قسەکانی جەلالی شێخ کەریم!

22/08/2024

کاوە شێخ عەبدوڵڵا



بەبۆنەی لیست و لیستکاری نێوان هەولێر و بەغدا

ساڵی 2006 مام جەلال و کاک مەسعوود لەلێدوانێکیاندا رایانگەیاند: بەمزووانە کوردستان دەبێتە خاوەن یەک هێزی ئاسایش و یەک پێشمەرگه و یەک پۆلیس.

بۆ شەوەکەی میدیاکانی یەکێتی و پارتی، زۆر گەشبینانە ئەم لێدوانەیان کرد بە باسی سەرەکی و زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەکرا. خەڵکیش چاوەڕوانییەکی زۆر زۆریان لەم قسانە هەبوو.

من ئەو کاتە لە ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) کارم دەکرد، بۆ بەرچاوڕوونی لەسەر چۆنێتی تێکەڵکردنی پۆلیس و کارمەندەکانی وەزارەتی ناوخۆ، چووم چاوپێکەوتنێک بکەم لەگەڵ ( جەلال شێخ کەریم) کە ئەوکاتە بریکاری وەزیری ناوخۆی ئیدارەی سلێمانی بوو. ئێستا وابزانم خانەنشین بووەو ئەرکێکی زۆر گەورەی ژینگەیی بەجێ دەهێنێ کە زۆر کەس بە ڕێز و ستایشەوە وەسفی ئەرکەکەی دەکەن ئەویش پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانی ناوچەی قەرەداخە لە ڕاو و کوشتن.

دیدارەکەمان لە وەزارەتی ناوخۆی ئیدارەی سلێمانی لە بینای سەرا کە ئێستا تێکدراوەو کراوەتە کافتریا ئەنجامدا.

کاتێک هاتمە سەر پرسیاری چۆنێتی تێکەڵکردنی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە کە دوێنێ مام جەلال و کاک مەسعوود ڕایانگەیاند،  جەلالی شێخ کەریم تەجیلەکەی منی کوژاندەوە کە مقابەلەکەی تێدا تۆمار ئەکرا. وتی: ئەوە تۆ ئەڵێی چی، تێکەڵکردنەوەو ڕێکخستنەوەی چی، وەڵڵایی کارێکمان کردووە بەخوای گەورەش چاک نابێ تازە!

جەلالی شێخ کەریم وتیشی: مالیکی بەردەوام داوای لیستێکی ڕێکوپێک و مەوسوقمان لێدەکات لەسەر پێشمەرگە و ئاسایش، کەچی ئێمە وەک یەکێتی ... ژمارەیەکی وت لەبەر ئەوەی بیرم نییە نامەوێ دەقیق بڵێم ئاوای وت.. بۆ نموونە 45 هەزار پێشمەرگەمان نووسیوە پارتیش نزیکی 60 هەزار، کەچی بە هەردوولامانەوە 50 هەزار پێشمەرگەی فیعلیمان پێ کۆناکرێتەوە. کاتێکیش ئەمانەوێ ئەم ژمارانە کەم بکەینەوە، پارتی ئامادە‌ نییە لە ژمارەکەی خۆی کەم بکاتەوەو یەکێتیش نایەوێ تا پارتی کەمی نەکاتەوە ئەمیش کەمی بکاتەوە. کەواتە بەو هەموو ژمارە وەهمییەوە ناوێرن لیست بنێرن بۆ بەغدا.

جەلالی شێخ کەریم نەیویست ئەم بەشەی قسەکانی بڵاوبکەینەوە وتی ئەمە مەسائیلی ئەمنییەو بۆ ئەوە نابێ هەموو کەس بیزانێ، بەڵام هیوادارم ئێوەی ڕۆژنامەنووس ساویلکەو خۆشباوەڕ نەبن بەو مژدە خۆشانەی دەدرێن لەسەر تێکەڵکردنەوەو یەکگرتنەوەو شت، چونکە تا ڕۆژی مەحشەر ئەم شەڕە جنۆکەیەی پارتی و یەکێتی چاک نابێ لەناو حکومەتا. بێتو بەغدا سووربێ لەسەر داواکردنی ژمارەی ڕاستەقینەی هێزە ئەمنییەکان ئەوا حەیامان ئەچێ!

ئێستا کە نێوانی هەولێر و بەغدا لیستڕێژکراوە بۆ ناردن و نەناردنی مووچەی کوردستان، دەبێ سەرەڕای هەموو نیەتە خراپ و خۆسەپێنییەکانی بەغدا، لەوە دڵنیابین کە ئەو هەموو گووکارییەی دەستمان تێیچووە، نەتیجەی ئەو تێکەڵوپێکەڵییەیە کە 33 ساڵی ڕەبەقە، پارتی و یەکێتی بە حکومەتی کڵۆڵی هەرێمی کوردستانی دەکەن. ئێستا کە فەرمانبەر و مووچەخۆری ڕاستەقینە ئیحتیاجی کەوتووەتە بەغدا، بەغدا ئەوانیشی هاوێشتووەتە ناو گێژاو و گووکاری پارتی و یەکێتییەوە.

لەمەیاندا بەغدا حەقی تەواوی بەدەستەوەیە کە لۆمە و سەرزەنشت و تەنانەت سووکایەتیش بکات بە حوکمڕانانی کورد، کە پاش 33 ساڵ حکومەتداریی، کەچی نەک داتابەیسێک، بەڵکو لیستێکی کاغەزبازی ڕێکوپێکیشی نییه بۆ چوار پێنج ملیۆن خەڵکی خۆی!!

بەغدا ئێستا هەلێکی مێژوویی بۆ هەڵکەوتووە بەهەر جۆرێک بیەوێ سووکایەتییان پێ بکات، چونکە ئەمان زۆر بە سووک و کەم ڕووانیانە ئەزموونی حوکمداریی. وەک جەلالی شێخ کەریم هەژدە ساڵ لەمەبەر وتی: ئەگەر بەغدا هەر سووربێ لەسەر لیستێکی راستەقینەو ڕێکوپێک، ئەوا حەیامان دەچێ!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە