لەرۆژی مردنی مامجەلالدا ....

6 کاتژمێر پێش ئێستا

عەبدولرەزاق شەریف


 عێراقیەکان بە (سونە ، شیعە و نەتەوە و ئاینەکانیتر) داوایان لە یەکێتی و بنەماڵەی مامجەلال کرد کە تەرمی مامجەلال لە فرۆکەخانەی بەغدا دابەزێندرێ و هەر لەوێش مەراسیمی رەسمی و  بە پرۆتۆکۆڵی کۆماری پێشوازی لە تەرمەکەی بکرێت . ئەوان لەپشتی پەردەوە  قسەیەکی زۆر جوانیان بەگوێی هەمو عێراقیەکانادا،  وتیان :
+ یەکەمین جارە لەمێژوی عێراقدا کەسێک لەپۆستی سەرۆکی کۆماردا بمرێت ! هەر خوێن و کوشتن و کودەتامان بینیوە، هەتا ئێستا لەمێژوی عێراقدا ، مەراسیمی مردن و ماڵاوایی بۆ سەرۆکی کۆمار رێکنەخراوە .! ئەگەر لەفرۆکەخانەی بەغدا ساز و ئامادەی بکەین ، ئەتوانین سەرۆکی گشت وڵاتانی جیهان بە ئەمەریکا و چین و ئێرانەوە بانگهێشتی مەراسیمەکە بکەین و هەموانیش حەزی ئامادەبونیان هەیە ، بەتایبەت کەبڵێین یەکەمجارە لەسەد ساڵەی مێژوی عێراقدا مەراسیمی مردنی سەرۆکی وڵات رێکدەخرێت .
  دیارە مەراسیمی ماڵاوایی سەرۆکی کۆمار لەدنیادا، گرنگیەکی سیاسی و دبلۆماسی تایبەتی هەیە ، بۆیە عێراقیەکان هەمو هەوڵێکیاندا، رێکی بخەن .  لەروی دبلۆماسی و خوڵقی سیاسی وکۆمەڵایەتیشەوە ناکرێ و نابێ جگە لە پایتەخت و فرۆکەخانەکەی لەشوێن و شارێکیتر ئەنجامبدرێ . 
 بەڵام ئایا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بنەماڵەی مامجەلال بۆچی ئەو غەدرەیان لەخۆیان و لە مامجەلال و لە کورد و کوردستان کرد ؟ 
 مەلا بەختیار وەک ئەوەی هەنگی لەکلۆرە دارا دۆزیبێتەوە سەری مەوزوعەکەی دەرخست و نەیوێرا و نەیویستوە تەواوی بکات .! هەمیشە کەپرسیاری زانیاریەکانی ناو نوسینەکانی ئەو لەمن دەپرسن ، بەبێ سێودوو ئەڵێم هەمویان راستن بەڵام ..!
  دیارە دێڕی دوای بەڵامەکە هەقیقەتی مێژووە نەک ئەو قسە راستانەی کەمەلا بەختیار بۆ مێژوو دەیکات .
 باشترین نمونەش قسە کردنیەتی لەو رۆژەی تەرمی مامجەلالی تێدا، گەڕایەوە .
 بەڵێ غەدرێکی گەورە لە مامجەلال و یەکێتی و کورد و کوردستان کرا بەوەی نەیانهێشت ئەو مەراسیمە جیهانیە لەفرۆکەخانەی بەغدای پایتەخت رێکبخرێت .! بەڵام سەبەبکاری ئەوەڵ و ئاخیر  مەسعود بارزانی لەرێگەی مەلا بەختیارەوە بوو .! چونکە ئەو سەروەختە، شکستی ریفراندۆم هێشتا وادەی نەچوبوو .! پەیامی ئەوەڵ و ئەخیری بارزانی ئەوەبوو : 
  - هەرگیز ئامادە نیە لە ریفراندۆم و  لێکەوتەکانیدا، سەردانی بەغدا بکات و سەرکردە عێراقیەکان ببینێت، رازیش نیە ئاڵای عێراق بەنەعشی مامجەلالەوە ببینێت .!
 ئەم پەیامەش لەرێگەی نێچیرڤان بارزانییەوە بە مەلابەختیار گەیشت ، کە ئەوکات بەپێی پەڕەو و بەکرداریش دەسەڵاتی یەکەمی ناو یەکێتی بوو .! 
  لەبەر خاتری مەسعود بارزانی، قەناعت بە هێرۆخان کرا و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەو غەدرە مێژوییەیان لەمێژوی مامجەلال کرد .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی