بۆنە نیشتمانیەکان

01/09/2024

مەلا فرمان



مێژوی میللەتان پڕە لە روداوی دڵخۆشکەر و پڕ نەهامەتی و کارەساتبار، ئەم روداو و کارەساتانە بە شێوەی جیاجیا بونە بە بۆنە و یاد دەکرێنەوە: ئایینی، نیشتمانی، یان یادی بیرمەند و کاریزما و سەرکردە فریادرەسەکانە. لە کوردستاندا، بۆنە گرنگەکان بریتین لە:
جەژنی نەورۆز
محمد ڕەسوڵ(هاوار)دەڵێ" ئەتوانین بڵێین پیرەمێرد بەهێزترین هۆ بووە بۆ گێڕانی ئاهەنگی
نەورۆز و بوژاندنەوەی" . 
 دوای ئەوەی ئیتحاد و تەرەقی لە ١٩٠٨ پاشگەزبوەوە لە دروشمی " ئازادی برایەتی و دادپەروەری" و دژی تەواوی نەتەوە ناتورکەکان وەستایەوە، لەولاشەوە ستەمی ئینگلیز لە کورد، نەبونی قەوارەی دەوڵەتی کوردی کە بتوانێ لە سایەیدا هیج نەبێ یادی رزگاری  نیشمانی بکاتەوە، نەخویندەواری و دواکەوتویی تاکی کوردیش بونە هۆکار گەلێک کە بیرمەند پیرەمەردی شاعیر بیر لە کردارێک بکاتەوە بۆ جۆشدانی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی لە ناخی تاکی کوردا. بۆ ئەم بوارە نەورۆزی هەڵبژارد. هەر زوو خەڵکی لەدەوری ئاگری نەورۆز کۆکردەوە، جۆش و خرۆشی خەڵکی دژی زوڵم و زۆرداری ئینگلیز و تورکەکان تاودا. بەڵی مامۆستا پیرەمێرد سەرکەوت.
لێرەوە نەورۆز و ئاگرەکەی بوون بە بۆنەیەکی گشتی لە ناخی هەمو تاکێکی کوردا، بو بە جێگرەوەی نەبونی بۆنەی رزگاری و دروستبونی دەوڵەتی کوردی. تەشەنەسەندی بیری نەتەوەیی لەم بۆنەیەوە زۆرێک لە نەیارانی کوردی توشی نەخۆشی کرد. بۆیە هەرزو کەوتنە دژایەتیکردنی ئەم بۆنەیە، دەیان پروپاگەندەی ناڕەوا و قسەی نەشیاویان بڵاو کردۆتەوە، موخابن هەندێ لە پێاوە ئایینیە کەڵفامەکان بە زوڕنای دوژمنان هەڵپەڕیون. ئێستا ئەوەی گرنگە  نوسەران و  مێژونوسان و پیاوانی ئایینی و سیاسیەکیان و هەمو تاکێکی کورد لەو روانگەیەوە بڕوانن کە نەورۆز بۆتە بۆنەیەکی نەتەوەیی کورد، وەک چۆن چەندین نەتەوەی تر بەو بۆنەوە ئاهەنگ دەگێرن.
بۆنە ئایینیەکان
بۆنە ئایینەکانی وەک ئیسلام، ئیسلامی شیعي، کریستیان، ئێزیدی، یارسان و زەردەشت، وەک بۆنەیەکی ئایینی یاد دەکرێنەوە، کوردیش بە پێی دابەشبونی بەسەر ئایین و مەزهەبی جیاجیادا هاوبەشی ئەو یادکردنەوانە دەکات. موخابن، رابردو دەری خستوە خراپ بەکارهێنانی هەندێ لەم بۆنە ئایینیانە زیانی بە نەورۆز و بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد داوە. یان دژایەتیکردن و بێڕێزیکردن بە ئێزیدی و یارسان و زەردەشتیەکان.
بۆنە کارەساتبارەکان
یەکەم: شکستی بزوتنەوە چەکداریەکان
 شکست وئاشتەباڵی بزوتنەوە چەکداریەکانی کوردستان، دیارترینیان:  شێخ سەعیدی پیران، قازی محمد و مەلا مستەفای بارزان.
دوەم : پرۆسەی ئەنفال
پرۆسەی کوردقڕان ( ئەنفال) و هەڵەبجە خوێناویترین کارەساتە لە مێژوی سەردەمدا کە بەسەر گەلی کوردستاندا هاتبێت. زیانی نەتەوەیی، جەستەیی و دەرونی ، سەربازی، ئابوری و ژینگەیی زۆری بە کوردستان گەیاندوە و کاریگەریەکەی درێژەی هەیە.
سێیەم: دوبەرەکی شەڕی ناوخۆ
دوبەرەکی و شەڕی ناوخۆ لە باشور بەکوشندەترین نەخۆشی درێژخایەنی سەر جەستە و دەرونی گەلی کوردستان  دادەنرێت. نزیکەی ١٠٠ سەد ساڵە ئەم پەتا پیسە  لە باشور بڵاو دەکرێتەوە: مەلا مستەفای بارزان، ئیراهیم ئەحمەد، مام جەلال تاڵەبانی هۆکار و داهینەری ئەم پەتا کوشندەیەن، بازنەکانی دەوریان و نەوەکانیان لە ژێر ناوی پارتی و یەکێتی درێژە پێدەری ئەم سەرەتانەی جەستەی کوردن. ئەم دو حیزبە کاریگەری نەرینی زۆریان کردۆتە سەر هەست و بیری نیشتمانی و نەتەوەیی، ئەگەر تا دوێنێ و ئەمڕۆ ستەمی دوژمنان خۆشەویستی نیشتمان و نەتەوەی لە ناخی نەوەکانی کوردستان چاندبێ، ئەوا رەفتاری ئەم دو حیزبە لە باشور رێک کاریگەری پێچەوانەی کردوە بە تایبەتی لە ماوەی ٣٣ ساڵی حوکمڕانیدا. درێژەکێشانی ئەم( دو و چەند) بەرەکیە دەری دەخات لە باشور کەسی کاریزما و سەرکردەی فریادرەسمان نیە تا شایەنی یادکردنەوە بێت. ئەم دو تاقمە:
١-ناپاکی و خیانەت دەبەخشێننەوە و بێشەرمانە شانازی پێوە دەکەن.
٢-سەروەت و قوتی میللەت بە هەدەر دەدەن و سەودا بە خاکەوە دەکەن،   
٣-نەوەی نوێی کوردستان لە وابەستەیی بە نیشتمانەوە دوردەخەنەوە و لێکیان دادەبڕن.
٤-بەدوژمن هەڕەشە لەیەک دەکەن و پەلکێشی دەکەن بۆسەر یەکتر.
ئەم پەلکێشکردنەی دوژمن لە مێژوی سەرانی ئەم دو حیزب و دو تاقمە خۆببەسیاسیزانە  بۆتە باو و نەریتی سیاسی، پاشان تەخوینکردنی یەکتر، ٣١ ئاب و ١٦ ئوکتۆبەر دو نمونەی زیندوی سەردەمن، کە تێیدا یەکتر بە خائین دادەنێن، هەردوکیان لەمەدا راستدەکەن، مێژوش وای دەنوسێتەوە. ئەوەی جێی تێڕامینە و قوڕەکە سەختتر دەکاتە شانازیکردنە بەم ناپاکیە لە جیاتی پەشیمانی و داواکردنی لێبوردن لە میللەت.
لە کۆتاییدا، بۆئەوەی بڵێین، بۆ زەرورە ٣١ ئاب و ١٦ ئوکتۆبەر وەک دو بۆنەی کارەساتباری نیشتمانی کورد یادی بکاتەوە؟  بە وتەیەکی رەوانشاد جەوهەر نامق ئەندامی مەکتەبی سیاسی پدک دەستپێدەکەم، جەنابی دەفەرموێ " ئەوەی لە ٣١ ئاب کردمان پەڵەیەکی رەشی لا نەچووە لە نێوچاومان": 
١-پێویستمان بە پیرەمێردێکی ترە تا هاوشێوەی نەورۆز ئەم دو بۆنەیە بگشتێنێ و هەست و سۆز و ویژدانی میللەت بەرامبەر بە خیانەت و دوبەرەکی بوروژێنێ، بەم دو تاقمە بڵێن، نا.
٢-دوژمن، دوژمنە و نابێت بۆسەر یەکتر و نیشتمان پەلکێشبکرێ.
٣- چاو لە رەوانشاد  بکەن، پێ لەو هەڵە خەتەرناکە بنێن و داوای لێبوردن بکەن، نەک شانازیکردن بە خیانەتەوە.



کەرکوک،١/٩/٢٠٢٤

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی