لە ئێستادا دەرفەت و مەترسی لەبەردەم ماڵی كوردە، ئێران و عێراق و شیعەكان زۆر پێویستیان بە یاسای حەشدی شەعبیە, ئەمریكاو توركیاو ئیسرائیل زۆر دژن. كوردو سوننەش دژن. هەموان دەڵێن ئەوە سوپای پاسدارانەو لەعێراق دەبن بە فەرمی. بەڕێزم لەوەتەی حەشدی شەعبی دروستبووە لەگەڵ پاسداران پێكەوەن و ئەوە شتێكی تازە نیە, بەڵگەش 16ی ئۆكتۆبەر پێكەوە كەركوكیان لەدەست كورد دەركرد!. ئینجا سوننە شینی خۆی دەكات و ئەمریكاو توركیاو ئیسرائیلیش بەهەمان شێوە، بۆیە ناكرێت كورد كوچكی لە ئاگر گەرمتر بێت. بۆچی ئەم یاساییە كە ئێران و شیعە زۆر عەوداڵین لە مەترسیەوە ناكەیت بە دەرفەت, بۆ ئەم ژەهرە ناكەیت بەتامی هەنگوین؟. بڵێ ئێمە دەنگ بە یاساكە دەدەین و بەرگری لێ دەكەین. بەڵام فەرمون با رێككەوتنێكی سیاسی ئەنجام بدەین وەك:
یەكەم: بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق و ماددەی 140، هێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ شەنگال، كەركوك، خانەقین، مەندەلی و جەلەولا...هتد.
دووەم: ئیمتیازاتی پێشمەرگە لە وەزارەتی بەرگری عێراق خەرج بكەن.
سێیەم: موچە لەكاتی خۆی سەری مانگان بنێرن بۆ هەرێمی كوردستان.
چوارەم: چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەی وەلائی ئێرانی حاكمی دەوڵەتی عێراق، گرەنتیان پێ بدەن كە لەكابینەی داهاتووش دەنگ بە كاندیدی سەرۆك وەزیرانەكەیان دەدەن.
پێنجەم: رێككەوتنی ستراتیژی ئەمنی هەماهەنگی لەنێوان هێزی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی ئیمزا بكەن, كە پەلاماری یەكتر نەدەن، پێكەوە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ئەنجام بدەن. پێكەوە لەچوارچێوەی دەستور ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئیدارە بدەن.
شەشەم: ئەگەر ئەمریكاو توركیا و ئیسرائیل بەم رێككەوتنە سیاسیەی ئێران و شیعەو حەشدی شەعبی رازی نین، فەرموو با ئەمریكا تەنها دوو شت بكات: یەكەم: گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان. دووەم: ناردنی پارە سەری هەموو مانگێك بۆ موچەخۆرانی هەرێم.
كورد لەچوارچێوەی عێراق دەژی، شیعەش حاكمی عێراقن، ئەم یاسای حەشدی شەعبیە دەرفەتە بۆ ئەوەی لاپەڕەیەكی تازە لەگەڵ شیعەكان هەڵبدەنەوە، متمانەیەك دروست بكرێتەوە، من بە دەرفەتێكی سیاسی دەبینم ئەگەر سەركردایەتی سیاسی كورد خاوەنی بڕیاری خۆی بێت!!!.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی