زمان لە گەرووی فەیلەسووفەوە بۆ پەنجەکانی ڕۆماننووس

22 کاتژمێر پێش ئێستا

فوئاد سدیق

لە ناو چەقی هەر گفتوگۆیەکی فیکریدا، پرسیارێکی بنەڕەتی و ئەزەلی خۆی شاردۆتەوە، ئەویش ئەوەیە،پێوەندیی نێوان بیری ڕووت و جەستەی وشە چییە؟ ئایا زمان تەنها جامێکی ڕوونی كریستالییە کە شەرابی بیرۆکەی تێدەکرێت، یان خۆی ئەو ماددەیەیە کە تامی شەرابەکە دیاری دەکات؟ کاتێک ڕووبەڕووی دەقێکی مەزن دەبینەوە، جا چ شاکارێکی فەلسەفی بێت یان ڕۆمانێکی کاریگەر، ئێمە لەبەردەم کام ڕاستیدا وەستاوین: جوانیی ڕەهای فۆرم، یان هێزی بێئەملاوئەولای ناوەڕۆک؟ ئەم مشتومڕە، زۆرجار لە بازنەی خوێندنەوەی پەلەپڕوزێ و حوکمدانی سەرپێییدا چەقی بەستووە، بۆیە پێویستی بە گەشتێکی ئارام و ورد هەیە بەنێو مێژووی وشە و فیکردا، بۆ ئەوەی بزانین کەی زمان دەبێتە ئامراز، کەی دەبێتە ئامانج، ئەی کەی دەبێتە خودی چارەنووس؟.
  پرسیارە سەرەتاییەکە سادەو دیارە ئایا دەکرێت شاعیرێكی گەورە، یان فەیلەسووفێکی مەزن یان ڕۆماننووسێکی بەناوبانگ، لە زمانی دایکیدا کۆڵەوار بێت؟ وەڵامی خێرا و سادە، نەخێرێکی ڕەهایە. بەڵام حەقیقەت، وەک هەمیشە، لەناو وردەکارییەکاندا بۆ ماوەیەك خۆی دەشارێتەوە و پێویستی بە هەڵدانەوەی پەردەی سەرلێشێواوی و تێگەیشتنە هەڵەو باوەکان هەیە.
 بەرلەوەی بچینە ناو زمانی رۆمان با لە فەلسەفەوە دەست پێبكەین، چونكە زمانی فەلسەفە زۆر زۆر  ئاڵۆزترو زەحمەتترە لە زمانی رۆماننووسین. ئاخر مەیدانی فەلسەفە ئەو مەیدانەیە کە وشە تێیدا دەبێتە نەشتەرگەریی وردی مانا. کاتێک ناوی ئەرستۆ یان کانت وەک نموونەی زمان لاوازی  دەهێنرێتەوە، ئێمە لەبەردەم تێنەگەیشتنێکی مێژوویی گەورەداین. ئەوەی لە ئەرستۆوە بە ئێمە گەیشتووە، ئێسکەپەیکەری وانە و تێبینییەکانیەتی بۆ ناو بازنەی قوتابییەکانی؛ نووسینگەلێکی ناوەکی کە وەک نەخشەی بینایەکی فیکری وان، نەک خودی کۆشکە ڕازاوەکە. بەڵام مێژووی فەلسەفە راشكاوانە پێمان دەڵێت ،ئەرستۆ خاوەنی نووسینی دەرەکی بووە بۆ جەماوەر، یەكێكی  وەک سیسیرۆن نووسینەكانی ئەرستۆی بە ڕووبارێک لە زێڕ وەسفکردووە لەبەر جوانی و پاراوییان. کەواتە ئێمە لێرەدا ڕووبەڕووی زمانێکی وشکی ئەکادیمی دەبینەوە نەک نووسەرێکی لاواز.
  ئیمانوێل کانتیش چیرۆکێکی تری هەیە. ئەو زمانی ئەڵمانیی بە بلیمەتی دەزانی، بەڵام بە ئەنقەست خۆی لە جوانیی ئەدەبی دەپاراست. کانت ئەندازیارێکی فیکری بوو کە سیستەمێکی فەلسەفیی نوێی داڕشت؛ بۆ ئەمەش پێویستی بە وردییەکی ماتماتیکیانەو زمانێکی تەکنیکیی تایبەت هەبوو. ئەو وشەی نوێی دادەهێنا و ڕستەی درێژی بەکاردەهێنا، نەک لەبەر ئەوەی نەیدەتوانی سادە بنووسێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی باوەڕی وابوو سادەیی خیانەتە لە ئاڵۆزیی خودی حەقیقەت. ئامانجی ئەو وردیی فەلسەفی بوو نەک چێژی ئەدەبی.
    ئەم دیاردەیە لەگەڵ هیگڵ، هایدگەر و دێریدا دەگاتە لوتکە. لێرەدا ئاڵۆزی چیتر تایبەتمەندییەکی لاوەکی نییە، بەڵکو دەبێتە خودی میتۆدۆلۆژیای فەلسەفی. هیگڵ، بەو زمانە دیالێکتیکییە قورسەی، هەوڵیدەدا جوولەی ڕۆح ی گەردوونی لەناو وشەدا بەرجەستە بکات؛ زمانەکەی دەبوو وەک خودی پرۆسەکە پڕ لە پێچ و هەڵگەڕانەوە بێت. هایدگەر، بە داهێنانی دەستەواژەی نوێ وەک "Dasein"، دەیویست لەو قەفەزە زمانەوانییە هەڵبێت کە مێتافیزیکای ڕۆژئاوایی دروستیکردبوو؛ باوەڕی وابوو زمانی باو، بوون ی شاردۆتەوە و پێویستی بە زمانێکی نوێ هەیە بۆ ئاشکراکردنی. دێریدایش، بەو ستایلە یاریئامێز و هەڵوەشێنەرەی، خودی ناجێگیریی زمان و مانای نمایش دەکرد. بۆ ئەمانە، زمان گەڕەلاوژێیەکە (Labyrinth) کە دەبێت تێیدا ون بیت تا ڕێگای دەرچوون بدۆزیتەوە. سەختییەکە نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو بونیادنانێکی فیکریی پێویستە بۆ گەیشتن بە ڕاستییەک کە زمانی سادە ناتوانێت دەریببڕێت، بەڵکو تەنها دەیشێوێنێت.
   لە بەرامبەر ئەم ئەندازیارانەی زمان، فەیلەسووفی ئاوارە ش هەن وەک هانا ئارێنت و سیۆران، کە وڵاتی زمانی دایکیان بەجێهێشتووە و لە زمانێکی تردا نیشتەجێ بوون. لێرەدا فەلسەفە دەبێتە دۆزینەوەی نیشتمان لەناو وشەکاندا، نەک لە جوگرافیادا. کردەی نووسین بە زمانێکی بیانی، دەبێتە کردارێکی فەلسەفی بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ناسنامە. زمان دەبێتە ئەو خاکە گەڕۆکەی کە فەیلەسووف لەگەڵ خۆیدا هەڵیدەگرێت.
    بە درێژایی ٢٥٠٠ ساڵ مێژووی فەلسەفەدا، لە تالیسەوە تا ئەمڕۆ، فەیلەسووفێک نادۆزیتەوە کە لە بنەماکانی زماندا لاواز بێت، بەدڵنیاییەوە دۆزینەوەی مەحاڵە. تەنانەت پلۆتینۆس، کە خوێندکارەکەی دانی بەوەدا ناوە گرنگی بە ڕێنووس و جوانیی دەرەکی نەداوە، بەهۆی قووڵیی بیرۆکەکانییەوە کاریگەریی دامەزراندووە، نەک لاوازیی زمانەکەی. سوکراتیش، کە هیچ شتێکی نەنووسی، مامۆستای بێهاوتای دیالۆگ و قسەکەریی ڕاستەوخۆ بوو؛ ئەو میدیۆمێکی تری زمانی هەڵبژاردبوو کە ژیانی دیالۆگ  بوو نەک دەقی نووسین.
   کەواتە، بۆ فەیلەسووف، زمان تەنها ئامراز نییە، بەڵکو مەیدانی جەنگ و کارگەی داهێنانەكانێتی. فەلسەفە کردارێکی زمانەوانیی ئاستبەرزە کە پێویستی بە پێناسەکردنی ورد، ئارگیومێنتی پتەوو جیاکاریی تیژ هەیە. کەسێک کە خاوەنی ئەم چەکە زمانەوانییە نەبێت، ناتوانێت لەم مەیدانەدا جەنگاوەرێکی کاریگەر بێت.
    باشە ئەگەر لە فەلسەفەدا زمان نەشتەری مێشک بێت، كەواتە لە ڕۆماندا دەبێتە لێدانی دڵ و هەناسەی سییەکان. لێرە زمان تەنها ئەرکی گواستنەوەی بیرۆکەكانی نییە، بەڵکو ئەرکی بنیادنانی جیهانێکی هەستپێکراو و بەخشینی ژیانی هەیە بە کارەکتەرەکان. پێوەندیی ڕۆماننووس و زمان، پێوەندییەکی ئەندامی و ئۆرگانییە؛ زمان ئەو خوێنەیە کە ژیان بە هەموو خانەکانی دەقی ئەدەبیدا دەگەڕێنێت. کاتێک ئەم زمانە لاواز، ناڕێک، یان هەژار بوو، تەنانەت قووڵترین بیرۆکەکانیش وەک ڕۆحێکی سەرگەردان دەمێننەوە کە جەستەیەکی شیاوی خۆی بۆ حەوانەوە نەدۆزیوەتەوە.
     بەڵام مێژووی ئەدەب دیاردەیەکی سەیر و سەرنجڕاکێشمان نیشان دەدات: کاتێک هێزی ڕەهای ناوەڕۆک بەسەر لاوازیی ڕواڵەتی فۆرمدا سەردەکەوێت. تیۆدۆر درایزەر، ڕۆماننووسی گەورەی ئەمریکی، پاشای بێ ڕکابەری ئەم دیاردەیەیە. ڕەخنەگران بە خراپترین نووسەرە گەورەکان ناوزەدیان کردووە؛ نووسینە ئاڵۆزەكەی وەک گالیسکەیەکی قورسی سەدەی نۆزدەهەم دەجوولا، ناڕێک، دوور لە جوانیی ئەدەبی و هەندێکجار تەنانەت لە ڕووی ڕێزمانیشەوە هەژار. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆمانەکانی وەک تراژیدیایەکی ئەمریکی بوونەتە ستوونی کۆڵەکەی ئەدەبیاتی جیهان. نهێنییەکە لێرەدایە: درایزەر بە چاوێکی بێبەزەییانە و واقیعیانە سەیری کاریگەریی هێزە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی دەکرد لەسەر چارەنووسی تاک. هێزی ڕیالیزمەکەی، قووڵایی شیکردنەوەکانی و ڕاستگۆییە بێپەردەکەی ئەوەندە بەهێز بوو کە خوێنەر ناچار دەکات بەسەر زمانە ناڕێکەکەیدا باز بدات بۆ ئەوەی بگاتە ئەو حەقیقەتە تاڵەی کە پێشکەشی دەکات. لای درایزەر  ئەوەی دەیگوت  زۆر گرنگتر بوو لەوەی چۆن دەیگوت. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە جەوهەری گێڕانەوە، لە هەندێک دۆخی دەگمەندا، دەتوانێت لە جوانیی ڕواڵەتی زمان بەهێزتر بێت و ژیانی خۆی بسەپێنێت.
   بەگشتی ، گەورەیی ڕۆمان و فەلسەفە لە توانای گەیاندنی ڕاستییەکی مرۆیی یان فیکریی قووڵدایە. زمان ئەو پردەیە کە ئەم ڕاستییە دەگەیەنێت. هەندێک جار ئەم پردە وەک شاکارێکی ئەندازیاریی نابۆکۆڤ یان پلاتۆ ورد و جوان و بێگەردە. هەندێک جاریش وەک پردێکی داریی کۆنی درایزەر ناڕێک و لەرزۆکە، بەڵام هێشتاش توانای ئەوەی هەیە بتباتە ئەوبەری ڕووبارەکە. شێواز، کە پەنجەمۆری ڕۆحیی نووسەرە، کاتێک بە زمانێکی لاواز رەنگڕێژ دەكرێ، وەک ئۆرکێسترایەک وایە کە ئامێرەکانی لە تۆن دەرچووبن؛ هەرچەندە نۆتەکان ڕاستیش بن، ئەو ئاوازەی دەبیسترێت، تەنها ژاوەژاوێکی بێزارکەرە نەک سیمفۆنیایەکی کاریگەر. ڕۆمان لەم حاڵەتەدا لە بری ئەوەی ببێتە پەنجەرەیەک بۆ بینینی جیهانێکی نوێ، دەبێتە ئاوێنەیەکی لێڵ کە تەنها ناشرینیی بونیادە زمانەوانییەکەی خۆی نیشان دەدات.
   بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە خودی جوانیی زمان  چەمکێکی جێگیر نییە. جوانیی زمانی هیگڵ لە ئاڵۆزییە لۆژیکییەکەیدایە، جوانیی زمانی نیچە لە هێزە شیعرییەکەیدایەو جوانیی زمانی درایزەریش لەو ڕاستگۆییە زبرەدایە کە ڕێگە نادات هیچ جوانکارییەک حەقیقەتە تاڵەکەی بشارێتەوە. زمان، لە کۆتا شیکردنەوەدا، چارەنووسی دەقە؛ ئەو چارەنووسەی کە یان دەقەکە بەرز دەکاتەوە بۆ ئاسمانی نەمری، یان لە زۆنگاوی لەبیرچوونەوەدا نوقمی دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە