نەخۆشی وەک دەسکەوت؟

8 کاتژمێر پێش ئێستا

د.هەژار عوسمان مەعروف

 (هەستیار) کە لە شارێکی دوری عێراق دەژی، بە ئاستێکی زیرەکیی سەرو ناوەندەوە لە یەکێ لە باشترین کۆلیجەکان وەردەگیرێ و لە ساڵی یەکەم دا دەردەچێ ، بەڵام لە ساڵی دوهەمدا ئیتر وەک لە قوڕێکی خەستی لینجدا گیری کردبێت لە کۆلیجەکەی دەچەقێت و واز لە زانکۆ دێنێ، دواتر ئیشێکی باشی دەسدەکەوێ بەڵام بە هۆی دەرونیەوە دوای دوساڵ واز لەمیش دێنێ، دوای ئەوە ئیتر هەرگیز ئیشی نەکردوە.  دواتر ئەم قوڕە نەگریسە وردە وردە زۆردەبێت و درێژدەبێتەوە بۆ هەمو ژیانی و دەبێتە ئەو کۆت و زنجیرەی کە پتر لە بیست ساڵ هەستیار لە ژورەکەی خۆیدا لە ماڵی باوکی بە جۆرێک زیندانی دەکات کە ئیتر هەمو ژیانی لە نێوان دیوارەکانی ئەو ماڵەدا بەسەر دەبات.  

دوای بیرکردنەوە و وتووێژی زۆر خێزانەکە بەکۆمەڵ، لە سەر داوای هەستیار ، بڕیاردەدات خانوەکە بفرۆشن و خانویەکی تر سەد هەنگاوێک لەولاتر بکڕن و بگوێزنەوە ئەوێ. ئێستا هەستیار پەشیمان بۆتەوە چونکە بەجێهێشتنی ژورەکەی و ڕۆشتنی بۆ ماڵە نوێکە ، بۆ ئەو بوەتە هەڵگەڕان بە دوندی چیای هەڵگورد دا، دایک و برا و خوشکەکانی گیریان خواردوە بۆیە هانایان بۆ من هێناوە وەک دوکتۆرێکی دەرونی.  

کە چیرۆکەکەیم بیست موچڕكێکی نیگەرانی هەمو جەستەمی داگیرکرد و بەخۆمم وت وادیارە نەخۆشیەکی قورسی دەرونیی درێژخایەنی وەک شیزۆفرینیای هەیە کە تا ئێستا دەسنیشان و چارەسەر نەکراوە.کاتێک بینیم و بە وردی تێڕوانینی باری دەرونیم بۆ کرد بە ڕونی بۆم دەرکەوت کە نەخۆشیی (ترسی گشتی) ی هەیە و پزیشکێکی هەناوی پێش بیست ساڵ تێکەڵەیەکی سێ دەرمانیی بۆ نوسیوە کە ڕۆژی یەک جار دەیخوات و بەمە ئیدارەی کردوە ، بەڵام چۆن ئیدارەیەک!

چارەسەری ترس کە دەبێت بە نەخۆشی بە پلەی یەکەم چارەسەری دەرونیە بە پێدانی زانیاریی دەرونی لە سەر نەخۆشیەکە و ڕاوێژ و ڕاهێنانی دەرونی و کۆمەڵایەتی و جەستەیی ، بێگومان دەرمانیش ڕۆلی خۆی دەبینێ بەڵام نەک ئەو دەرمانەی پزیشکە هەناویەکە بۆهەستیار ی نوسیبو!  

ئەندامانی خێزانیش دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ ببینن لە چاکبونەوەی نەخۆش، بەڵام لە کەیسی هەستیار دا ڕێک بە پێچەوانەوە ڕۆڵی خێزانەکەیان ڕۆڵێکی وێرانکەر بوە چونکە لەودا تەنیا نیشانەکانی نەخۆشیەکەیان بینیوە، لایەنی زیرەکی و هێز و  توانا و بەهرەکانیان نەبینیوە و وێڵیان کردوە. ئەوان، بە تایبەتی دایکیان هەست و سۆزی خۆشەویستی و بەزەیی زاڵبوە بەسەریاندا بە جۆرێک و بە ئەندازەیەک کە هیچ بێدڵیەکی هەستیار یان نەکردوە لە ژیانی ڕۆژانەی نێوان دیوارەکانی ماڵاوەیدا ، ئەوان هیچ ئەرک و فرمانێکیان نەخستۆتە سەر شانی هەستیار ، چیی ویستوە و پێویستی پێی بوە بۆیان کردوە . هەستیار یش وردە وردە و بە شێوەیەکی ناخۆئاگایی (لاشعوری)

(واتە بە هۆشیاریی تەواوەوە بڕیاری نەداوە کە وا بێت) لە سەر دۆخەکە ڕاهاتوە و وەک ماسولکەیەک کە بیست ساڵ بەکاری نەهێنی وردە وردە هەمو تواناکانی پێشوی پوکاوەتەوە و ترسەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر بون و بڕوابەخۆبونی کەمتر بوە و گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی منداڵێکی حەوت ساڵانە، ئەم ڕەفتارەی هەستیار لە دەرونشیکاریی (فرۆید) دا بە ئەڵمانی پێی دەڵێن  Krankheitsgewinn واتا  (نەخۆشی وەک دەسکەوت)، کە دەبێتە شتێکی سەیر، چۆن کەسێک نەخۆش بێت قازانجی کردوە لە نەخۆشیەکەی؟ قازانجەکە ئەوەیە نەک هیچ لێپرسراوێتیەکی بۆ ژیانی خێزانەکەی هەڵنەگرتوە بەڵکو لێپرسراوێتیی ژیانی خۆیشی لە بیست ساڵی ڕابوردودا داوە بە کۆڵی خیزانەکەیدا بە تایبەتی بە پشتی کۆماوی دایکی داماوی دا، بەڵام لە بەرامبەر ئەم دەسکەوتە کەمەدا ژیانێکی ڕاستەقینەی چالاک و ڕەنگاو ڕەنگ و پڕ لە خۆشیی لەدەستداوە.  

لە دەرونی زۆرینەی مرۆڤی کورد دا لایەنی بەزەیی و هەست و سۆز بە سەر لایەنی لۆجیک و عەقڵ و بیرکردنەوەی قوڵ و فراوان دا زاڵە، بۆیە (نەخۆشی وەک دەسکەوت) لەناو کورد دا زۆر بڵاوە و نەخۆشیە جەستەییە درێژخایەنەکانیش دەگرێتەوە، بۆ نمونە پیاوێکی تەمەن شەست ساڵ شەکرەی هەیە بەڵام تەندروستیی گشتیی باشە، نەخۆشیەکەی بەکاردێنێ بۆ خۆدزینەوە لە ئەرک فرمانەکانی ژیانی ڕۆژانە و وەک ئاغایەک ڕەفتار دەکات،  ژن و منداڵ و بوک و نەوەکان دەبێت خزمەتکاریی بکەن و دەرمانەکانی بۆ پەیدابکەن و ڕۆژانە بیدەنێ، کەس ناوێرێ یا دڵی نایەت پێی بڵێت ئەرێ خۆت بۆ نایکەیت!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە