جیهان ماڵئاوایی لە سومبولێکی دیاری لێبووردەیی و ئاشتی دەکات

13 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەد خۆشناو

جیهان ماڵئاوایی لە سومبولێکی دیاری لێبووردەیی و ئاشتی دەکات .ئەوڕۆ 26/4/2025 بەئامادەبونی دەیان سەرۆک و پادشا و سەرکردە و کەسایەتی گەورە و هەزاران کەس لە ماتەمگێڕان و ، لە قەداسێکی ماتەمگێڕیدا لە گۆڕەپانی « قەدیس پتروس » لە فاتیگان دوا ماڵئاوایی لە « پاپا فەڕەنسیس » پاپای کەنیسەی کاسۆلیکی کرا کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد .
بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو ڕێوڕەسمەدا نموونەیەکی کردەیی جوانە بۆ وێنەی کوردستان لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و فرەیی و قبوڵکردنی ئەوەی تری جیاواز ، ئەم بەشداریەی بەڕێزیان ڕێزگرتنە لە سومبولێکی دیاری لێبووردەیی و ویژدانێکی زیندووی مرۆیی کە ئەویش پاپا فڕەنسیس ، لەهەمان کاتیشدا ناردنی پەیامێکی بەهێزە لەسەر پێکەوەژیان و کرانەوە و لێبووردەیی لە هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان .
پاپا فەڕەنسیس لە هەموو نێوەندەکاندا بەرگری لە بەهای دادپەروەری و یەکسانی کردووە و ڕستەیەکی  کاریگەری هەیە کە دەڵێت  مێژوو لەو کەسانە خۆش نابێت کە بانگەشەی دادپەروەری دەکەن و دواتر پیادەی نادادپەروەری دەکەن ، هەروەها لەو کەسانەش خۆش نابێت کە باس لە دادپەروەری دەکەن و دواتر ئەوانەی جیاوازن لەگەڵیاندا دووریان دەخەنەوە ) ، بایەخی یەکەمی ئەو پاپایە ئەوەبوو کە خەڵک بەئارامی و ئاسایش و دوور لە کوشتن و ماڵوێرانی و ئاوارەبوونەوە بژیت ، ڕۆژێک بەر لە مردنی  لە سەکۆی (X)  بەبۆنەی جەژنی هەڵسانەوە گووتی ؛ « مەسیح هەڵسایەوە ؛ ئەم وشانە مانای تەوای بوونمان بەرجەستە دەکات ، چونکە ئێمە بۆ مردن خەڵق نەبوین ، بەڵکە بۆ ژیان » ، چەند ساڵێک لەمەوبەر فیلمی « دووپاپاکە »م بینی کە حیوار بوو لەنێوان دوو پاپادا ، کە یەکیان : کاردینال «خۆخێ بیرجوجیلۆ» کە دواتر بووە پاپا فەڕەنسیس ، کە بڕوای بە بونیاتنانی پرد یان کرانەوە و حیوار و ليکتێگەیشتن و پەیوەندیکردن هەبوو ، بەڵام ئەوەی دووەم « بندێکتی شەشەم » بوو کە بڕوای بە ڕێبازی بونیاتنانی دیوار یان گۆشەگیری و لووتبەرزی و دابڕان و دەرکردنی ئەحکام هەبوو….بەشداریکردنی « دۆناڵد تڕامپ »ی سەرۆکی ئەمەریکا لەو ڕێوڕەسمەدا کە زۆر بەتووندی لەگەڵ پاپا فڕانسیس جیاواز بوو بەتایبەتی لەسەر پەنابەران ، دەگەڕێتەوە بۆ مەزنی ئەو پیاوە ئایینیە کە ئاڵای ئاشتی و لێبووردەیی لەسەر شانەکانی هەڵگرتبوو و ناوەکەشی پەیوەست بوو بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەی لێکنزیکردنەوەی مرۆیی لە دەیەکانی ڕابردوودا ، ئەو پاپایە کەسێک بوو وازی لە پارە و کۆشک و تەلار هێنابوو و لەگەڵ هەژاران دەژیا و بۆیە ناوایان نابوو « پاپای هەژاران » ، ئەو پیاوە زۆر لە خەمی هەموو کریستانەکان بەتایبەتی ئەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دابوو ، هەربۆیەش سەردانی میسر و ئیماڕات و عێراق و شوێنی تری کرد  کە هاتە هەرێمی کوردستان شاگەشکە بوو بە بینینی فرەیی و چەسپاندنی پێکەوەژیان لەو نیشتیمانە و لەباوشکردن و حەوانەوەی ئەو هەموو ئاوارەی مەسیحی دەستی داعش  بۆیە قەداسێکی گەورەی لە هەولێر کرد و نزای بۆ هەمووان بێجیاوازی کرد و ، هەر ئەویش بوو وایکرد کە کەنیسەی فاتیگان ببێتە ناوەندێکی جیهانی کە هەموو ڕەنگەکانی تێدا بێت و نەک ببێتە ناوەندێکی ئەوروپی وەک ئەوەی پێشتر وابوو .
خوای گەورە لە پاپای فاتیگان خۆشبێت کە نموونەی پیاوێکی ئایینی پێشکەشکرد کە لایەنگری هەژاران و چەوساوە و لاواز و پەڕاوێزخراواوان بوو ، پاپا فڕەنسیس هەر بەزیندوێتی لە یادەوەریدا دەمێنێتەوە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی