دەربارەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە

6 کاتژمێر پێش ئێستا

د. موئمین زەڵمی


هەفتەیەکە بازار و شەقام و دارو عەمود و دیوارمان رەنگاورەنگە، دیواربەندەکان، حەوشەی گوند و گەڕەکەکانی شار و باڵەخانە بەرزەکان، شاری یاری و پارک و شوێنە گشتییەکان، چوار وەرزەن و هەر چاوگێڕانێکی خێرا وێنە، پۆستەر، فلێکس و ریکلامێکی کەسایەتییەک و حزبێک و لیستێکی پێوەیە و وێنە بە وێنە دەڵێ بڕۆ ئەولاوە.

بانگەشەکە بۆ هەڵبژاردنە دواکەوتووەکەی پەرلەمانی کوردستانە کە دەبوو لە ٢٠٢٢ دا ئەنجامبدرێت بەڵام ئێستا ئامادەکارییەکان ئاماژەن بەوەی کە ٢٠ی ئۆکتۆبەر، واتە پانزە رۆژیتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و جگەلە پانزە حزب و لیست و هاوپەیمانی، دەیان کەسی سەربەخۆش خۆیان کاندیدکردووە کە بە هەموویانەوە دەبنە ١١٩٠ کاندید.

هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی کوردستان ٢٠٢٤ (هیوادارم دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەبێت!)، لە دۆخێکی تەواو جیاوازی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و تەنانەت فەرهەنگی دایە، دۆخێک کە هەرێم و عێراق و ناوچەکە بە دەرودراوسێوە لە بەردەم هەڕەشەی گەورەدان، تا دێت تین و پریشکی ئاگری شەڕ زیاتر گەرم دەبێت، خەریکە دەگاتە سنور، نا گەشتووەتە چەقی شارەکان، بۆیە لەگەڵ دڵخۆشیی تەواو بە پێشکەوتنە زانستییەکان و تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکرد، زۆر گرنگە بە ئارامی کوردستان لە بەڵاکانی شەڕی سایبەری و درۆنە زیرەکەکان بپارێزین.

بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجاری پەرلەمانی کوردستان، هەندێ جیاوازی لێوە بەدیدەکرێت کە زۆرینەیان ئەرێنی و هەندێکیشیان نالەبار و ناسازن، بەڵام ئەگەر (هەڵبژاردنیش لە کاتی خۆیدا بەڕێوە نەچێت، دیسان بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خۆی کاریگەر، جیاواز، سەرنجراکێش و بەهێزە)و باش بەڕێوەچوونی بانگەشەکە نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی هوشیاری کۆمەڵگەی ئێمەیە.

هەڵبژاردنی ئەمجارە لە ڕووی یاسا، شێوازی بەڕێوەچوون و پێکهاتەی پەرلەمانی ئایندەوە هۆکاری سەرەکییە بۆ بانگەشەیەکی لەمشێوەیە، چونکە چربوونەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە چوار بازنەدا، هەروەک کەمبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە یانزە کورسی، و لەسەروو هەمووشیانەوە گەشبینی گشتیی بەرامبەر بە هەڵبژاردنێکی پاکتر و نەزیهتر لە پێشوو (چونکە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەی دەبات و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چاودێری دەکەن)، وایکردووە کە حزبەکان گەرموگوڕتر بانگەشە بکەن و ئەمەش لە پەیام و گوتار و کارنامەی لیستەکاندا رەنگیداوەتەوە.

ئەگەر سەرنجی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ٢٠٢٤ لە پارێزگای هەولێر بدەین، کە لەسەدا ٣٦ی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت، جیاوازییەکی گەورە دەبینین، بۆ یەکەمینجاربوو لە هەولێردا هێزی حاکم پێداگری گەورەی کرد لەسەر لادانی سەرۆک لیستێک کە رۆژنامەنوس (شێروان شێروانی-سەرۆکی لیستی هەڵوێست/١٦١) بوو لەم هەڵبژاردنەدا، ئەمە نیشانە و کاریگەری هەڵبژاردنەکەیە، هەروەک یەکەمینجارە لە هەولێردا (سێ ڤیدیۆی ریکلامیی لیستی یەکێتی) دەبنە ترێند، دەبنە مادەی یەکەمی بازاڕ و کۆمەڵگە، دەبنە قسەی سەرزاری خەڵک، دەبنە گۆرانی و لە کۆڵان و گەڕەک و چاخانە و کافێ و شوێنە گشتییەکاندا دەوترێنەوە، بە شێوەیەک هەریەکێک لەو ڤیدیۆیانە کە بانگەشەن بۆ (شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ/ سەرۆکی لیستی یەکێتی لە هەولێر/١٢٩)، بۆ خۆیان هێزی خۆپیشاندانێکیان هەیە بۆ خستنەڕووی دیوی پشتەوەی ڕووداوەکانی ناو هەولێر و خەم و کەسەری توێژێکی ئەو کۆمەڵگەیە دەخەنەڕوو، لە بانگەشەی شکاندنی بێدەنگیی و دۆخی رۆژنامەنوسانەوە، تا هاواری دابەشبوونی هەولێری بۆ (هەولێری هەژاران و هەولێری خواپێداوان)، لە کێشەی ئاوەوە بۆ لافاو، لە باسی کەسانی بیانییەوە بۆ غوربەتی هەولێرییە رەسەنەکان، بۆ هەولێر بانگەشەی ئەمجارە هێزێکی جیاوازی هەیە، لیستی پارتی/ژمارە ١٩٠، کۆمەڵێک کاندیدی بەتوانای لە هەموو ئاستەکاندا تێدایە، کە ئەم کواڵێتییەی کاندید پێشتر بەو شێوەیە لەبەرچاو نەگیراوە و گوتار و خیتابی لیستەکانیش بە گشتی لە بازنەی هەولێردا سادەتر و کۆمەڵایەتیترە.

هەرچی دەربارەی بانگەشەیە لە پارێزگای سلێمانی، کە سەدا ٣٨ی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی بەرکەوتووە، تەواو فۆڕمێکی جیاوازی هەیە، لە سلێمانی باس باسی (بافڵ تاڵەبانی/سەرۆکی یەکێتی/١٩٠) و وتار و بانگەشە و جوڵە و پەیامەکانییەتی، ئەمە نەک هەر تەنها بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە بەڵکو بۆ مێژووی حزبێکی دێرینی وەک یەکێتی خاڵێکی سەرنجڕاکێشە، ئێستا هەموو لیستەکانیتر، کەناڵ و میدیا و کاندید، پیشەوەر و چالاکوان و رۆژنامەنوس، چاوەڕێی وتار و دەربڕین و لێدوان و ڕستە کورتە کاریگەرەکانی سەرۆکی یەکێتین، بانگەشەی ئەمجارەیە پڕە لە (لۆ مارێ، زاب خودێ، جەمال و رەئوف، مدیر عام …تاد) بانگەشەی ئەمجارەیە پڕە لە هەڵدانەوەی دیوی ناوەوەی حزبەکانیتر و کێشە و ئاریشە ناوخۆییەکان، پەرەلادانە لەسەر زۆر بڕیار و هەنگاو و کرداری ناتەبا کە دەیان ساڵە خەڵکی کوردستان متقی لێ بڕاوە دەربارەیان، هەر لە زۆربوونی شوێنی لەشفرۆشەکانەوە، تا ستەمی گەورەی دەسەڵات لە مامۆستایانی ئایینی، لە تێهەڵدانی مامۆستایانەوە تا دەمکوتکردنی ئازادیخوازان، لە سیرەوە تا پیاز، زۆر شت هەیە بێدەنگییەکەی لە دەنگەدەنگەکەی بەرزتر بوو، بانگەشەی ئەمجارە ئەم جیاوازییەی ناوەتەوە، بۆ سلێمانی کێبڕکێی لیستەکان بەهێزە، بانگەشە و ریکلامیی هەڵبژاردن کاریگەرە، بۆیەش زۆرترین شرۆڤە و لێکدانەوە هەڵدەگرێت، لە سلێمانی بانگەشەکانی نەوەی نوێ/١٥٧ لە چاوی چاڤیلاندەوە بە ئاسمانی شاردا دەڕوانن، بەرەی گەل/١٦٩ وەک هێزێکی نوێ بانگەشەی تەوژمی گۆرانێکی گەورە دەکات، قسەکانی بەشێکن لە گەرمکردنی بانگەشە و بێدەنگی بەرامبەرەکانی ئاوی ساردی رێگەی ملەی بەرزن.  یەکەمینجارە لە گەرمەی بانگەشەدا حزبێک سەرۆکەکەی بگۆڕێ و بارەگای سەرەکی بگوازێتەوە، نەک هەموو حزبێک بەڵکو حزبێکی وەک گۆڕان/١١٤ کە رۆژگارێک دووەم هێزی ئەم هەرێمە بوو. هەرچی هێزە ئیسلامییەکانی کوردستانیشە لە سلێمانییەوە، بانگەشەیەکی گەرمتر، نەرمتر و سادەتر ئیدارە ئەدەن، کۆمەڵی دادگەری/ژمارە ١٤٧، یەکەمینجارە نەخشەڕێگایەکی دارێژراوی دیراسەکراو پیادە دەکات، یەکەمجارە پلان و گوتار و راگەیاندن و دیبەیتەکانی کۆمەڵ قووڵتر دەچنە ناو خەڵکەوە. یەکگرتووی ئیسلامی/١٤٨ بانگەشەیەکی ئاییندارانە و خیتابێکی پەروەردەییانەی کاریگەرتری هەلبژاردووە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە. بزووتنەوەی برایەکی م. کرێکاری کاندید کردووە کە هەر خۆی قسەی یەکەمی دەیەی نەوەدەکانی سەدی ڕابردوو بوو، بەڵام تەنها تەکبیرەکانی مزگەوتی جیهادی سلێمانی بۆ مایەوە. هەرچی ڕەوتی هەڵوێستە/١٦١ بە سەرۆکایەتی عەلی حەمەساڵح کە خۆی دیاردەیەکی گەورەی پەرلەمانییە، و لیستەکەشی کامپەینی (کۆمەڵگەی کاندید) جێبەجێ دەکات، کاندیدەکانی سەنتەری بانگەشەن و بۆ خۆیان خاڵی کۆکەرەوەی ئەندامانی کامپەینەکە و ڕەوتی بانگەشەن.بە گشتی سلێمانی تا ئێستای بانگەشەی هەڵبژاردن، بانگەشەیەکی راقیتر و کاریگەرتر و ئاشتیانەی بەخۆیەوە بینیوە، کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم فۆڕمەدا رەنگە رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو بەرزتر بکاتەوە.

بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پارێزگای دهۆک کە لە سەدا ٢٥ی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت، بانگەشەیەکی لەسەرخۆ و نەرمەکوڵە، بەشێکی سەرەکی هێزەکان و لیستەکان نایانەوێ پارێزگاکە بۆ لیستی پارتی/١٩٠ بەجێبهێڵن و چاویان لە کورسی پارێزگاکەیە، و ڕاپرسییەکان ژمارەی سەرنجڕاکێش لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکە دەخەنەڕوو، بۆیەش لەگەڵ بوونی بانگەشەیەکی نەرمدا بەڵام پێدەچێت ئەنجامەکان گەرموگوڕ بن و ببنە سەرەتایەک بۆ گۆڕینی هاوکێشەی هێز لەو پارێزگایەدا، یەکگرتووی ئیسلامی/١٤٨ چاوی لە ژمارەیەکی گەورەیە لە دهۆک، یەکێتی و نەوەی نوێ دەیانەوێ هێزی خۆیان تابدەن، کۆمەڵ و ڕەوتی هەڵوێستیش دەیانەوەی ئیسبات وجودی خۆیان بکەن. هەڵبەتە هەر بانگەشەی ئەمجارەیە سەرکردەکانی پارتی زیاتر هێناوەتە ناو خەڵکەوە و لە میدیا و سەکۆکاندا گەرموگوڕتر دەردەکەون و پەیامەکانیان ئاستی پارێزگاکانی تێپەڕاندووە، ئەوەتا هێمن هەورامی/بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی ئەو حزبە، زۆترین دەرکەوتنی هەیە و زۆرترین جەولە، زۆرترین دیمانەی میدیایی هەیە و زۆترین ستەیتمێنتی ئامانجدار و وەڵامگۆ، کە لە هەولێرەوە قسە لەسەر سلێمانی دەکات و لە هەڵەبجەوە وەڵامی پارسەنگی هێزی دهۆک دەداتەوە و هەورامی واتەنی «پارتی ئاو لە بێژنگ نادات».

 بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە لە پارێزگای هەڵەبجە لە هەموو کاتێک زیاتر گەرموگوڕە، ڕاستە هەڵەبجە تەنها لەسەدا ٣ی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی بەرکەوتووە، بەڵام  زۆترین کاندید ململانێی ئەم سێ کورسییە دەکەن، نەک هەر ئەوەش بەڵکو زیاتر لە ١٨ کاندید بە باکگراوندی ئیسلامییەوە لە ٦-٧ لیستی جیاوازدا ئیسلامییانە و پەیامدارانە شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی کورسی پارێزگاکە دەکەن، هێندە ئیسلامییانە، کار گەشتووەتە ئەوەی هێزە نەتەوەییەکانیش گوتارەکەیان بەشێکی بووەتە بانگەشەی پێداچوونەوە بە مافی مامۆستایانی ئایینی و بەرگری لە موقەدەساتی ئیسلام و رێگری لە شکاندنی سنوورە قەدەغەکان.

لە کۆتاییدا، بانگەشەی هەڵبژاردن گەرموگوڕە و چاوەڕێ دەکرێت زیاتر تین بسێنێت، بەڵام دۆخە ئەمنیی و سیاسییەکەی ناوچەکە، دانبەخۆداگرتن و ئارامی و کەمبوونەوەی بەریەککەوتن و رێگری لە تەشەنوجی زیاترمان لێ دەخوازن، بەو هیوایەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ببێتە هۆی «بەهێزبوونەوە»ی کوردستان، وەک چۆن بانگەشەکەی وێنەیەکی بەهێزی کۆمەڵگەی کوردستانی خستۆتەڕوو، کۆمەڵگەیەک کە فێری یەکترقبوڵکردن و بانگەشەی ئازادانە و گوتار و وتاری بەرۆژ بووە، ئاواش ببێتە کۆمەڵگەیەک کە ئەنجامی هەڵبژاردن قبوڵ بکات و ئامادەبێت بۆ هاوسەنگبوونەوەی دەسەڵات و گۆڕینی پارسەنگی هێز.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی