نەخشەی رێككەوتنی پاریس فراوانترە لەوەی راگەیەنراوە

3 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرتیپ جەوهەر

بارودۆخێكی زۆر مەترسیدار روو لەناوچەكە دەكات، تەنها لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان راناوەستێت. كۆبونەوەكانی كورد لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق بەردەوامە، هیچ ئاسۆیەك نییە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، سەدان خێزانی ئاوارەی كورد لەشەقامەكانی قامیشلۆ لەبەر باران و سەرمای ئەم زستانە لەچاوەڕوانی تروسكایەكن تا دەرگایەكیان لێبكرێتەوە. شكست و بێئومێدی كورد لەسوریا، لەبێ ئیرادەیی سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو لەبێدەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپا و پشتیوانیی ئەمریكا لەو تیرۆرستانە سەرچاوەی گرتووە. ئەوانەی دوێنێ ئەمریكا بەفرۆكەی پێشكەوتوو لەئاسمانەوە لەژێر ناوی تیرۆر بۆمبا بارانی دەكردن، ئەمڕۆ وەك هاوپەیمان و رزگاركەر، وەك پێشوو بەهاوارهاوارو ئاڵای (الله اكبر) بەدڕندەترین شێوە پەلاماری گەلی كورد دەدەن و ژن و منداڵ بەبەرچاوی دونیا دەكوژن!
با لەهەواڵ و دوا پەرەسەندنەكانی گفتوگۆی دیمەشق لەنێوان فەرماندەی هەسەدەو ئەحمەد شەرع گەڕێین، چونكە گفتوگۆیەك لەژێر گولەباران و گەلەكۆمەكێ‌، بەدڵنیاییەوە ئەنجامەكانی دڵخۆشكەر نابیت. لەهەمووی مەترسیدارتر، لەم چەند رۆژە چەندین بەندیخانە لە رەققەو تەبقەو حەسەكە تابەت بە دیل و دەستگیركراوی تیرۆرستانی داعش كە هەزاران دیل و راگیراوی داعشی لێ‌ بوو كەوتە دەست گروپە توندڕەوەكانی دیمەشق.
هەموو ئەو رووداوانەی دەیانبینین، بەبەرچاوی ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا روو دەدەن كە هێزیان ناردە سوریا بۆ نەهێشتن و لەناوبردنی تیرۆر، كەچی ئێستا خۆیان رێككەوتنیان لەگەڵ ئەو تیرۆرستانە كرد. لەسوریا، ئەمریكا لەنەیاری تیرۆرەوە، بۆتە پشتیوان و هاوپەیمانی تیرۆرستان، ئەمەش ماهیەت و راستیی دونیای سەرمایەداریی و وڵاتانی داگیركەر پێشان دەدات.
بەپێی زانیاریی نوێ‌، میلیشیاكانی دیمەشق نزیكبوونەتەوە لەكەمپی هۆل لەحەسەكە كە نزیكەی 35 هەزار ژن و منداڵی داعشی تێدایە! ئەوانە ژن و منداڵی ئەو چەكدارانەن كە ئێستا پەلاماری ئەو كامپە دەدەن. كەمپی هۆل ئەو بۆمبە تەقیتكراوەبوو ئەمریكا هەڵیگرتبوو، تا ئەمڕۆ بەناوچەكە بتەقێتەوە.
بەپێی هەواڵ زانیاریی نوێ‌، رێككەوتنی پاریس لەنێوان ئەحمەد شەرع و ئیسرائیل و ئەمریكا، بەتەنها بریتیی نییە لە لەناوبردنی رێڤەبەری خۆسەر، یان ئەو قەوارەیەی كورد لەرۆژئاوای كوردستان، بەڵكو پەڕینەوەیە بەرەو عیراق لەڕێی زیندوو كردنەوەی گروپی تیرۆرستی داعش لەژێر ناوێكی دیكەو سازكردنی سوننەكانی عیراقە بۆ بزوتنەوەیەكی دیكەی سوننە لەعیراق، بۆ فشاركردن لەدەسەڵاتدارێتی شیعە لەعیراق و ئێران.
ئەگەر ئەم زانیارییانە راست بن، بێگومان كاریگەری لەسەر هەموو عیراق دروستدەكات، رەنگە راستەوخوۆ ئەم دۆخە نوێیە روو لە كوردستان نەكات، بەڵام لێكەوتەكانی درێژدەبێتەوە بۆسەر هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش لەرووی ئابورییەوە! پرسیاری هەموومان لەم بارودۆخەدا كە لەسوریا پەلاماری كورد دەدرێت و زیانی گەورەی بەركەوتووە، هاوكات ترسی فراوانبوونی بازنەی گۆڕانكاریی هەیە، ئەرێ‌ بەرپرسانی بڕیاردەر لەهەرێمی كوردستان چەندە ئامادەن بۆ ئەم بارودۆخە؟ حزبە سیاسیەكانی كوردستان چەندە بەرپرسیارێتی مێژوویی قۆناغەكە هەڵدەگرن و قسەیەك لەسەر داهاتووی هەرێمی كوردستان دەكەن لەكاتێكدا ساڵێك و 3 مانگە هەڵبژاردن كراوەو تائێستا حكومەت دروستنەكراوەو دەرگای پەرلەمانەكەی داخراوە؟!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە