ئەوەی ڕووئەدات دروستکردنی ڕێڕەوی ئارامە بۆ هەناردەی نەوت و سەقامگیریی سیاسی بۆ عێراق و کوردستان و ڕێگریی لەهەژموونی ئابوریی و سەربازیی چین و ڕوسیاو دەستێوەردانە دەرەکیەکان و ئەکتەری سەرەکی ئەم دۆخە تازەیەش فیگەری کوردە بەتایبەت یەکێتی و پارتی.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەمجارە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کابینەی نوێ پشکی بەدەسەڵات و بەهەیبەتی دەوێ و حەقیەتی، هیچ نەبێ لەو زۆنەی کە خۆی قازیی و حوکمڕانە تیایدا گرنگە دەسەڵاتداربێ و هاوبەشی بڕیاردان بێ نەک شەریکی ئیمتیازات، پارتیش وادیارە بۆ ئەو مەبەستە کێشەی نیەو ڕازییە لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارەی کوردایەتی و تەنانەت دەرەنجامە ئینتیخابیەکانی هەرێمی کوردستانی وەلاناوە بۆ ئارامی و ئاسایشی ناوخۆیی و هەناردەی وزە بۆدەرەوە، کە سەرچاوەی داهات و سەقامگیریی ناوخۆیی و زامنکردنی موچەی فەرمانبەرانیشە کە ماوەیەکە کراوەتە کەرەستەی پڕوپاگەندەو تەبلیغاتیانەی هەڵبژاردنی هەندێک ڕەوت و بەرەی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام بەومەرجەی یەکێتی بەتەواوی خاوەن حکومەت بێ و وەزیرو وەزارەتەکان بەهی خۆی بزانێ و لەزۆن و جێ نفوزەکەیدا سەرئێشە بۆ کارنامەو ستراتیژەکانی حکومەت دروست نەکرێ و پرسی بچوک گەورە نەکرێ و ئۆپۆزسیۆنی دروستکراوی سپۆنسەرکراو لەم زۆنە چیدی حاکمی جادەو شەقام نەبێ و ئەوەندەش موجامەلە نەکرێن بۆ ئیحراجی حکومەت و پڕۆژەکانی.
دەرکەوت هێزو نەوت و بەرژەوەندی و سەفەقات و گرێبەستەکانی پشت پەردەو تێگەیشتن لەو مەدرەسەو مۆدێلە حوکمڕانیە هێشتا شەرعیەتی هەیەو کابینەی تازەش بەرئەو مەبنایەو لەژێر ئەو تیشکانەدا پێک دەهێنرێ، ئیتر دەنگەدەنگ و زاهیرەی سەوتی جادەو لایڤەکانی ناو تۆڕەکانی میدیا ئەو ڕۆڵەیان نامێنێ.
پارتی و یەکێتی حیزبی ئۆپۆزسیۆن نین و ناشبن، خاوەن دەنگ و سەنگن، حیزبی دەوڵەت و دارایی و نەوت و ئەمن و ئیستیخبارات و عیلاقاتی دەولی و پۆستگەلی گەورەن لەعێراق و هێشتا نوێنەرایەتی ئەو ناسیۆنالیزمە ڕەگداکوتراوە مێژوییە دەکەن، ناتوانن لەدەرەوەی حکومەت بژین، حکومەتی ئایندەی هەرێم لەژێر کاریگەری ڕێکەوتنە ستراتیژیەکان و مەدرەسە کۆنەکەی کاک و مام و کەلتوری بەرەی کوردستانی و هەناسەکانی یەکەم ئەزموونی حکومڕانیدایەو هیچ هێزێکی ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە بەپڕۆژەی عەقڵانیی، نەک هاواری نالۆژیکی و داتای نادروست تەجاوزی بکات و ئەڵتەرناتیڤیان بۆ دروست بکات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی