هەڵبەتە من وەك كوردێك هیچ نیگەرانیم لەوەی پڕۆژەی كۆمەڵگەی
دیموكراسی لە ڕۆژئاوای كوردستان بەرەو شكست دەچێت. ئێمە نزیكەی پێنج ساڵە لەگەڵ هەڤاڵانی
قەندیل چەندینجار گفتوگۆمان كردووە لەسەر ترسناكی پڕۆژەی دیموكراسی، چونكە پڕۆژەیەكی
ناواقیعیە و ناكرێت لەگەڵ داگیركەری عەرەب و تورك و فارس، لەسەر خاكەكەی خۆت باسی پێكەوە
حوكومڕانی بكەیت.
دەبێت ئەو پڕۆژەیە بەرهەمەكەی خۆی ببینێت، پێش هەمووشتێك
كۆمیدیاییە لەگەڵ عەرەب و تورك و فارسدا باس لە پڕۆسەی دیموكراسی بكەیت، تەماشای كۆی
نەخشەی ڕۆژهەڵات بكە، بزانە چەند حوكومڕانی دیموكراسی تێدایە! ئەو چەمكە بۆخۆی چەمكێكی
پڕكێشەیە لە ڕۆژهەڵاتدا و دیموكراسیەتی ڕۆژهەڵات كورتكراوەتەوە بۆ ساتی دەنگدان بۆ
پتەوكردنی حوكومڕانی، لەمە زیاتر نییە. هێنانی چەمكێكی لەوجۆرەی خۆرئاوا بۆ كۆمەڵگەیەكی
خێڵەكی عەرەبی و جێبەجێكردنی، وەك ئەوەیە كودەتایەكت لە تەواوی ڕەگوڕیشەكەیدا كردبێت،
كۆمەڵگەی دیموكراسی تەنها بۆناو كورد خۆی جێگەی باسە، لەوە زیاتر بەرهەمەكەی شكست و
لاوازی كوردە .
كۆمەڵەگەی دیموكراسی هێنانی عەرەب و تورك و فارسە بۆ سەر
خاكەكەت، تاكو بیانكەیتە بەشدار لە پڕۆسەی بەڕێوەبردن، لە كاتێكدا ئەم چەمكە ببە سەرخاكی
عەرەب، یان تورك، یان فاس، باس لە پێكەوە بەڕێوبردن بكە، هێشتا ڕستەكەت تەواو نەكردووە
دەتكوژن، چونكە قبوڵناكەن تۆ لەسەر خاكی ئەوان قسە لە حوكومڕانی بكەیت، بەڵام تۆ وەك
كوردێك كە فریوی چەمكی مافی مرۆڤی خۆرئاوات خواردوە، بە پڕۆژە كار بۆئەوە بكەیت ئەویتری
داگیركەر لەسەر خاكەكەت بمێنێتەوە و پێكەوە حوكومڕان بكەن، بەرهەمەكەی ئەو دژبوونەی
خێڵە عەرەبییەكان و خەڵكە عەرەبەكەیە كە ئەمڕۆ لە رۆژئاوای كوردستان دەیبینن، بەهیوام
ئیتر لە بانگەشەی كۆمەڵگەی دیموكراسی دەست هەڵگرن و بگەڕێنەوە بۆ تێزی پێشینەكانی كورد،
چونكە پێشنەكانی كورد بەباشی بەركەوتنیان لەگەڵ تورك و عەرەب و فارس كردووە، بۆیە بانگەشەی
جیاكردنەوەی ماڵی كوردیان كردووە.
هەڵگرتنی چەمكی كۆمارەكەی قازی و ئیشكردن بۆی، واقیعی ترین
خەونی كوردە بەرامبەر بە داگیركەران. تەنها ئەو چەمكەی قازی دەتوانێت لە داهاتوودا
كورد بەرەو ئاسودەیی ببات، هەر پڕۆژەیەكی تری، وەك لامەركەزی، فیدراڵی، نەتەوەی دیموكراسی،
هیچ واتایەك بە داهاتووی كورد نابەخشن، جگە لە هەڕەشەكردن بۆسەری و وێرانكردنی. كۆی
پڕۆژەكانی وەك لامەركەزی و فیدڕاڵی و نەتەوەی دیموكراسی، هەوڵێ قۆناغە مێژووییەكانی
كوردە بۆ خۆگونجاندن و شوێنكردنەوەی خۆی، هەوڵێكی ناچارییە و بەرهەمەكەشی بە شكستی
كورد وەرگەڕاوە.
ئێمە دوو ئەزموونی باش لە پێشمانن، كە دەتوانین بۆیان بگەڕێینەوە
و شرۆڤەیان بكەین، تاكو لە داهاتوودا كاری لەسەر بكەین و ئیشی بۆ بكەین، ئەزموونی قازی
محەمەد و سەرلەنوێ زیندووكردنەوەی چەمكی كۆمار، ئەزموونی سمكۆی شكاك، بۆ پاككردنەوەی
خاكی خۆت لە هەموو داگیركەر و نۆكەرێك، پاشان دەرخستی هزری داگیركردن بۆئەوەی شەڕی
خۆت لە سەرزەمینی ئەودا بكەیت و ماڵەكەی خۆت بپارێزیت و مێژوو دروستبكەیت. ئەم دوو
ئەزموونە یارمەتیمان دەدەن، لە داهاتوودا پڕۆژەی لامەركەزیەت و فیدڕاڵی و نەتەوەی دیموكراسی،
پەراوێز بخرێن و هزری كۆمار شوێنیان بگرێتەوە، ئەمە ئەگەر لە واقیعیشدا تەحقیق نەكرێت
لە هزردا دەچەسپێت و كۆتایی بەو چیرۆكانە دێت، كە ئەنجامەكەیان ئەوەیە دوێنێ لە كەركوك
و ناوچە دابڕێنراوەكانی خاكی كوردستاندا دیمان و ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای كوردستان دەیبینن.
هەڵبەتە تا ئێرە لە ڕۆژئاوای كوردستان شەڕەكە لەناو خاكی
عەرەبدایە. هەڵگەڕانەوەی عەرەبەكان دژی كورد، چاوەڕوانكراوبوو، چونكە عەرەب نە كۆمەڵگەیەكی
دیموكراسییە، نە توانای قبوڵكردنی ئەوەی هەیە گەلی تر ڕابەرایەتی بكات. عەرەب و داگیركەرەكانی
دیكەش، تەنها بەهێز دادەمركێنەوە. ئەو چیرۆكەی خۆرئاوا لە داهاتوودا هەرێمی كوردستانیش
دەگرێـەوە، چونكە كە هەرێم چڕاو كەوتە شەڕەوە لەگەڵ دەسەڵاتی عێراق، لە شارەكانی هەولێر
و سلێمانی دەرئەنجامەكەی دەبینین، كە چۆن ئەو عەرەبانە دژی كورد دەجوڵێنەوە.
بە هیواین كوردانی ڕۆژئاوا دوای كشانەوە لە خاكی عەرەب، كە
گەڕانەوە بۆ خاكەكەی كورد، دەست لە چەمكی نەتەوەی دیموكراسی بەردەن و وەك كورد بیرلە
بەڕێوەبردن و پاككردنەوەی خاكەكەیان بكەنەوە. گەر ئەم بیرۆكەیە نەگۆڕن جارێكی تر تووشی
شكست دەبنەوە و هەڵگەڕانەوە دژیان لە چەندین شوێنی دیكە لەلایەن عەرەبەكانەوە ڕوودەدات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی