ئاماژەکانی پشت لێدوانەکانی شەرع و باخچەلی

03/10/2025

حەمەدەمین سلێمان

 لەو ماوەی ڕابردوودا ئەحمەد شەرع کە بۆ ڕۆژنامەی میللیەتی تورکی قسەی کرد لە تەورێکدا گوتی: ئەگەر هەسەدە تاکۆتایی ئەو ساڵ تێکەڵ بە سوپای سوریا نەبێت ئەوا تورکیا هێرش دەکاتە سەریان و ئەو هێزەی جگە لە سوریا وەک مەترسیی بۆسەر سنورەکانی تورکیا و عێڕاق-یش لەقەڵەمدا؛ دیارە ئەو لێدوانە لەناوەندەکانی ڕاگەیاندندا دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لە نێو سۆشیال میدیا و هێندێ لەمیدیای کوردیشدا وەک هەڕەشەیێک لێکدرایەوە کە شەرع بە لاوازیی ڕادەنێت .

هەڵبەت شکستی نەخشە و پیلانەکانی تورکیا لە مانگەکانی ڕابردوودا لە سوریا هەر لە دامەزراندنی بنکەی سەربازیەوە تا هەریەک لەشەڕەکانی کەناراوەکانی ئەو وڵاتە و سوەیدا و پەلاماردان و کوشتارگەی عەلەوی و درووزکان، متمانەی دیمەشقی بە ئەنقەرە لە پاراستنی بەرانبەر هەژموون و کەڵەگاییەکانی ئیسڕائیل زۆر لاواز کردوە، بۆیە دوور نیە ئەو لێدوانەی شەرع زیاتر پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بێت بۆ تورکیاو بڵێت: کە ئامادە نیە بچێتە نێو واها شەڕێک لەگەڵ هەسەدە کە ئەنجامەکەی ڕەنگە خراپتر بێت لە شەڕەکانی ڕابردووی لەگەڵ درووز و عەلەویەکان ، خۆلادانێکی ژیرانە بێت لە ئاگری ئەو شەڕەی دەمێکە ئەنقەرە سەری لێبادەدا و دوورنیە ئاکامێکی خراپی هەبێت بۆ شەرع و دەستەڵاتەکەی، چونکە شەڕی هێزەکانی هەسەدە بۆ گروپە میلیشیاکانی سوریا ڕەنگە وا سوک و ئاسان نەبێت، ئەو هێزە بەدەر لەوەی خاوەن دیسپلین و توانا و ئاستێکی بەرزی سەربازییە، ئەندامێکی کارا و جێمتمانەی هاوپەیمانێتی جەنگی دژ بە داعشە، ئەمریکا و فەڕەنسا و تا ئاستێک ئەوروپا بەگشتی پشتیوانی دەکات .

پەیامە نوێکەی ئەو دوایەی دەوڵەت باخچەلی کارەکتەری سەرەکی پڕۆسەی ئاشتی و دەوڵەتی قوڵی تورکیا کە دەڵێت: "داوادەکەم هەسەدە نەبێتە بەشێک لە پڕۆسەیێک دژی تورکیا و ئیسڕائیل ئیدی لە مەترسی دروستکردن بۆ تورکیا ناوەستێت"، هەروەها هەڕشەوگوڕشە بەردەوامەکانی ئەنقەرە بە هێرشکردن بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و چەکدانانی هەسەدە و چوونیان بۆ نێو سوپای سوریا، نیشانەی مەترسی تورکیایە لە هەژموونی ئێستای ئیسڕائیل و ئەو پڕۆژە نوێیەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە دەمێکە باسی لێدەکرێت و ئێستا ناوچەکەی خستووەتە ژێر بارێکی نا ئاسایی و گرژەوە ؛ بەڵام ڕەنگە ئەو هەڕەشانە لەمەیدانی کردەییدا لەئێستادا ئەگەری جێبەجێکرنیان لاواز بێت، چونکە پێگەی ڕۆژئاوای کوردستان لە نێو هاوکێشەی ململانێکاندا باش جێی گرتووە و ئێستا ئەمریکا وەک بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لێی دەڕوانێت، لە لایێکی تریش سیستمی حوکمڕانی ڕۆژئاوا بووەتە نموونەیەکی جوانی پێکەوە ژیان و کۆکردنەوەی هەموو پێکهاتەکان، ئەوە جگە لەوەی تورکیا بە قەیرانێکی نێوخۆی قوڵی سیاسی و دارایدا گوزەر دەکات و هەر دەستدرێژیی و پەڵامارێکی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دوور نیە مەڵۆیێکی تر بخاتە سەر خەرمانی شکستەکانی لەنێو سوریادا و نوقمی گێژاوێکی بکات وائاسان لێی دەرنەچێت !

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی