هێزی ئەمنی و ئەزموونی دەرەوە!

14 کاتژمێر پێش ئێستا

دڵشاد ئەنوەر

هێزێکی ئەمنی هێرشیانکردە سەر بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی و پاسەوانەکانی، هێرشەکە لە چی کاتێکدا؟
لەکاتێکدا کە خەڵاتی بلە دابەش دەکرا، ڕۆژو خەڵاتێک کە بەلای یەکێتییەکانەوە پیرۆزو تایبەتە، تێیشیدا خەڵاتی مەزڵوم عەبدی کرا، عەبدییەک کە بووەتە تەحەدا بۆ نەیارە گەورەکانی کوردو شانازیش بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
ئەمەی ڕوویدا، هەم  چاوی لەسەر مەراسیمەکە لابرد، هەم سیحری خەڵاتەکانی بەتاڵ کردەوە، هەمیش زیانێکی گەورەی بە یەکێتی گەیاند. ئەو تێڕوانینەشی تۆختر کردەوە، گەر وا لەبەرپرسێکی باڵای حزبی بکرێت، ئەی حاڵی خەڵکی هەژار دەبێت چۆن بێت؟!.
گەر بیانووەکە ڕوودانی هەڵە بێت، بیانوویەکی نادروستە، میدیاکان دەیان پێشيلکاری هێزە ئەمنییەکانیان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا خستتوەتەڕوو، ڕوودانی پێشيلکاری نەک لە زۆنێک بەڵکو لەهەردوو زۆنەکە، بەڵام نەک لێپێچینەوە نەکرا، بەڵکو زیاتر ڕۆڵیان پێدرا.
ڕووداوەکانی رابردوو، دەبوو پەروەردەکردنی هێزی ئەمنییان بەدوادا هاتبا، تا بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر دەکەن، نەک ئەمە نەکرا، بەڵکو هیچ گەرەنتییەک نییە تا سەری مانگ، چەندین ڕووداوی هاوشێوە دووبارە نەبنەوە.
با واز لەو هەموو ڕۆڵە بهێنین کە دراوە بە دەزگا ئەمنییە جۆراو جۆرەکان، با واز لەوەش بهێنین کە سەرۆکی یەکێتی ئیعجابی خۆی بە ترەمپ دەردەبڕێت، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ئەمەریکا دۆخی خراپتر دەبێت و خەڵک بە “شەیتانە سورەکە”  ناوی دەبەن، بەڵام خۆ دەبێت بەرپرسانی هێزە ئەمنییەکان لە دۆخەکە تێبگەن. لەکام دۆخ تێ بگەن؟
تێ بگەن لەوەی تا جوانتر مامەڵە بکەن، تا ڕێزی خەڵک بگرن، خەڵک وەکو هێزی نیشتمانی و پارێزەریان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، وەکچۆن کاتێک لە شەڕی داعش کارمەندێکی ئەمنی شەهید دەبوو، هەمووان فرمێسکیان بۆی دەڕشت.
پەروەردە کردنی هێزی ئەمنی بەو مانایەی خەڵک لێیان توڕەبوو، پەلاماری دان، قسەی تەنانەت نەشیاویشی پێگوتن، ئەوان باکیان نەبێت و ئینتیمایان بۆ هاونیشتمانی هەبێت، نەک پەلاماردان و لێدان لە خەڵک بە شانازی بزانن کە مامەڵەیەکی ناشیرین و ترسنۆکانەیەو هەمیشە دەیبینین.
هاوپەیمانان بودجەیەکی زۆریان بۆ یەکخستنی هێزی سەربازی خەرج کرد، هاندانێکی زۆریشیان بۆ هێزە کوردییەکان هەبوو، تا هێزی ئەمنی لە ململانێی سیاسی جودا بکرێنەوە، بەڵام وا دیارە گوێیان لێ ناگیرێت.
با گوێیان لينەگیرێت، با بەرژەوەندی حزبی و شەخسی لای یەکێتی و پارتی لەبەرچاو بگیرێت، بەڵام ئەنجامەکەی بەرەمز کردنی جۆری مەزڵوم عەبدی دەهێنێتە ئاراوە. عەبدییەک کاتێک ئەوانەی ئێرە خەباتیان دەکرد، ئەو منداڵ بوو،  یاخود لەدایک نەبوو، بەڵام ئێستا ترەمپ ئەو بەجەنەراڵ ناودەبات و ئەمانەی ئێرەش ناناسێت.
عەبدییەک، گوێگرتن لە ڕای نێودەوڵەتی  کردییە ڕەمز، بووە هۆی ئەوەی لە دوورترین شوێنی دونیا ناوی کورد ببرێت، ڕێک بیریان بۆ لای کچ و کوڕە شەڕڤانەکان بڕوات، بێ ئەوەی ئەمانیتر بناسن، ناناسرێن لای تامی رەمزی، با رەمزییەت بوون لە خەیاڵدانیان یاری بکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی