” نەفرەت لە گەمژەیی پیرۆز! “ ئەمە دوا قسەی
زانا و فەیلەسوفی ئیتاڵی جیۆردانۆ برۆنۆ بو ، دوای ئەوەی کەنیسە سزای سووتاندنی بە
زیندووی بەسەردا سەپاند . بێدەنگ وەستابو ، یەک وشەی نەگوت ، تا پیرەژنێکی بینی
کۆلکە دارێکی هەڵگرتووە و فڕێی دەداتە ناو ئاگرەکەوە ، بۆ ئەوەی ئاگرەکە بەهێز ترو
بڵێسەی زیاتربێت ، لە کاتێکدا هیچی دەربارەی تاوانی قوربانییەکە نەدەزانی ، جگە
لەوەی بڕیارو فەرمانی کەنیسەی جێبەجێدەکرد! .
بێگومان نەفرەتەکەی بڕۆنۆ نەفرەت نیە لە
پیرێژنێکی هەژارو نەدارو کاڵ فام ، کە کۆلکە دارێک فڕێدەداتە ناو ئەو ئاگرەی بۆ
سوتاندنی ئەو ئامادە دەکرێت ، هەروەها بە تەنیا نەفرەت نیە لەو چارەنوسەی ڕوبەڕوی
بۆتەوە ، بەڵکو مەبەستی نەفرەتکردنە لە کۆی ئەو مێژوەی بیرکردنەوەی تێدا دەکوژرێ ،
پێش ئەوەی لە دایک بێت ، یان پرسیاری تێدا زیندەبەچاڵ دەکرێ پێش ئەوەی بخرێتە ڕو ،
بە ناوی باوەڕەوە ، مێژویەک لە و گەمژەییەی عەبای پیرۆزی لە خۆی ئاڵاندوە ،
داوادەکات بەبێ پرسیار شوێن بڕیارەکانی بکەون . چونکە کاتێک نەفامی پیرۆز دەکرێ
زۆر مەترسیدارترە لە پیرۆزکردنی حەقیقەت . ئەو پیرێژنە تەنانەت بڕۆنۆی نەدەناسی ،
هەروەها نەیدەزانی چی وتوە یان چی نوسیوە ، بۆئەوەی بڕیاری سوتاندنی بەسەردا
بسەپێنن ، بەڵام کۆلکەدارێکی فڕێدایە ناو ئەو ئاگری گەمژەییەی کەنیسە بەدرێژای
مێژو دایخستوە ، بەو هیوایەی ژەمێکی زیادەی فەزیلەت بداتە متمانە و باوەڕی کوێرانە
بە کەنیسەو بڕیارەکانی .
پارادایمی ئەم پیرێژنە لە فۆڕمی جیاجیادا ،
لە هەمو شوێنێک خۆی مەڵاس داوە ، لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە ناو مێژوی کۆن و نوێ
تادەگاتە ئەمڕۆ ، هەر مرۆڤێک دەستبەرداری بیرکردنەوە بو ، کوێرانە کەوتە شوێنی
فەتوای فەتواچیان ، یان ڕێگەیدا دەسەڵاتێک یان کەسێک لەبری ئەو بیر بکاتەوە ، یان
پێیوابو وەڵامی هەمو پرسیارەکانی دراوەتەوە ، لەسەر ئەو تەنها پێویستە لە ناو
دەقەکاندا بگەڕێ ، بۆ ئەوەی بیاندۆزێتەوە ، یان قبوڵی کرد لەم دونیا ببێتە
کەواسوری بەر لەشکری داگیرکاران ، لە پێناو گەرەنتی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی
سوڵتانە خوێن ڕێژەکەی لەو دونیا ، یان ئامادەبێت هاونیشتیمانی و هاوزمان و ژن و
منداڵی هاونەتەوەکەی ، بە بەرچاویەوە لەژێر سوڕەتەکانی ( أنفال و الفتح ) دا ، بە
هەلهەلەی بەدەویەت و نەعرەتەی اللە اکبر پاکتاو بکرێ ، ئەویش لێرە بێشەرمانە دەست
بە ڕیشیدا بێنێ و پاساوی شەرعی بۆ بێنێتەوە ، تادەگاتە ئەو ڕادەیە لە بێ ئابڕویی ،
بۆ گومان کردن لە پیرۆزی خوێنی شەهیدانی ئازادی گەل و نیشتیمانەکەی ، هەمو ئەوانەو
چەندەهای تر وەک ئەو پیرێژنەن ، کۆلکەدارێکیان لەسەرشانە ، ئەو ئاگرەی پێ خۆش
دەکەن ، دەسەڵاتدارانی سیاسی و ئاینی ستەمکار هەڵیان گیرساندوە ،
لە
کۆمەڵگای ئێمەدا ، گەمژەکان خۆیان لە پشت ماسکی باوەڕوعەبای ئەستوری مۆڕاڵی
ئیمانداریدا شاردۆتەوە ، مەترسیە جدیەکە ئەوەیە ، گەمژەیی پیرۆز ببێتە خاوەن
دامەزراوەو ، لە فۆڕمێکی سیستماتیکدا خۆی نمایش بکات ، ( عەلی قەرەداغی و ئیخوان )
بە نمونە ، ئەوکاتە پيویستی بە سوپاو میلیشیای ڕێکخراو نیە ، بۆ سەپاندنی
بڕیارەکانی ، بەڵکو ڕابەرێک و مینبەرێک بەسە ، بۆ ئەوەی خەڵک گوێی لێبگرێ و دوای
بکەوێ ، بە تایبەت کاتێک دەسەڵات لەگەڵ گەمژەیدا دەبێتە هاوپەیمان ، ئیتر کۆمەڵگا
دەبێتە کۆگایەکی گەورەی سیخناخ لە کۆلکەدار و ئامادە بۆ ئاگرێکی گەورە ، نەک هەر
مێژو بەڵکو بەشی ئایندەو چارەنوس دەکات بیکاتە قەقنەس . مەترسیدارترین جۆری تاوان نەزانی یان نەفامی و گەمژەیی نیە
، بەڵکو ئەوکاتەیە ئەم گەمژەیی و نەفامی و نەزانیە بەرگی پیرۆزی تێ هەڵدەکێشرێ ،
ئەوکاتە تەنها بە نەزانینەوە ناوەستێ ، بە ڵکو هەوڵدەدات نەزانین و گەمژەیی بسەپێنێ بە گشتاندن بەسەر هەمواندا .
گەلان و
شارستانیەتەکان ئەوکاتە لە ناو ناچن ، جەنگێک دەدۆڕێنن و خاکەکەیان داگیردەکرێ ،
لەلایەن داگیرکارانەوە ، یان کاتێک توشی کارەساتێکی گەورەی سیاسی و ئابوری و
کۆمەڵایەتی ، یان سروشتی دەبنەوە ، بەڵکو سەرەتای کۆتایی هەر شارستانیەت و گەلێک ،
ئەوکاتە دەست پێدەکا ، بڕیاربدا دەست بەرداری بیر کردنەوەبێ و خۆی بداتە دەست
قەدەری نادیاری ، نەزانین و نەفامی و دوای فتوای گەمژەیەکی وەک عەلی قەرەداغی
بکەوێ ، ئەوکاتە هەمو دەبن بەو پیرێژنەی کۆلکەدارێکی لەسەر شانەو ئاگری فەنابون خۆشدەکات ، بۆیە گەر بمانەوێت
ئاگری ئەو جەهەندەمی نەزانین و گەمژەییە خامۆش بکەینەوە ، پێویستە بەشانی خۆمان
چیتر داری بۆ نەکێشین ، لەبری گومان و وروژاندنی پرسیار ، بە وەڵامە ئامادەکان ڕازی نەبین ، چیتر قبوڵ نەکەین گوێڕایەڵی
کوێرانە شوێنی تێگەیشتنی عەقڵانی بگرێتەوە ، یان ترس لە پیرۆزیەکان شوێن بە زانین
و حەقیقەت چۆڵ بکات .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی