وڵاتی کوشتنی خەونەکان

29/07/2025

سەردار قادر

ئەم وڵاتەی ئێمە ئەوەندەی مەنزڵگایە بۆ کوشتنی خەونەکان، ئەوەندە جیگای ئومید نییە. لەکوێی دنیادا هەبووە هەر ڕۆژەی خەمێکی نوێ بەرۆکی یەک بەیەکی تاکەکانی کۆمەڵگا بگرێت؟ ڕۆژانە گیرفانی بەتاڵی مووچە خۆران چاوەرێی مژدەیەکە ! چاوەرێی رێکەوتنێکە لە نێوان هەرێم و بەغداد!! پاش ئەو هەموو ساڵەی حوکمرانی کوردیی، تاکی کوردی توشی خەمۆکی بووە، لەشکرێکن لە گەنجی شکاو . ئەم ووڵاتەی ئێمە بۆتەی قەیرانە ، قەیرانی هەمیشەیی.. ڕاگوزەر بکەین بە کۆی روداوەکان، شکست لەدوای شکست ئەبینین، هەر رۆژەی کوشتنی ئومێدو خەونی تاکەکانە..

سنوری وڵات کراوەیە بەڕوی داگیرکەرانی کوردستان .. جاسەنە ئەبێتە سەرەتای سوتانی چەک و دوای ئەوەش پرۆسەکە وێران ئەبیت.. سەرەی موچەیەکی دواکەوتوو ئاسمان ئەگرێنێ ئەمە زمانی شکست نیە؛ بەڵکو ڕاستگۆیی ئازاری یەک بەیەکمانە هەڵبژاردن ئەکرێت، لیستی دەسەڵات کورسیەکان و دەنگیان زیاد ئەکات ، ئەمە کۆمیدیای سەردەمە! لیستەکانی ئۆپۆزسیۆن پەرتاوازە ئەبن و ئەکەونە گیانی یەکتر.

گەنج وێڵە بە دوای خەوندا و دوا بریاری هیجرەتە بۆ سنورەکان و تیکچونی بۆتەی خێزانە ،  ئاشتەوایی کۆمەلایەتی سۆزێکە بۆ ڕابوردوو، سفرەی ماڵ کۆمان ناکاتەوە منالەکانی ماڵ بە گلەییەوە سەیری باوک و دایک ئەکەن؛ کە  بۆ ئەوان ژیانی پڕ فەراهەمیان دروست نەکردوە.

درۆنەکان بە ئاسمانی وڵاتماندا فرکەیان دێت و کۆبونەوەکانیش لێوان لێوە لە پێکەنین و دواتریش بەیاننامەیەکی پڕ دەرۆزە ئەبینین.
مەخلوقەکانی وڵاتمان لە گەرماو لە بێ کاری و لە بی نازی ژیان هەموو رەبگیکی هیلاک بە سەروسیمامانەوە دیارە!

خۆشەویستی بۆتە خەونێکی ڕۆمی و لێرە هیجرەتی کردوە هاوڕێیەتی بۆڵە بۆڵێکەو هیچ خۆش بەختییەکی تێدا وەدی ناکرێت
ئەمە ڕەش بینی نیە ئەمە مردنی خەونەکانە تەنیا چەمکێک کۆمان ئەکاتەوە، ئایا کۆی ئەم قەیرانانە خۆی دەروازەیەک لە خۆی ناکاتەوە
ساڵی ۱۹۷٠ کاتیک هەردوو باڵی پارتی کۆتایی ناکۆکی باس ئەکەن کۆمەڵە وەک بزاوتێکی فکری نوێ دروست ئەبێت و ڕوانگەش لە چاخانەکەی مام عەلی  باوکی ئەکرەمی جوانە مەرگ دروست ئەبیت ؟؟؟

کاتێک ئەنفالەکان ئەگاتە لوتکە ، پارتیزانەکان وەک لوتکەی خەبات دەرئەکەوێت؟ کاتیک هاوڵاتی و ئاوێنە لەم سلێمانییەوە دروست ئەبێت سەردەمی قەڵەمی بوێر دروست ئەبیت؟ ئێستا لەم لوتکەی قەیرانە ئەگەر هەیە بۆ دروست بونی چەمکێکی نوێ؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی