ئەبێ وە گرنگە تاکی زۆر بەهۆشیارییەوە ئەوە بزانێ کە ئێمەی کورد گەمەی دەست و کات بەسەربردنی چوار “دەوڵەت-نەتەوە”ین، ئەبێ بزانین کە ئێمە هاونیشتمانی هیچ یەکێ لەو چوار دەوڵەتە داگیرکەری کوردستانین و بەهاونیشتمانی هیچ شوێنکێ تریش قبوڵ ناکرێین، ئەگەرچی لە هەندێ لە وڵاتانی ڕۆژئاواش لە لیستی هاونیشتمانی بوونیانا تۆمارکراوین.
ئێمە داماڵراوین لەبوونی خۆمان وەک کیانێکی سەربەخۆ "مستقل". لەمێژووی کۆنا کراوین بەکاڵای تاقیکردنەوەی شمشێرو ڕمەکان، لە سەد ساڵی ڕابردووشا تا ئێستاش تاقیگەیەکین بۆ تاقیکردنەوەی چەکی کۆمەڵکوژە کیمیایی و بایلۆجییەکان.
ئێمە بێبەرین لەخاک و نیشتمان و خاوەندارێتی، لەسەر خاکی خۆمان ئەژین و باجی ژیانکردنمان لێئەسێنن. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە کۆی ڕۆشنبیران و پاشان یەکەی یەکەی تاکی کورد بەوریاییەوە مامەڵەبکەن لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە چواردەوردراوین بە چوار “دەوڵەت-نەتەوە” وە لەسەر بنچینەی ئەو ڕاستییە کارو سیاسەت بەرەو پێشبەرن، بەواتای ئەوەی خودی نەتەوە سەردەستە جیاوازە داگیکەرەکانی کوردستان دوژمنمانن نەک تەنها سیاسییەکانیان و حکومەتەکانیان.
ئەبێ ئەوەش باشتر تێبگەین کە ئەو دەوڵەتانە پێناسەی سۆز و هەست و خواستی ئەو نەتەوانەن، نەوەک وەک ئەوەی بە ساویلکەی خۆمان لەلایەن زۆرێک ڕۆشنبیر و سیاسی و زۆرێکی تاکی کوردەوە باسی لێوەئەکرێ، کە گوایە ئەوە حیزبێک یان چەند حیزنێکی سیاسی یان کۆمەڵێک ڕێکخراوێکی توندهاوێژی دیارکراون کە دژایەتی خواستی ئاواتە دێرینەکەی تاکی کوردن لە سەربەخۆی و خودموختاری.
ئەبوو لەوەش تێگەشتبین کە ئەوە زۆرینەی تاکی نەتەوەکان غەیرە کوردەکانن لەناو وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستانا کە دوژمنی کورد و خواستەکانین، ئەوە ئەوانن ئەو سیاسیانە هەڵەبژێرن کە زۆرترین دژایەتی و کین و ڕقیان بەرامبەر کورد هەبێ، حکومەت و سیاسییەکانیش خواستی نەتەوەکانیان جێبەجێ ئەکەن، بۆ نمونە بەشێکی پارت و سیاسیەکانی ئەو وڵاتانەی لەسەر خاک و زێدی کورد دەوڵەت نەتەوەیەکیان بۆخۆیان دروست کردووە، پێش هەڵبژاردنەکان ئەکەونە دژایەتی کورد و کوردستان بەشێوازی جیاواز جیاواز وەک سیاسی، ئابوری، فەرهەنگی و بگرە تا بەکارهێنانی توندوتیژیش بۆ ڕازی کردن و تێرکردنی حەزی دەمارگیری بەرامبەر کورد و لەو ڕێیەشەوە بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەوە زۆرینەی تاکی پێکهێنەری ئەونەتەوانەن دوژمن و نەیاری کوردن نەک تەنها سیاسیەکانیان.
گرنگە تاکی کورد بەگشتی، سیاسی و ڕۆشبیرەکان بەتایبەتی باش لەوە تێبگەن کە؛ دەوڵەت هینی نەتەوەی سەردەستە و نابێ تاکی کورد بە دروشمی باق و بریقی هاوشێوەی “برایەتی کورد و عەرەب-تورک-فارس” هەڵخەڵەتێ.
گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکانی کوردستان، کۆچی بەلێشاوی ئەو نەتەوانە بۆ ناوچە کورد نشینەکان، ناچارکردنی کورد لەڕێی هەڕەشە و پاساوی سیاسی و یاساییەوە گەواهیدەری ئەوەن کە هەرگیز شتێک نەبووە و نابێ بەناوی برایەتی کورد و هیچ یەکێ لەو نەتەوانە، بەڵکو ئەوەی هەیە تەنها لەهزرو بیری تاکی کوردایە و بەپێچەوانەشەوە دژایەتی و دوژمنکاری لەلای ئەوان باوەڕێکی چەسپاوە کە لەسەری پەروەردەکراو ڕاهێنراون.
کاتێ لەسەر شەقام و کوچە و کۆڵانەکانی تورکیا کوردێک لەسەر ئاخاوتن بە زمانی کوردی خەڵتانی خوێنەکرێ دەوڵەت بێ ئاگایە لەوە، بەڵکو ئەوە تاکی تورکە ئەو کارە ئەکات، لە کەمالییەکانەوە بۆ ئەردۆگان هەرواهاتووە چونکە ئەوە خواستی نەتەوەییە نەک سیاسی.
یان کاتێ کوردێک لە کرماشان لەسەر پێداگیری لە کوردستانی بوونی ئەو شارە سزای لەسێدارەسانی بەسەرا ئەسەپێنرێ، کەسێکی دیکە لەسەر وانە وتنەوە بەزمانی کوردی زیندانی ئەکرێ ئەمە خواستی نەتەوەی سەردەستە و دەوڵەت جێبەجێکارە.
یان کە دژایەتی کوردانی ڕۆژئاوا ئەکرێ، لە زێد و لەسەر خاکی مێژووی دێرینی خۆیان نکۆڵی لە بوونیان ئەکرێ و ناسنامەی هاوڵاتی بوونیان پێڕەوانابینرێ، ئەوە پەروەردەی شۆڤێنی ناو خێزانەکانیشە نەک سیاسیەکان بەتەنها، بەگەش ئەوەیە بەعس و ڕژێمەکەی ئەسەد ڕۆشتن کەچی شەرع-جۆلانی درێژەپێدەری هەمان سیاسەتن و ئامادەنین دان بەمافی کورد و کوردستانی بوونی ئەوناوچانەیا بنێن.
کاتێ لەسەر گشتپرسی-ڕیفراندم، یەکێک لەسەرەتایترییەناکانی مافی گەلان، لە %٥١ خاکەکەت بەزەبری هێز لەلایەن شیعە باڵادەستەکانەوە داگیرئەکرێتەوە دوای ئازادکرنی ئەو ناوچانە لە دەستی سونەکان، کاتێکێش عەرەبی هاوردە بەپشتی سوپا ئەچنە سەر زەوی و زاری کوردانی کەرکوک و داگیریئەکەن، ڕێگری ئەکەن لەچاندنی زەوییەکانیان، ئەوە خواستی تاکی نەتەوەپەرست و فاشی عەرەبە، دەوڵەتیش پشتگیری لە خواستەکانیان ئەکات چونکە هەرخودی سیاسیەکان هەڵبژێراوی ئەو کۆمەڵگەین و هەموو ئەو نەتەوانە کۆکن لەسەر دژایەتی کردنی کورد و بەردەوامی داگیرکردنی کوردستان.
گەر بگەڕێی لە هیچ کونجێکی جیهانا هێندەی ئەو سیاسەتە چەوتەی جووت حیزب و ئەوبەناو ئۆپۆزسیۆنی خاوەن پرۆژەی گەشتیاری، هێزی چەکدار، فێرگەی سەلەفی و ئیخوانی و فێرگە و بارەگای نهێنی سیخوڕی وڵاتانی هەرێمی لە سی ڕابردووا کردوویانە و تاکی کوردیان لە باشور لەسەر پەروەردە کردووە بێ فەڕتر و داماڵدراوتر لە هەستی نەتەوایەتی نادۆزیتەوە، تا کار گەشتۆتە ئەوەی هەندێک هاوڵاتی کورد لەبرس و لەترسا بەناچاری حوکمی بێگانەی لە کوردی پێخۆشتربێ، ئەوەش کێشە گەورە و زەنگێکی مەترسیدارە و ئەبێ تاکی کوردی لێ بەئاگابهێنرێتەوە کە:
بۆ دژایەتی نا یەکسانی دەسەڵاتی کوردی ناکرێ و نابێ دژایەتی دۆزی کورد و کوردستان بکرێ. تا ئەوشوێنەی بۆتەکرێ دژایەتی سیاسیەتی چەوتی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش بکە، بەڵام بۆ لەناوبردن وبڕکردنی گەندەڵی نابێ دۆزی ڕەوای کورد ڕادەستی چارەنووسی نادیار و دوژمنانی مێژوویی کورد بکرێ.
گرنگە تاکی کورد دۆستی نەتەوەکەی خۆی و پارێزەریشیبێ، دژی هەر هەوڵێکی ڕەگەزپەرستانەی نەتەوە سەردەستەکانی داگیرکەری کوردستان بوەستێتەوە. ئەبێ ئەوەش بزانرێ مرۆڤ بێ ناسنامەی نەتەوایەتی، بێ سەربەخۆی، بێ کلتور و فەرهەنگی تایبەت بەخۆی لەناوئەچێ و لەم جیهانە پڕ پۆپۆلیست و ئۆرۆستۆقراتیەشا مانەوە تەنها بۆ بەهێزەکانە، هەر لەبەر ئەو هۆکارانەش ئەبێ تاکی کورد خۆی بە چەکی خۆشەویستی خاک، نیشتمان و نەتەوە پڕچەک بکات، بۆمانەوە ئەبێ ئاین بکرێ بە خۆراک و کاڵای سەرکەوتنی نەتەوە و نیشتمان.
سوید - ستۆکهۆڵم
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی