ڕۆژی نەخۆشكەوتنی كاك قادری حاجی عەلی بكرێتە تەوژمی ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی گۆڕانی گۆڕانخوازان

16/10/2024

محەمەد کیانی


 
‎لە ٢٠٢٠/١٠/١٥، بە بۆنەی توشبوونی كاك قادر بە نەخۆشی كۆڕۆنا و داخیل كردنی لە نەخۆشخانە، لە پەرۆشیا بۆ ئەو جوامێرە چەند دێڕێكم نووسی، ئەمڕۆ فەیسبووك بیریهێنامەوە، وەك خۆی لە خوارەوە دایدەنێمەوە. 
‎ئەم بیرەوەریە غەمناكە، نەخۆشكەوتنی كاك قادری حاجی عەلی دواتر كۆچكردنی، دەبێ بكرێتە بۆنەیەك بۆ زیندووكردنەوەی ئەو پڕۆژەیەی خولیای ئەو و ئێمە و هەزاران خەمخۆری دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و خوازیارانی دادوەری و یاساسالار و گۆڕانخوازان بوو، گەیشبووە قۆناخی جێبەجێكردن، بەداخەوە، بە مەرگی كاك قادر ئەویش لەبار چوو. 

‎ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانانەی ئەم. دوایانەی بەسەر بزووتنەوەی گۆڕان و سەركردایەتیە نەزۆكەكەی داهاتووە ئاماژەن بۆ گۆڕانكاری پۆزەتیڤ بە ئاراستەی وەرگرتنەوەی پێگە شایستە پێشەنگیەكەی وەك سەرتۆپی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەی جدی لە داهاتوویەكی نزیكدا، پاش خۆ ڕێكخستنەوە و گۆڕانكاری لە ستراكچەر و پاككردنەوەی سەركردایەتیەكەی لە سازشكاران و هەڵپەرستان. بە پێچەوانەی سەرجەم لیست و قەوارە پۆپیولیستەك هەڵپەرست و نەوەكامە هەرزەكانی لە ئەنجامی شكستەكانی گۆڕان و غیابی وەك هێزە كاراكەی كاتی سەرهەڵدانی هاتونەتە پێش بێ ئەوەی شایستەیی ئەو ڕۆڵە داواكراوەیان هەبێت لە لایەنی فكری و ڕێكخراوەیی و دڵسۆزی بۆ بەرژەوەندی گشتی وەك لە باكڕاوندەكانیان بە ڕوونی ئاشكرایە و ناشادرێنەو.
‎بزووتنەوەی گۆڕانی جەماوەرە گۆڕانخوازەكەی شایستەی ئەوەیە چانسێكی تر بدەینە ئەو ئیرادەیەی دەیەوێ بزووتنەوەكە بگەڕێنێتەوە باوەشی جەماوەرە گۆڕانخوازە چەسپاوە خیانەتلێكراوەكەی لە لایەن سەركردایەتیە خۆسەپێنەرەكەی بزووتنەوەی گۆڕان. جەماوەری گۆڕانخوازی گۆڕان هەر بە گۆڕانخوازی ماوەتەوە و عەوداڵی گۆڕانكاریە لە سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق. لەگەڵ هەموو هەڵە و چەوتی و  خیانەتەكانی سەركردایەتیەكەی، تا ئێستا هیچ كەس و لایەنێك نەك نەیتوانیوە تەجاوزی ڕوح و بەرنامە و هەڵوێستە دورستەكانی سەرەتای گۆڕان بكات، بەڵكو ناتوانن خۆشیان لە قەرەی بدەن. 

‎بەڕوحیەتی تێكۆشانی كاك قادر و هاوكار و هاوبیرەكانی هیوایەكی واقیعیانە هەڵچنین لە دەرفەتی داهاتوو بتواندرێ ئۆپۆزیسیۆنە سرك و چاپووكە خاوەن بیر و پرنسیپ و چەسپاوە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەكەی جاران بخرێتەوە سەرپێ وەك هێزێكی كارا بۆ پێشەنگایەتی سیاسی بەرەی نارازی گۆڕانخواز و بخرێتەوە گەر بە میكانیزمی خەباتی جەماوەری هاوچەرخی داهێنەرانە بۆ هوشیاركردنەوە و هاندان و سازدان و بەرەنگاربوونەوە بە ئامانجی گۆڕانكاری لە سیستەمی سیاسی بە ئاراستەی بەرژەوەندی گشتی و خزمەتگوزار بۆ دابینكردنی بنەماكانی خۆشگوزەرانی گشتی، ئازادی، دیموكڕاسی، دادپەروەری، دادی كۆمەڵایەتی، پێشكەوتنی كۆمەڵاتی و ئابووری، نەتەوەسازی و دەوڵەتسازی.

‎ئەم بۆنە غەمگینە بكرێتەوە دەستپێك بۆ بنیاتنانەوەی بزووتنەوەیەكی سیاسی پاككراوە لە سەركردەكانی تووشی هەڵدێریان كرد، تۆكمە و كارا بكرێتەوە بە سوود وەرگرتن لە پرس و ڕای گۆڕانخوازان و بەشداری پێكردنیان لە گەڵاڵەكردنی سیاسەت و پڕۆژەكانی، وانە وەرگرتن لە هەڵە كوشندەكانی ڕابردووی كە لە ئاستی چاوەڕوانی جەماوەرە گۆڕانخوازەكەی و كاك قادری جوانەمەرگ دابێت.

‎لەم. هەڵبژاردنەی ٢٠٢٤/١٠/٢٠ ئەگەر بتواندرێ چەند كاندیدێكی باشی گۆڕان دەربچوێندرێن   یارمەتیدەرێكی باش دەبن بە ئاراستەی  ڕێكخستنەوەی گۆڕان و گێڕانەوەی بۆ ڕێڕەوە سورشتیەكەی گۆڕانكاری ڕیشەییە لە سیستەمی سیاسی هەرێم. و عێراق.

‎بە هیوای پشتگیری كردن و دەنگدانی گۆڕانخوازان بە كاندیدە دەستبژێرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕۆژی دەنگدان و دەرچواندنیان وەك نوێنەری جەماوەر و بزووتنەوەكەی. بگومانم لەوەی پارتی و یەكێتی دەگەڕێنەوە پاڵ یەكتر و پێكەو، ڕەنگە بە بەشداری یەك دوو لایەنی تر، حكومەت پێكدێننەوە، بە هەندێ تەرتیباتی نوێ بە بەرژەوەندی لایەنێكیان كە ڕەنگدانەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردن دەیسەپێنێ. لایەنەكانی تر تەنها گرنگیەكەیان لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران و فەلەجكردنی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە دەبێت كە سێنتەرە فكری و دینەمۆیەكەی گۆڕانی جەماوەرە گۆڕانخوازەكەیە كە تا ئێستاش زیندووە و پێكۆڵ دەكات و لە دەرفەت دەگەڕێ سەركردایەتیەكی پێشەنگ تاوی بدات بەرەو بەدیهێنانی ئامانجی داواكراو. گۆڕانێكی جیاواز لە گۆڕانە بەبارمتگیراوەكەی بەدەست سەركردایەتیە سەپێندراوەكەی بە یەكانگیری ویستی و بەرژەوەندی هەڵپەرست و ئیخوانیەكان و پشتگرانی میراتگری لە دوای كۆچی دوایی كاك نەوشیروان بە مەرامی دەرپەڕاندنی كەسە بەتوانا و سەركردە كاریگەر و دڵسۆزەكانی وەك كاك قادری حاجی عەلی و هاوڕێیانی. گۆڕانی جەماوە گۆڕانخوازەكەی دەبێ هەڵسێندرێتەوە و هەر ئەو دەتوانێ گۆڕانكاری بكات. 

‎داوا لە جەماوەری گۆڕانخوازی هەرێم دەكەم دەنگی خۆیان نەفەوتێنن، دەنگ بدەن بە كاندیدە بەرجەستەكانی گۆڕان. ئیرادەمان بسەپێنین بە سەر سەركردە سازشكار و كەسە هەڵپەرستەكانی بەشێك بوون لە بەلاڕێدابردنی گۆڕان و سازشكاریەكانی. 

‎لە هەموو وڵاتان ئەو جۆرە سازش و لادانانە لە بزووتنەوەی سیاسی ڕوویداوە و ڕاستكردنەوەی ڕێڕەو بوەتە هۆی هەڵسانەوەی بە گوڕ و تین و بەدیهێنانی دەستكەوتی گەورە بۆ سەرجەم هاوڵاتیان و بەردەوامی قەوارە سیاسیەكە بۆ دیان وساڵ و تاكۆ ئێستاش.

‎ئەگەر درەنگیش هاتوونەتە پێش، هەموو ئاماژەكان ئێستای گۆڕان بە ئاراستەی هەڵسانەوەیەكی كرداری ڕاستەقینەیە لە ژیانی سیاسی هەرێم و عێراق، با بە ئومێدی بەشداری كردنی ئەم هەنگاوە سەرەتاییە گرنگە بین و ئەم دەرفەتە تۆكمە و بەگوڕكەین بە دەنگدان بە كاندیدەكانی بزووتنەوەی گۆڕان.
‎سەركەوتن بۆ ڕاستییە
‎ڕوحی كاك قادر شاد و ئاسوودە بێت.

15 Oct 2020

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی