شەڕ لەسەر شکست!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

مەجید ساڵح

مەجید ساڵح

جاران ئەیانوت شکست کەس خۆی ناکات بە خاوەنی، کەچی هەرکە رێکەوتن رادەستکردنی نەوت لە نێوان کوردستان و عێراق کرا کادیرەکانی یەکێتی کەوتنە منافسەی ئەوانەی پارتی و میدیاکانی خۆیان پڕکرد لە هەواڵی خۆ بەخاوەنکردنی ئەم پرۆسەیە کە پێشتر هەردوولایان بە شکستیان دەزانی.

من پێم وایە رادەستکردنی نەوت گەورەترین شکستی کوردە لە دوای ساڵی ١٩٩١، پرۆسەی ئابووری سەربەخۆی کوردستان لە بنەڕەتدا لە کاتی دەرهێنانی نەوتی شیواشۆک یەکێتی نەخشەی بۆداناو و پارتی گاڵتەی پێدەکرد. بەڵام لە حەقیقەتدا گرنگترین هەنگاوی کورد بوو لە دوای راپەڕین. ئەگەر هەر لەسەرەتای دەرهێنانی نەوت بە قسەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بکرایە کە لەنووسین و چاوپێکەوتنەکانیدا زۆر پشتیوانی لە ئابوری سەربەخۆ دەکرد بەومەرجەی داهاتی فرۆشتنی نەوت لەخزمەتی خەڵکدا بێت، نەک جووت حزب؛ گرێبەستەکانیش شەفاف و لە پەرلەمانەوە رەزامەندی لەسەر بدرێت نەک لە تاریکیدا و دوور لە چاوی خەڵک، رۆژمان نەدەگەیشت بەمەی ئێستا. شکستی ئابوری سەربەخۆ، تاوانەکەی لەگەردنی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و کۆمپانیاکانیانن، چونکە پرۆسەکە پێش ئەوەی بەهۆی عێراقەوە شکست بهێنێت، لە ناو رایگشتی کوردستاندا شکستی هێنابوو، بەهۆی ئەوەی داهاتەکەی بۆ خەڵک نەبوو، بەڵکو دەچووە گیرفانی بنەماڵە و دەسەڵاتدارەکان و دارودەستەکەنیانەوە.

ئێستا کە نەوت رادەستکرا و داهاتی گومرک و ناوخۆ نیوەی عێراق بردی و گەردنی خەڵک خرایە ژێر رەحمەتی چەقۆی بەغدا و هەر ماوەناماوەیک بە بیانوویەک موچە نانێرێ، دڵخۆشیتان بە چییە؟ ئەم پیاهەڵدانە بێ تامانە لەچی کە فڵان سەرۆک و فیسار وەزیر نەبوایە ئەم رێکەوتنە نەدەکرا، ئەمە جگە لە شکست هیچی دیکە نییە، و لێی بێدەنگ بن باشترە تا بزانین خوا کەی دەرویەک لەم خەڵکە داماوەی کوردستان دەکاتەوە کە بەدەستی ئێوە و میدیا و ئۆپۆزسیۆنە ساختەکانتانەوە گیریان خواردووە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی