئەم وڵاتەدەگرنە دەست بەبێ هیچ ویژدان و بەزەیی و ئینتیمایەک جگە لە ئینتیما بۆ خۆیان و بەرپرسە نەرجسییەکانیان. ئیشی ئێستامان ناسینەوە و جیاکردنەوەیانە لە سیاسیی و بیرۆکرات و چالاکوانی راستەقینە، کە دەبێت بە سەرەتایەک بۆ ئەوەی یان نەگەنە دەسەڵات یان دواتر ئاسانتر لاببرێن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە