سوریا بەبێ دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد سەقامگیریی بەخۆوە نابینێ

4 کاتژمێر پێش ئێستا

سالار مەحمود

رووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا دەرئەنجامی سەوداکردنە بە خاکەوە.
لەناو سوریادا سەوداکردن بەخاکەوە دەکرێت، ئیسرائیل لەباشورەوە بەشێک دەبات و، شەرع لەباکورەوە بەشێک بەدەست دێنێت.
بەم پێودانگە سەودای تریش لە رێگایە، بەڵام ئەم جارە جیاواز تر ئەبێت و لایەنەکانی تریش بەشی خۆیانی لێ ئەپچڕن.
سوریا یان دەبێت حوکمی لامەرکەزی قەبوڵ بکات، یان ناسەقامگیریی  هەمیشەیی چارەنوسیەتی.
دۆخەکە بۆ کورد سەختە،  بەڵام پێویستی بە دڵەڕاوکێی زۆر ناکات، شەڕڤان لە رۆژئاوای کوردستان چەسپاون و شەڕ هێشتا لە ناوچەی عەرەب نشینن.
لەسەردەمی هەڕەشەی داعش کاتێک هۆزە عەرەبەکان پێویستان هەبوو کورد داکۆکی لێکردن لە ئیرهابی داعش. خۆ بەڕێوەبەریەکی هاوبەشی راگەیاند.
بەڵام ئەو سەودا ئیقلیمیەی لە ئارادایە هاوکێشەکەی گۆڕیوە.
کوردی رۆژئاواش پێویستی بە پێداچونەوە هەیەو، بەپێی هاوکێشەی نوێ سیاسەتی خۆی دابڕێژێتەوە. تا ئێستاش کەس لە خۆیان باشتر دۆخەکە ئەزبەر ناکات، بۆیە گونجاوترین چارەسەری هەنوکەیی هەر لای خۆیانە.
کورد لەهەموو لایەکی دونیاوە بە درشتی چاودێری دۆخەکە دەکەن و هاوسۆزیەکی گشتگیرتر هەیە بۆ کوردانی رۆژئاوا،
دۆخی سوریا دابڕاو نیە لە گۆڕانکاریە حەتمیەکانی ناوچەکە، ئەوەی روو دەدات سەرەتای وەرچەرخانێکی نوێیەو کوردیش ژمارەیەکی هەژمار بۆکراوە.
جەخت دەکەمەوە لەسەر ئەو راستیەی ئەو فشارانەی  لەسەر کورد لە رۆژئاوا هەیە هەڵدەگڕێنرێتەوە بۆ دەرفەتی سەرکەوتنی چەسپاوتر.
ئەرکی هەموو کوردو کوردستانیەکە لەم پرسەدا پشتیوانی گەلی خۆی بێت و ، پشتیوانی بۆ خۆشی پەیداتر بکات، پشتیوانیکردن لە رۆژئاوای کوردستان یەکسانە بە پشت قایمکردنی ئەزموونی فیدراڵی کوردستانی عیراق.
شەڕ لە سوریای دوای ئەسەد لە سودی گەلانی ماندووی سوریا نیە، بە کوردو عەرەب و پێکهاتەکانی تریشەوە.
رووبەڕوو بونەوەی توندڕەویی و گروپە توند ئاژۆکان ئەرکی کۆمەڵی نێودەوڵەتیە، نەک تەنیا کوردو ئازادیخوازانی سوریا.
هەموو لایەک نابێ ئەو راستیە فەرامۆش بکەن کە سوریا هێشتا پڕە لە داعشی نیوە بەخەبەر.
راگرتنی شەڕو ئاگربەست دەرفەت دەدات بە پیاچوونەوەی دۆخەکە. رێکەوتن لەشەڕ باشترە.
گرنگە هەموو لایەک بەکورد خۆشمانەوە سود لە مێژوو لەهەمان کاتدا پێشهاتە خێراکان وەربگرن.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی