کوردی ڕۆژئاوا

10 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەحمەدی مەلا

نەمرد.. لەڕوی تۆپۆگرافییە شەڕی عیسابات ناکرێ، بەڵام هۆشیاریی نامرێ، ئەمە لەهەموی گرنگترە، مومکین نەبوو سێ فرقە دروست بێت، بەبونی تورکیاو کۆی وڵاتانی عەرەبی‌و ڕۆڵی ئەمریکای پراگماتیک کە ئەو بەشتی زۆر گەورەترەوە سەرقاڵە، لەپەیوەندیی نێو نەتەوەییدا تەنها بەرژەوەندیی هەیە، بۆیە کورد دەبێ لەم دیدگایەوە پەیوەندییەکانی چێبکات.

نسکۆی 75 هەمومانی ڕاچەڵەکاند، بەڵام کورد مایەوەو بگرە پەرەی بەخەباتی خۆیدا، شەرع دەڕوا کورد دەمێنێ، مادام هۆشیاریی ماوە، مادام سنورییان لەگەڵ باشور دەبێ، دەتوانن پەرە بەخەباتیان بدەن، لەڕوی هێزەوە، هێزی هەسەدەو هێزی ئەوان موتکاف‌و نەبوو، بەڵام ئێمە لەزۆر ڕوەوە بەهێزترین، دنیابینی ئەوان زۆر جودایە لەدنیابینی هەسەدە.

زاڵبونی هەژمونی تائیفیی‌و مەزهەبیی‌و دینیی بەسەر هەموو جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەند، شەڕەکانی ئێمەی زۆر سەختکردوە، بەڵام ئەم دونیا کۆن‌و هەلا هەلابوە تا سەر نامێنێ، تەنانەت میللەتانی دیش دەگەنە ئەو قەناعەتەی کە ئایین ڕەهەندێکی شەخسییە، دەوڵەت لەڕێگەی مەزهەبەوە مەیسەر نابێت، ئێران ئەو عەڵقە لاوازەیە لەپسانەوە نزیکبوه‌تەوە، کوردی تورکیا لەسەر پێی خۆی ڕاوەستاوە بەقەندیل‌و بەبێ قەندیل.

شەڕ لەبەرژەوەندی ئێمەدا نییە، چونکە هاوسەنگی هێز لەبەرژەوەندیی ئێمەدا نییە، بەڵام هەق لەلای ئێمەیە وەک دەوترێ هەق لەجەنگەکاندا قوربانی یەکەمە.

هەسەدە ئومێدی سبەینێن، چونکە ئەم مەرسومە با مەرەکەبی سەر کاغەزیش بێت، چوە مێژوەوە، وەک بەیانی 11 ئادار هیچی لێ شین نەبوو، بەڵام بوو بەبەڵگەنامەیەکی مێژویی، بوو بەبەشێک لەهۆشیاریی دەوڵەتداریی.

زمانی کورد ئازاد دەبێ، ڕاستە بەڕەسمی نەناسراوە، بەڵام، وەکو قەقنەس لەناو سوتماکدا بوژایەوە، گەشەدەکات‌و دەبێت بەزمانی ڕەسمی، ئەمڕۆ نا سبەی.

هۆشیاریی سیاسیی لەچەک گرنگترە، ئیشی سیاسیی لەمڕۆوە دەستپێدەکات‌و ڕەنگدانەوەی پۆزەتیڤی دەبێت.

ژن لەوێ ئازادە، ئەم ئازادییە جارێکی دیکە لەگۆڕ نانرێت‌و بەڵکو ڕەنگدانەوەی دەبێت بۆ هەموو سوریا، هێزە مەدەنییەکانی دیمەشق‌و حەلەب لەناونەچون، دێنەوە مەیدان لەدەرفەتێکی دیکە.

قاعیدەو داعش‌و چەتەکان دواڕۆژیان نییە، ئەوانە سوتەمەنی شەڕەکانن...
زۆربەی زۆرمان دڵمان تەنگە، بەڵام خەبات بەدڵتەنگیی‌و سۆز ئەنجامنادرێت...
کورد لەسەر شانۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەند چالاکە، ئەم هزرە زیندوەو گەشە دەکات...

باشور دەبێ واز لەشەڕی ئەو دوو کەچەڵە بهێنێ بۆ بەدەستهێنانی شانەیەک، با گەورەترو دورتر بڕوانن، چونکە باشور سەرچاوەی خۆرو ئاوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی