ستەمکاری لە مەترسیدارترین فۆڕمیدا، تەنها ئەوە نییە مرۆڤ بە ڕەفتارە دڕندەکانی، یان بە هەڕەشەو هەڵوێستە توند و نادادپەروەریەکانی بترسێنێت و دەستەمۆ بکات، بەڵکو لەوەش مەترسیداترئەوەیە، هاونیشتیمانیەکانی ڕابێنێ یان فێریان بکات، بە ناچاری بکەونە دۆخێکەوە، پاساو بۆ بێدەنگی و ترسەکەیان بێننەوە.
چونکە زۆر ئاساییە، دەسەڵات بە زەبری هێز و زەبرو زەنگ بێدەنگی بسەپێنێت، بەڵام ئەم کەشی بێدەنگیە سەقامگیرتر و ڕەوایەتی زیاتر مسۆگەر دەکات، کاتێک لە دەرئەنجامی ترسەوە، بگۆڕێت بۆ جۆرێک لە باوەڕهێنان، دواتر ئەم باوەڕە لە سیستەمی بیرکردنەوەی تاکەکاندا بە جیا بچێنرێ.
لەو کاتەدا دەسەڵات پێویستی بەوە نابێت، پۆلیسێک لە ژێر لوتی هەر هاووڵاتییەک دابمەزرێنێ، تەنیا ئەوەندە بەسە، هاووڵاتیان بخاتە سەر کۆدی عەمبارکراوی(باوەڕ بە ترس و بێدەنگی)، ئیتر خۆیان دەبن بە پاسەوانی هەڵسوکەوتەکانیان.
لێرەوە ئیتر سیاسەت دەست دەکات بە دزەکردن، بۆ پەراوێزی ناوچەیەکی قووڵتر لە یاسا کارپێکراوە ئەرزی و ئاسمانیەکان: بۆ ناو پەرێزی جوگرافیای ئەخلاق و ویژدان.
ستەمکاری ڕیتمی مێژووی خۆی، بە تەنیا لەگەڵ هەڵچنینی دیواری زیندان و گرتوخانەکان ڕێکناخات، بەڵکو زۆر جار لە پێناو تەمەنێکی درێژتر، پێش وەختە پەنا دەباتە بەر دەستکاریکردن و پێناسەکردنەوەی چەمکە ئەخلاقیەکان، ستراکچەری فەزیلەتەکان دوبارە فۆڕمەلە دەکاتەوە، بە مەبەستی شێواندنیان، بۆ ئەوەی بە ئاسانی نەناسرێنەوە، ئەوەتا سەبر و ئارامگرتن لە بەرامبەر زۆرداران، دەگۆڕێ بۆ خەسڵەتی (پشودرێژی ودانایی)، ملکەچی و خۆ چەماندن و دەست ماچ کردن، بۆ ( پابەندی و گوێڕایەڵی)، بێدەنگی بۆ (دوورکەوتنەوە لە فیتنە و ئاو کردن بە ئاگردا)، لێپرسینەوە یان وەستانەوە بەڕوی دەسەڵاتداران دەخاتە خانەی (یاخیبوون لە جەماوەر و خیانەت لە نیشتیمان)، لەهەمان کاتدا ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ستەمکاران، لە بری ئەوەی ڕەفتارێکی ئەخلاقی بێت، دەگۆڕێت بۆ کێشەیەکی ئەخلاقی!
دواجار ئەم کێشە ئەخلاقیە، لەگەڵ ڕۆڵی مەترسیداری گوتاری هەندێک لە پیاوانی ئاینی تێکەڵ دەبێت، کاتێک سەربەخۆییی خۆیان لەدەست دەدەن و ڕەگی ئەم چەمکە داتاشراوانە، دەگێڕنەوە بۆ سەر فۆڕمێکی نەریتی و کلتوری دیاریکراوی دینداری، فۆڕمێک ئیمانداران لەسەر ئەوە ڕادێنێ، تەنها چونە مزگەوت و نوێژی بە جەماعەت و زەکات و سەرفترە…
وەک تەواوکاری بەسە بۆ پابەندیە ئاینیەکان، واتا زۆر سروشتیە بێدەنگ و بێهەڵوێستبی بەرامبەر نادادی و ستەم و زۆرداری، دزی و گەندەڵی، گرانی وبرسیەتی، قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی، تەنانەت هەڕەشەی وجودی نەیاران بەرامبەر چارەنوسی هاوزمان و نەتەوەکەت، گرنگ نوێژەکان بە جەماعەت لەکاتی خۆیدا بکەی و ساڵانە قوربانیەک بدەی بە ئەرزا بۆ دۆست و ئەحباب، زوو زوو گەشتێکی عەمرە سازبدەی، بەهەر جۆرێکیش بێت ناوت بئاخنی لە لیستی زیارەتکارانی ماڵی خودا، ئیتر چی ڕودەدات لە وڵات و دەوروبەرت ئەوە پەیوەندی بە تۆوە نیە، بۆ ئەوەی( اظعف الإيمان )هەڵوێستت لە بەرامبەریانداهەبێ، تەنانەت لەبری هەوڵدان بۆهاندانی کۆمەڵگا، لە پێناو بەرزکردنەوەی ئەو پرسیارە بەڕوی دەسەڵاتداراندا: ئایا تۆ دادپەروەریت؟ بەردەوام دەپەڕنەوە بۆ پرسیارکردن لە عەوام: ئایا تۆ گوێڕایەڵیت؟
بێگومان لەو ساتەوەختەوە، ئیتر دینداری ئەو هێزە ڕوحی و ئەخلاقیە نییە لێپرسینەوە لە دەسەڵات بکات، بەڵکو دەبێتە هاوپەیمانی دەسەڵاتی سیاسی، دەبێتە ئەو زمانەی بەرگێکی پیرۆز لەبەرەی خاوەن هێز و دەسەڵات هەڵدەکێشێ. بەم جۆرە دەسەڵات بە هیلالێکی نورانی دەورە دەدات، کە لە سەرووی ڕەخنەو لێپرسینەوەیە، لە مەزڵومان داوا دەکرێت بەهەشت مسۆگەر بکەن، بە سەبر و ئارامگرتن و دورکەوتنەوە لە فیتنە!.
لە کاتێکدا تاک و تەران ئەو پیاوە ئاینیانەی، لە زالمان داوا دەکەن دەست هەڵگرن لە زوڵم و نادادی.
جیاوازیی نێوان ئەم دوو دۆخەش زۆر یەکتڕبڕ و گەورەیە:
داواکردنی ئارامگرتن لە مەزڵومان، جۆرێکە لە دڵنەوایی و پێشاندانی بەزەیی، بەڵام کاتێک ئارامگرتن وەک جێگرەوەی دادپەروەری پێشکەش دەکرێ، بێگومان نیەتەکە چیتر ناتوانێ شاراوەبێت، بەڵکو مەبەستەکە شتێکی تەواو جیاوازە. ڕاستە مرۆڤ دەتوانێت بۆ ماوەیەک بەرگەی ستەمکاری بگرێت، بەڵام کاتێک ئەو بڕوایەی بە تەواوی لەلا گەڵاڵە دەبێت، کە گوایە بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاران گوناهبارت دەکات، ئیتر ستەمکاری لە دۆخێکی سیاسییەوە، دەست دەکات بە گۆڕان وەک چارهنووسێکی ئەخلاقی.
بەم شێوەیە ئەگەرچی ڕاستە ستەمکاری بژاردەیەکی دڵخوازنیە، لەهیچ سەردەم و قۆناغێکدا، بەڵام ئەوەندە بەسە، هاوڵاتیان بگەنە ئەو بڕوایەی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاران، لە بێدەنگی وبەرگەگرتنی مەترسیدارترە.
لێرەوە پرسیارە فەلسەفییەکە، تیژتر و بێبەزەییانەتر، خۆی دەکێشێت بە دیواری ڕامان و بیرکردنەوەماندا:
بۆچی لە بەرامبەر ئەم هەموو ستەم و نادادیەدا بێدەنگی هەڵدەبژێرین؟ بەڵام لە بەرامبەر هەندێک مەسەلەی بچوکی، وەک بۆچونی تایبەتی کەسێک، لەسەر لچکی خانمێک،(کە بەڕای من ئەوەی دەڵێت فڕێیبدە لەگەڵ ئەوەی دەڵێت بیکە سەرت جیاوازیان نیە، چونکە دواجار هەردوکیان، سنور بەزاندنی ئازادی کەسی بەرامبەرە)، یان دیمەنی نمایشێکی هونەری لە زانکۆ، بۆچونی ڕۆشنبیرێک لەمەڕ بابەتێکی کۆمەڵایەتی، هەڵەیەکی زمانەوانی پێشکەش کارێک، دەرکەوتنی کچ و باوکێک لەکلیپێکدا، تەوقەی گەرمی پیاوێکی منەوەر لەگەڵ ژنێک لە بۆنەیەکدا، دەستگرتنی دووعاشق لەپارکێکدا، وتار یان دەربڕینی نوسەرێک، تا دەگاتە وەڵامی هەرزەکارێک کاتێک دەڵێت (پێم دەکرێت) ….
ئەرێ بەڕاست ئەم تایپە لە بڕواداران بۆ ئاوا خۆیان مەڵاس داوە لەکەمیندا، بەزەڕەبین کنەو پشکنین لە بچوکترین وردەکاریەکاندا دەکەن، بۆ ئەوەی شەیتانەکان بەئاگا بێنن، تا هەڵەو کەمووکوڕیەکی تایبەتی و کەسی و کۆمەڵایەتی بدۆزنەوە، دونیا بە پۆست و کۆمێنتی ناشیرین وڕوو کاس بکەن، لە کاتێکدا ئەم وڵاتە غەرقی ناهەقی و نادادی و ستەم و دزی و گەندەڵی و گرانی و برسیەتی بۆتەوە، بەدەست دەستەبژێرێکی چاوچنۆکی خۆسەپێنەوە، بەڵام چاویان داخستوە، پێیان وایە ئیمانداری تەنها دووڕکات نوێژی بەیانیانە بە جەماعەت، گرنگ نیە ئێوارەکەی لە مەجلیسی کام زاڵم دانیشتبی و شانی کام فیرعەونت ماچ کردبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی