« دەسەڵات بە وشە دروستدەبێت و ، حوکمیش بە قایلکردن دێتەدی » ، « کاتێک هەڵۆکان بێدەنگ دەبن ، تووتیەکان دەست بە دەنگەدەنگ و قسە دەکەن » .
وینستون تشرشەل
لەو زەمەنەی ئێساماندا ، ئەدای ڕاگەیاندن بۆتە بەشێک لە ئیدارەدانی قەیرانەکان ، بەرپرسێک کە لە پێگەیەکی هەستیار دابێت پێویستە ئامادەبێت بۆ ڕاوەستان لەبەردەم کامیڕادا ، بەتایبەتی لە چرکەساتی گرژی گشتی و بێزاریدا ، دەبێت دەمڕاستی ڕاگەیاندن یان هەر بەرپرسێک بە قووڕسایی شەرحکردن و شیکردنەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە کە هیچ نادیاریەکی هەڵنەگرتووە بداتەوە ، کاتێک ئەو بەرپرسە نەیتوانی ڕووخساری دەوڵەتەکەی یان حکومەتەکەی و دەسەڵاتەکەی بەگشتی بەجوانی پێشانبدات و ناشیرنیکرد ، لێرەوە بایەخی ئامادەکردنی « تأهيل » بەرپرسەکە لەڕووی ڕاگەیەندنەوە بەدیاردەکەوێت وەک پێشمەرجێکی بنچینەیی بۆ باشترکردنی ئیدارەدانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی یان ئیدارەدانی ئەو قەیرانەنەی کە هەن ، ئامادەکردنی بەرپرس لەڕووی ڕاگەیاندنەوە هەر لە خستنەڕووی وشە یان بوونی تۆنێکی یەکلاکەرەوە سنووردار نیە ، بەڵکو بریتیە لە تێگەیشتنێکی قووڵ لە زانستی پەیوەندی « علم الاتصال » هەروەها بۆ زمانی ڕاگەیاندن و لەهەمان کاتیش بۆ ئەو سیاقە دەروونیەی کە جەماوەر تێیدا دەژیت ، بۆیە بەربرس موخاتەبەی ئامێر ناکات ، بەڵکو قسە لەگەڵ دڵە نیگەرانەکان دەکات ، قسە لەگەڵ ئەو گوێیانە دەکات کە داوای وەڵام دەکەن ، ئامادەکردنی دروست لە مەشقپێکردنی بەرپرس بۆ تێگەیشتنی سرووشتی ڕاگەیاندنی نوێ و چۆنیەتی مامڵەکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و ئامرازەکانی سۆشیالمیدیا دەستپێدەکات ، هەروەها بەوەش دەستپێدەکات کە چۆن وەڵامی پرسیاری ناخۆش و تەنگەتاو بێخۆتووڕەکردن و گرژکردن بدەیتەوە ، هەروەها ئەو بەرپرسە لە پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ، دەبێت تەفاسیلی کێشە و گرفتەکانی لەکن بێت و ، بتوانێت لە چرکەساتی گونجاودا بڕیار بدات ….« وینستۆن تشرشل »ی کۆچکردووی سەرەک وەزیرانی بەریتانیا کە بەڕاستی پیاوی مەزنی دەوڵەت بوو کە سەرکەوتنێکی مەزنی بۆ بەریتانیا لە جەنگی دووەمی جیهان بەدیهێنا ، لەسەرەتای ژیانیدا زمانی دەگیرا واتە ڵاڵە پت بوو ، خۆی گووتەنی ئەمە بووبوە « بەربەستێکی گەورە » بۆی ، بەڵام لەمیانی مەشقی بەردەوام و پێداگریدا ، توانی ئەم بەربەستە تێپەڕێنێت و ، هەتا وایلێهات بووە یەکێک لە گەورەترین ووتاربێژە کاریگەرە سیاسیەکان لە مێژوودا ، تشرشل لە ووتە بنچینەییە ئیلهامبەخشەکاندا لە بواری پەیوەندی سیاسیی « الاتصال السياسي » دوو وتەی هەیە ، یەکەمیان تێیدا دەڵێت :( دەسەڵات بە وشە دروستدەبێت و ، حوکمیش بە قایلکردن دێتەدی ) ئەوەی دووەم لەمیانیدا تەئکید دەکاتەوە کە ( کاتێک هەڵۆکان بێدەنگ دەبن ، تووتیەکان دەستدەکەن بە دەنگەدەنگ و قسەکردن ) لەمیانی ئەم دوو وتەیەدا بەرپرس دەتوانیت بۆ کاری سیاسی و خزمەتکردنی نیشتیمان بەکاریبهێنێت ، ئەم دوو وتەیە وەک « ڕێنمایی ستراتیژی »ن بۆ بەرپرسان لە بواری پەیوەندی سیاسی ، پێویستە بەرپرس بە ووردی ئەو دوو وتەیە باش ببشکنێت و بەپێی توانا ئیستیعابی بکات و کاری پێبکات بۆ خزمەتی نیشتیمانەکەی ، کاتێک هەر بەرپرسێکی سیاسی وشەکانی لەبەردەم ڕاگەیاندندا بەووردی هەڵبژارد و لەکاتێکی گوونجاودا خستیەڕوو ، مانای وایە کە ئەمە پایەکانی دەسەڵات قووڵ دەکات و نفوزەکەی پتەودەکات ، ئایا ئەوە دەزانیت وەک « ئەرستۆ » گووتەنی کە « ڕەوانبێژی هێزێکە لە هەموو بابەتێکدا پێویستی بە ڕازیکردن هەیە » ؟ ئایا دەزانی کە «هەڵۆکان بێدەنگ دەبن ، تووتیەکان دەست بە قاڕەقاڕ و قسەدەکەن »؟ ، بۆیە نابێت ئەدای پەیوەندی بەرپرسان لەرزۆک بێت و زۆر جار زیانەکانی ئەدای خەراپی پەیوەندی و لێدوانی لەرزۆکانە دەبنە مایەی قەیرانی سیاسی لە ناوخۆ و دەرەوەدا ، بەداخەوەش لەکن ئێمە پێناچێت هیچ درککردنێک لە جددیەتی ئەم کێشەیە هەبێت و ، هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری بدرێت !! ، بەرپرسی یان وتەبێژی باش ، ئەوکەسەیە کە دەزانێت کەی هەموو ڕاستیەکان بڵێت و کەی کورتیبکاتەوە و کەی بێدەنگ بێت بۆ ڕێزگرتن لە نادیاری پڕۆژەکە و ، هەروەها دەزانێت چۆن پارسەنگی نێوان دڵنەوایی خەڵک بێکەمسەیرکردن و نێوان داننان بە قەیران بێکەوتنە ناو ترس و فەوزا ڕابگرێت ، ئەوەی بەرپرس لە دوو خوولەکدا دەیڵێت ، دەشێت کاریگەری زۆر قوڕستربێت لە ڕاپۆرتێکی تەواوی ڕەسمیدا ، بۆیە مەشقپێکردن لەسەر قسە لە چرکەساتی قەیراندا بریتیە لە مەشقپێکردن لەسەر خودی سەرکردە ، بۆیە ئامادەکردنی بەرپرسان بۆ ڕاگەیاندن لە هەموو کاتەکاندا بەتایبەتی لەکاتی قەیراندا زەڕوڕەتێکی نیشتیمانیە .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی