لە ماوەی رابردودا پارلەمانی ئێران دەنگی نەدا بە زمانی كوردی وەك زمانی خوێندن و نوسین ، نەك هەر ئەوەندە بگرە تا ئەمڕۆش لە سەر وتنەوەی وانەی كوردی بە منداڵان لە شارەكانی كوردستان مامۆستایان و خوێنەواران دەگیرێن و سزا دەدرێن ، ئەو ترسە لە زمانی كوردی وای كردوە نەیارانی پەیڤی كوردی زەندەقیان بچێت و كوردی خوێندن و كوردی نوسینیان پێ بۆمب و ناپاڵم ترسناك تربێت ، لە كاتێكا هەر لەو وڵاتی ئێرانە زۆر نوسەرو بیركەرەوەو شاعیری كورد خزمەتی گەورەیان بە زمان و فەرهەنگی فارسی كردوە ، هەر ئەوەی ئیراهیم یونسی ، عەلی ئەشرەفی دەروێشیان و هەژاری شاعیر لە وەرگێڕانی قانون پزیشكیەكەی ئیبن سینادا بۆ ئێران و زمانی فارسیان كردوە ، دەبوو بۆ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە زمانی كوردی جێی شانازی بوایە، لێرەدا ناكرێت ناوگەلی زۆر ڕیز بكەین ، بەڵام نابێت بیرمان بچێت كە ئێرانیان بە دەمی خۆیان دان بوەدا دەنێن تا هەژاری شاعیر نەبوو كەس نەبوو ئیبن سینایان بۆ بكات بە فارسی ، لە كاتێكا خودی ئیبن سینا یەك لە شانازیەگەورەكانی ئێرانە، قەدەغە كردنی زمان بە نوسین و خوێندنەوە بۆ وڵاتێكی وەك ئێران شەرمێكی گەورەیە ، ئەو پەرلەمانتارانەی دەنگیان بە ئازادی نوسین و خوێندن بە كوردی نەدا، دەبو شەرمی ئەوەبیانگرێت ئەوان نوێنەرایەتی خەڵك دەكەن ، نوێنەرایەتی خەڵك بەرپرسیارەتی و ئاكارە، هەر نا دەبوو ئەوەیان بیر بێت ئەوان ئەوڕۆ لە جێگەی بە هادینی ئەدەب دانیشتون ، ئەوپیاوەی جوامێرانە داكۆكی لە میلەت دەكرد لە نێو پارلەمانی ئێراندا.
سەدان ساڵە زمانی ئەم نەتەوە بێدەوڵەتە قەدەغە دەكرێت و فەرهەنگ و نوسراوەو كتێب و شوێنەواری لە ناو دەدرێت و دەشاردرێتەوە لە گەڵ ئەوەش نەتوانراوەئەو زمانە شیرینەی وەفایی شاعیر شیرین تەشی دەڕێسێ و هێمنی موكریانی تاریك و ڕون و حەسەنی قزڵجی پێكەنینی گەدای پێنوسیوە لە بیر خەڵك ببرێتەوە، سەدان ساڵە هەموو ڕێگەیەك گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی خوێندن و نوسینی كوردی یاساغ بكرێت ، بەڵام لە بۆنەیەكی نەورۆزیدا هەزاران كەس بە شایی و دیلانێ و گۆرانی كوردی دڵی ئەو ڕۆشنبیرو خوێنەوارە ئێرانیانە دادەخورپێنن كە پێیان وایە دەوڵەت دەبێت توند تر بێت ، تۆ بڵێی ئەمانە میراتگری ئەحمەدی شامیلۆو سەمەدی بیهرەنگی و گوڵسورخی و سوهپەری و هەزاران ناوی درەوشاوەی تری ئەو وڵاتە شیعرو هونەر پژاوە بن ، كە ئەوەندە لە كوردی وتن و كوردی ئاهەنگ قەڵسن ، چەند ناشرینە لە یەك كاتا پارلەمانتاران و ڕۆشنبیران و نوسەرانی ئێرانی پێكەوە سەنگەر لە زمان و نوسین و خوێندنی كوردی بگرن و لێی بترسن .
پارلەمانتاران و رۆشنبیرانی ئێرانی لە بری ئەو ترسەپێویست بوو ئەو هەمەڕەنگی و فرەییە وەك شانازی نیشانی دنیا بدەن، ئاخر ئەگەر سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی ، حەسەن زیرەك و محەمەدی ماملێ و مەزهەری خالقی و ناسرو نەجمەو فەتانەو زۆری تر لەهونەری ئێرانی بێنیتە دەرەوەو بە ترسەوە لێی بڕٍوانی ئەوە بە دەستی خۆت دەستت ناوەتە بینەقاقای خۆت و لە بری خۆ بینین خۆت بچوك و كەلالادەكەیتەوە، هونەری هێران بێ شەهرامی نازری زیانێكی گورچك بڕی بەردەكەوێت ، شەهرام لای ئێرانیان ئوستادە، منتەنها لەبەر ئەوەی نەمگوت ئوستاد شەهرامی نازری كابرای سیدی فرۆش بە مۆڕەوە لێی ڕوانیم ، دەشێت كابرای سیدی فرۆش " دو حەرفی مەكتەبێكی نەخوێندبێت " خۆ پارلەمانتارو رۆشنبیران لای خۆی خوێنەوارو گەلێ شت زانن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی