نووسەران، ئەو گرۆیە لە مرۆڤن، کە جیهانێکی تایبەتی و ناوەکیی خۆیان هەیە، جیهانێک تایبەت بە هەر یەکێک لەوان و تاکەکەسیی، لە هەمان کاتدا هاوبەش و گرێدراو بەئەوانیدیکەوە. نووسەران، جیاواز لە هەموو توێژەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگای مرۆیی، بەجێی فەزای کۆمەڵایەتیی و کاری پێکەوەیی و کۆمەڵیی، دنیایەکی تایبەت و تاکەکەسیی سەرلەبەری خوێندنەوە، بیرکردنەوە و کاری نووسینی ئەوان پێکدەهێنێت. خوێندنەوە و نووسین، جیاواز لە هەر کارێکی دیکەی مرۆڤ، بە پلەی ئیمتیاز کارێکی تاکەکەسیی و تایبەتە. بەڵام ڕەنگبێ زێدەڕۆیی تێدا نەبێت ئەگەر بڵێم گرێدراوترین و کارلێککارترین کایەیەک لە نێو هەموو کایەکاندا، کایەی نووسین و ڕوناکبیرییە.
نووسەران سەرباری دنیای تایبەتی خۆیان و فەزای کارکردنی خۆیان و ئەو پانتاییانەی خوێندنەوە و نووسین کە بۆ هەر یەکێکیان، بوارێک و کایەیەک تایبەت و جێگای بایەخە و لەپێشترینە، بەڵام هێشتا تۆڕێکی نەبینراو و ناڕاستەوخۆ، هەمووان پێکەوە گرێدەدات و هەستی نزیکایەتیی بە هەر یەکێکیان لەگەڵ ئەوانی دی، دەبەخشێت.
فەزای خوێندنەوەو نووسین لەلای نووسەران، تایبەتمەندییە ناوازەکەی لەوەدایە، کە هەریەکێک لەوان هێندەی وەکو ئەوە وەهایە کە بە تەواوی دابڕاو و سەربەخۆ لەو کایەیە و لە نووسەرانی دیکە بێت، بەڵام هاوکات، لە ڕەهەند و ڕوانگەی دیکەوە دەبینین کە هێندە پێکەوە گرێدراو و نزیک لە یەکدین، وەکو ئەوەی هەمووان لە پەیوەندییەکی تایبەتی و نزیکدا بن لەگەڵ یەکتری.
لەوانەیە نهێنێییەکە ئەمەبێت کە وادەکات ڕۆشنبیرێک (بەختیار عەلی لە چاوپێکەوتنێکدا) بڵێت: نووسەرێک هەرچەندە خراپ و حزبییش بێت، بەروارد بە هەر سیاسییەک، سەد هێندە بە باشتر دەزانم و نزیکتر لە خۆمەوەی دەبینم.
نووسەران، سەرباری دوورییان لە یەکدی و تەنانەت یەکتر نەناسینیان، کاریگەرییان هەیە لە ڕەگڕێژکردنی جیهانی تایبەتی یەکدی و شێوە وەرگرتنی بیرکردنەوە و ڕوانگەی یەکدی.
تەنانەت کاتێک دوو نووسەر یان زیاتر لە نێوانیاندا ناکۆکیی و مشتومڕ لەبارەی بابەتێک یان زیاتر دروست دەبێت و بیرکردنەوە و ڕوانگەیان بۆ بابەتەکە یان پرسەکە نەوەکو تەنها جیاواز و پێکدژە، بەڵکو ئاسمان و ڕێسمانە و ئەمەش ناکۆکیی قووڵیی فیکریی و ئەدەبیی لەنێوانیادا دێنێتە ئاراوە، بەڵام هێشتا لە نێو ئەو ڕایەڵە نەبینراو و ناڕاستەوخۆیەی فەزای ڕوناکبیرییدا، نزیک لە یەکتری و پێکەوە گرێدراون.
لێرەدا چەمکی نووسەر، بەهیچ شێوەیەک ئەوانە ناگرێتەوە کە خزمەتکاری عەقڵییەتی ئاپۆڕایین و بیرکردنەوە و تێگەیشتنی کۆیی پەرەپێدەدەن و خزمەتدەکەن، جا با تەنانەت خاوەنی زۆرترین ژمارەی پەڕتوک و درێژترین نووسین و چەندین وتار و چاوپێکەوتنیش بێت.
لێرەدا، نووسەر و ڕۆشنبیر، ئەوانە دەگرێتەوە کە لە چەندین ڕەهەندی جیاوازەوە، جیاوازییەکی قووڵ و ڕیشەیی لە بیرکردنەوە و تێگەیشتنی گشتیی کۆمەڵگا بۆ پرسێک یان بابەتێک لە بوارێک یان کایەیەکی دیاریکراودا، پێسکەشدەکەن. چەمکی نووسەر، لێرەدا ئەو کەسە دەگرێتەوە کە سەرقاڵی بیرکردنەوەیە و جیهانی بیرکردنەوە و نووسین بە جدی دەگرێت و وزەی بیرکردنەوە و نووسینی خۆی لە ڕەخنەکردنی ئەو بیرکردنەوە و تێگەیشتنە کۆییەدا "تفکیر و تفهیم جماعی" ئاڕاستە دەکات.
نووسەر و ڕۆشنبیر لێرەدا، تەنها ئاماژە نییە بۆ کەسێک کە سەروکاری لەگەڵ کتێب و نووسیندا هەبێت، بەڵکو تایبەتمەندیی لە بیرکردنەوە و نووسیندا هاوتای جیابوونەوە لە عەقڵی ئاپۆڕایی و ڕەخنەکردنی، بنەمایەکی سادەی نێو فەزای ڕوناکنبیریی و هەموو ئەوانەیە کە لەو کایەیەدا کاردەکەن.
ئەم نووسینە لەپەیوەند بەکۆچی دوایی نووسەرو ڕۆشنبیر، خەلات عومەر نوسراوە.
خەڵات عومەر یەکێک لەدەنگە تایبەتی و ناوازەکانی نێو کایەی نووسین و ڕوناکبیریی کۆمەڵگای ئیمە، هەمیشە لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە لەبارەی هەر پرس و بابەتێکەوە دەینووسی.
سەرباری ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ ناوەڕۆک و ماناکانی ئەو وتارانەی "بە تایبەتی وتارە سیاسیی-فیکرییەکانی" کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەینووسین ناکۆکیی و سەرنجی زۆرم هەبوو، بەڵام هێشتا ڕوانگەی تایبەت و ناوازەیان تێدابوو کە تایبەت ڤێرژنی خەڵات عومەر خۆی بوون.
من هیچ پەیوەندیی و نزیکایەتیی و یەکترناسینێکم نەبوو لەگەڵ کاک خەڵات، تەنها لێرە لە فەیسبووک هاوڕی "فرێند" بووین بەڵام هەروەکو چۆن بۆ هەموو نووسەران و ئەدیبان بە بڕ و ئاستی جیاواز هەمە، هەستی پەیوەندییەکی تایبەت و نزیکایەتیی و یەکترناسینم بۆ خەڵات عومەریش هەبوو.
تەنها یەکجار، دوای دەستخۆشیی سەرنجێکی کورتی لەسەر یەکێک لە بابەتەکانم دەربڕیی و کورتە گفتوگۆیەکی لەنێوانماندا دروستکرد.
کۆچی دوایی کاک خەڵات، نیگەران و غەمباری کردم.
ڕۆحت بۆ هەمیشە لەئاشتییو ئارامییدا.
ناوو یادت، هەمیشەییو درەوشاوە.
تێبینی: لە کاتی ئەم نووسینەدا ئەو ڕستەیەی نێو چاوپێکەوتنێکی بەختیار عەلیم هاتەوە یاد و بە تەواوی لە یادم نەماوە چاوپێکەوتنەکە کەی و لە کام شوێندا خوێدوومەتەوە هەروەها شێوازی داڕشتنەکەی دڵنیا نیم بە تەواوی وەکو خۆیەتی یان نا، بەڵام هەمان ناوەڕۆک و مانایە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی