پێویستمان بەگۆڕینی سروشتی پەیوەندیی کوردو ئیسرائیلە

8 کاتژمێر پێش ئێستا

شوان حەمە

ئیدی کوهین کەسایەتی ئەکادیمی و نووسەری دیاری ئیسرائیلییە. کوهین لەلوبنان لەدایکبووە. دوای ڕفاندن و کوشتنی باوکی لە ناوەراست هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لەگەڵ خێزانەکەی، لوبنان بەجێدێڵن و بەیەکجاری لە ئیسرائیل نیشتەجێ دەبن. کوهین دکتۆرای لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەیە و هەندێکجاریش وەک چالاکوان دەردەکەوێت. ئەمڕۆ کۆهین ئەم وێنەیەی خۆی بڵاوکردووە بە دەستێک ئاڵای ئیسرائیل و بە دەستەکەی تر وێنەیەکی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بەرز کردووەتەوە. لەگەڵ وێنەکدا نووسیویەتی: ئەو سەرکردەیەی نابەزێت، ئایندە بۆ ڕێبازی تۆیە.

دەمەوێت بە بیانووی ئەم وێنەیەوە بە کورتیش بێت، پرسی پەیوەندی نێوان کورد ئیسرائیل بووروژێنم، بەوهیوایەی لە داهاتوودا دەرفەتم هەبێت وردتر لەمبارەیەوە بنووسم.. پەیوەندی کورد و ئیسرائیل دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای شەستەکانی  سەدەی ڕابردوو. ئەوکات دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل پەویەندییان لەگەڵ سەرۆکی ئەوکاتی پارتی، مەلا مستەفای بارزانی درووست کرد، تا گەیشتە ئاستی سەردانی نهێنی مستەفا بارزانی بۆ ئیسرائیل. لە شەستەکانەوە تا هەرەسی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥، پەیوەندی هەواڵگری ئیسرائیل، بە ئاگاداری دەزگا هەواڵگرییەکانی شای ئێران، لەگەڵ پارتی بەردەوام بوو.

بەڵام کاتێک ڕێکەوتنی جەزائیر دژ بە کورد و لەبەرژەوەندی شای ئێران واژۆکرا، ئیسرائیلییەکان پشتی شای ئێرانیان گرت و پشتیان لە کورد کرد! دەگێڕنەوە لە رۆژانی نسکۆدا نرخی بڕنەوێکی دەستی پێشمەرگە نەفەرێک کەباب بووە. وا پێدەجێت دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و پارتی بەردەوام بووبێت، بەڵام ئەوەی لەم پرسەدا نەگۆڕە، هیشتنەوەی پەیوەندیەکانی پارتی و ئیسرائیلە لە بازنە هەواڵگرییەکەیدا. بەدرێژایی مێژووی پەیوەندییەکانی پارتی و ئیسرائیل، دوو  خواستی جیاواز هەبوون، خواستی ئیسرائیلیەکان بۆ ئاشکراکردن و خواستی پارتی بۆ بەنهێنیهێشتنەوەی ئەو پەیوەندییانە.

لەگەرمەی شەڕەکانی بەنداوی تشرین، لە نێوان هێزە کرێگرتەکانی تورکیا و هەسەدە، کە تا مانگی ئازاری ئەمساڵ بەردەوام بوو، جۆرێک پەیوەندی لە نێوان کوردانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیلدا دروستبوو. هەر لەو ماوەیەدا ئیلهام ئەحمەد لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا، جەختی لە گرنگی پەیوەندی نێوان کورد و ئیسرائیل کردەوە. چەند ڕۆژ دواتر ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیوم،  هەواڵی پەیوەندی تەلەفونی نێوان جدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و  ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی خۆسەریی ئاشکراکرد.

دەتوانم بڵێم کوردانی ڕۆژئاوا بۆ یەکەمجار سروشتی پەیوەندی کورد و ئیسرائیلیان لە پەیوەندی هەواڵگریبەوە بۆ پەیوەندی دیپلوماسی باڵا گۆڕی. بیرمە لەیەکێک لەدیدارە ڕۆژنامەوانییەکانم لەگەڵ ساڵح موسلیم کە ئەوکات هاوسەرۆکی پەیەدە بوو وتی: کورد بەدرێژایی مێژوو سەربازی خەڵک بوە، ئێمـە دەمانەوێت سەربازی خۆمان بین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە