شەڕ کەسێك دەکات بە حوکمڕان وەکیتر هیچ پێگەی لە کۆمەڵدا نیە

16/10/2024

دکتۆر ڕێبوار فەتاح




سەختە لە دنیایەکی ڕەقدا، دڵت وەك پەڕەی گوڵ ناسك بێ. تێگەیشتن و بڕیاردان گەلێك ئاڵۆزن، ماندوومان دەکەن. زۆربەمان بۆ وەڵامی ساکار دەگەڕێن، ڕەش و سپی، سارد و گەرم، خێر و شەڕ، خاس و بەد، ئەمسەر و ئەوشەر، ئەمپەڕ و ئەوپەڕ، سەرما و گەرما، ئاشوب و ئاشتی، بەهەشت و دۆزەخ، خودا و شەیتان، کافر و موسوڵمان. تەنانەت لەم بڕیارەشدا پشت بە ئەقڵی خۆمان نابەستین، چاومان لە دەمی کەسانی دیکەیە.

ئەو دیدە ساکارە هەرگیز ژیان لێكناداتەوە. لەنێوان هەر جوتێکدا بێشومار بە دۆخی دیکەدا تێدەپەڕین. نە سپی پەتیە و نە ڕەش؛ نە شەڕ پەتیە و نە خێر. ژیان تێکەڵە، ئاڵۆزە و بەبڕشتە. تەنیا خێر و شەڕ دژ یەك ناجەنگن؛ ئەمانیش لەنێوان خۆیدا لە جەنگدان. زۆرجار بەدکاری لەنێو خۆیدا لە جەنگدایە بۆ داگیرکردنی خاسکاری زیاتر.

ئایا دوو جەنگی جیهان لەنیوان خێر و شەڕدا بوون؟ یان شەڕ بوو بۆ داگیرکردنی خێر. ئایا جەنگی عێراق و ئێران هەشت دانە ساڵ (١٩٨٠-١٩٨٨) لە قوربانی و داڕمان، لە نێوان ئاشوبخواز و ئاشتیخوازدا بوو؟ یان جەنگ بوو بۆ تێکدانی ئاشتی ئێمە.

لە جەنگدا ئەوی کە دەدۆڕێ، هەمیشە دەکرێ بە چەتەوەڵ، ئاشتی تێکدەدات. وەك دەگوترێ، براوە مێژوو دەنووسێتەوە. زۆرکەم هەبووە، لایەنی شەڕ، بە پێی هێزیان، لەسەر ئاشتی ڕێکنەکەوتبن. بەڵام کێ سەریخستوون – خەڵك. ئەمان هەم خەڵوز، هەم ژیلەمۆ و هەم خۆلەمێش بوون. ئەوەی دەدۆڕی دایکی جەرگسوتاوە.

ئایا شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، حەماس، حزبوڵا، حوثی و تد، شەڕی ئاشوب و ئاشتیە؟ هەرگیز، بگرە دژی ئەو چەند دەنگەیە کە دەیەوێ کۆتایی بە ناکۆکی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بهێنێن؛ دژی کەسێکە دەیەوێ بە ئاشتی بژی. کەس سەرناکەوێ، بەڵام دەزانم کێ دەدۆڕێ. ئایا کوشتنی سەرکردەی حەماس و حزبوڵا و ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاشتی بەرقەرار دەکات یان بەردەوامی بە شەڕ دەدات؟ ئاشوب هەرگیز بەرەو ئاشتیمان نابات! ئاشتی ژیان دەخەمڵێنێ و نیشتمان ئاوەدان. هەڵبەت لە ئاشتیدا، سەرکردەی ساویلکە و جەنگخواز جێی نابێتەوە، بۆیە داهێنانی دوژمن بەشێکە لە بەردەوامی جەنگ.

ئایا بزوتنەوەی چەکداری شەستەکان، جەنگ بوو بۆ مافی کورد؟ هەرگیز، ئاشوب بوو بۆ چارەسەری کێشەی سنووری عێراق و ئێران لە بەرژەوەندی شاهـ و دوورخستنەوەی عێراق لە هاوپەیمانی سۆڤیەتی جاران، کە مەترسی بوو لەسەر سێکوچکەی ئێران، ئیسرائیل و ئەمەریکا. هەربۆیە، ئێران لە ١٩٦٢دا، ئیسرائیل ١٩٦٤دا و ئەمەریکا لە ١٩٧٢دا هاوکاری بزوتنەوەی بەرزانی دەکەن. بۆ لایەنی کورد - بەرزانی، زاڵکردنی خۆیان بوو، لاوازکردنی ئەقڵی شار و جێگرتنەوەی بوو بەوی گوند. لە کۆتایدا ئەقڵی بەرزان جێی ئەوی سلێمانی و هەولێری گرتەوە. ئەقڵی گوند هەرگیز ناتوانێ دەستگای شارستانی سەردەم دابمەزرێنێ، تا ئەمڕۆ ئەم ئەقڵە لە شکستێکەوە بۆ یەکیەکی دیکە دەچێ.

پارتی و یەکێتی ساڵانێکی زۆر، لە شاخ و شار، کوردیان کوشت و ئەو کەمەی بیناکرابوو دایانڕماند، کامیان ئاشوبخواز و کامیان ئاشتیخواز؟ کامیان خێر بوو، کامیان شەڕ؟ ئەو شەڕە چیدی نەبوو بەهیزکردنی پێگەی خۆیان و لاوازکردنی خەڵك نەبێ؛ شەڕی پەرتەوازەکردنی لاوان و کەنارخستنی ڕۆشنبیر و ئەقڵمەند بوو. جەنگی شەڕ و شەڕ بوو بۆ داپڵۆسینی خێر – ئیمە.

ئایا پارتی و یەکێتی ئێستا لە جەنگدان؟ گوێ لە هەرچکامیان دەگرم، ئاشتیخواز و ئاوەدانکارە و بەرامبەر جەنگخواز و تێکدەر، چیدی نیە گاڵتەکردن نەبێ بە ئەقڵی مرۆڤی ساویلکە. ئەنجامی کوشتار و داڕمانی زیاد لە ٧٠ ساڵە، دامەزراندنی میرنشنی بنەماڵەیە لە سلێمانی و هەولێر. کێ براوەیە؟

ئایا جەنگی ئۆکرانیا - ڕوسیا بۆ لەنێوبردنی زوڵمە؟ هەرگیز، بەڵکو بۆ دوورخستەوەی ڕوسیایە لە دامەزراندنی بەرەیەکی نوێی جیهان - چین، ئێران، هندستان و ڕوسیا – بەرامبەر ئەمەریکا و ڕۆژئاوا. ئەو پووڵەی دەچێتە ئەو جەنگەوە، هیچ نیە لەچاو ئەوی لە دوورخستنەوەی بەرەکە دەستدەکەوێ. ژیانی خەڵکیش لەلای بازرگانی جەنگ، پووشە.

بۆ مانەوە و بەردەوامبوونی، جەنگخواز هەمیشە پێویستی بە دوژمنە، تا پیشانی بدات نیشتمان و گەل لەژێر مەترسیدایە. گەر بۆی نەکرێ دوژمنی وەهمیش بەدەرد دەخوات، وەك ئەوەی نێوان پارتی و یەکێتی. هەموو سامانی نیشتمانیان داگیرکردووە و لەنێوان خۆیاندا دابەشیان کردووە، کەچی شەڕەدەنووکیانە و لافی ناکۆکبوون لێدەدەن. ئەمیان گەمەیە.

ئۆردۆغان، بۆ ئەو نەهامەتیەی کە خودی خۆی و حزبەکەی بەسەر تورکیادای هێناوە، لۆمەی کورد دەکات. خەڵکی ساکاری تورکیش حەماس دەیانگرێ و نەفرەت لە کورد دەکەن. کوردیش هێند ساویلکەیە، دەیەوی بە کلاشینکۆفی ژەنگاوی و پەیوەندی بەستن لەگەڵ عێراق و ئێراندا ئەو شەڕە بکات. ئەمە هەرگیز شەڕی کورد نیە. شەڕی مانەوەی ئەقڵێکی کۆنی بەسەرچووە. بەردەوامبوونی چەوساندنەوەی کوردە.

گەر شەڕ نەبێ، نە حەماس دەبێ و نە ئیسرائیل. گەر شەڕ نەبێ، نە پارتی دەبێ، نە یەکێتی، نە هیچ گروپێکی چەکدار. چەوساندنەوەی کورد جێ بۆ ئەم گروپانە دەکاتەوە؛ کۆمەلێك دەبن بە سەرکردەی نەتەوە؛ وەکیتر هیچ جێیەکیان لە کۆمەڵدا نیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی