سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق
دوو کێڵگە لە ئێستادا بونی هەیە :
یەکەم : خۆپیشاندانەکان و ئامادەگی تاکی
کورد ، ئەو نامەیەی خۆپیشاندانەکان گەیاندیان و ئەو ئامادەگییە بەرفراوانەی کوردانی
دنیا ، پێی وتین هەر کات کورد لەبەردەم ترسی سڕینەوەدا بێت ، کورد بۆ سەلماندنی
بونی خۆی ، لە ڕێگەی نەتەوەسازی و نیشتمانسازییەوە ئامادە دەبێت ، بە مانایەکی تر
، خۆپیشاندانەکان لێکەوتەی ترسە لە سڕینەوە نەک بەرەو سەرکەوتن ، ئەم ترسە وای کرد
کورد لە تەواوی دنیا ئامادە بێت بۆ بەرگری لە بونی خۆی ، ئەم نەتەوەسازی و نیشتمانسازییە
پێی وتین بەدەر لەحیزبەکان ڕۆحیەتێکی تری نەتەوەی هەیە کە لەسەروی حیزبەوەیه ، بەتایبەت
لە ڕۆژئاوا کە زیاتر خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی
دەبینرا نەک حیزبی وەک ئەوەی لە باشور هەیە ، لەم کێڵگەیەدا ڕۆحی بەرگری و مانەوە
ئامادە بوو بەرامبەر کێڵگەی دوەم کە کورد کەوتوەتە بەردەم پلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییەوە
، خۆپیشاندان دوای بێ هیوابون ، جۆرێک لەهیوا دروستبو بەتایبەت ئامادەگی نەوەی نوێ
، کە دەکرێت بە زیندبونەوەیەک و ڕاچڵەکینێکی گەورە ببینرێت و بتوانرێت پەرەی پێبدرێت
و ئاراستە بکرێت بەرەو ئامانجی هەستانەوەی نەتەوەیەک.
کێڵگەی دوهەم:
لەم کێڵگەیەدا کورد لەبەردەم پلانگێڕییەکی
نێودەوڵەتیدایە ، واتا بەرژەوەنی کورد و ئەمریکا بچوکترە لە بەرژەوەندی تورک و ئەمریکا
،
کورد لە ئێستادا لەبەردەم گواستنەوەدایە
لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی نوێ ، لە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکانی جیهانی و ناوچەیی بوەتە پێوەر ، لەم نێوەندەدا ئەگەر
لەبازنەی یەکەمدا سەیری وڵاتە زلهێزەکان بکەین ، ئەوا بەدەر ململانێ و جەنگەکان بەرژەوندی
باڵای هاوبەشیان وا دەکات کە گڵۆپی سەوز بۆ یەکتر هەڵبکەن ، لەبازنەی دووەمدا دوای
بچوککردنەوەی ئێران ، ئەوەی ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت ئیسرائیل و تورکیا ، کورد لەسەر ئەم
نەخشەیە دەکەوێتە نێوان بەریەککەوتنی بەرداشی بەرژەوەندییەکان ، کورد لەسوریا لەبەردەم
پلانێکدایە کە ناچار بێت بەو واقعەی کە حکومی هێز دروستی دەکات ، خۆ ئەگەر ڕۆژئاوا
سەرزەمینێک بێت بۆ چارەنوسی کورد ئەوا شاڕەگی دەچێتەوە باکور و باشور ، بەمانایەکی
تر لەڕێگەی گوشاری وڵاتانی وەک ئەمریکا و فەرەنساوە دەکرێت کورد ڕازی بێت بەو مافانەی
لە ئێستادا دەدرێت بە ڕۆژئاوا ئەویش بە پێی پەیمانێکی نێودەوڵەتی تا حکومەتی سوریا
پەشیمان نەبێتەوە و مافەکانیش لە مەرسومەوە بگوازرێتەوە بۆ ناو دەستور ، لەناو
تورکیاش باکور بچێتە قۆناغێکی نوێ و پروسەی ئاشتی بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە ،
چونکە بێ چارەسەری باکور و باشور زەحمەتە پرۆسەی ڕێککەوتن لە سوریایەکی ژێر هەژمونی
تورکیدا سەربگرێت ، لە باشوردا عێراق لەبەردەم ئەگەری گۆڕانکاری گەورەدایە ، ئەگەر
چی لەباشور قۆناغی ئەو ترسە تا ئاستێک کەمە بەڵام لە تەنگژەی نێوان ئەمریکا و ئێراندا
ئەگەری هەیە باشور بکەوێتە سەر ئەو هێڵەی کە تۆم باراک بە ئاشکرا باسی دەکات.
ئەوەی گرنگە کورد بتوانێت لە ڕۆهەڵاتەوە
تا ڕۆژئاوا و باشور و باکور کار لەسەر کێڵگەی یەکەم و گەورەکردنی ئەو نەتەوەسازی و
نیشتمانسازییە بکات بۆ هەر ئەگەرێک و لە خۆپیشاندانەوە بیگۆڕێت بۆ کاری دبلۆماسی و
کار لەسەر کەسایەتیە باڵادەست و ناوبانگەکان بکات بۆ ئامادەکاری بۆ هەر ترسێک ڕوبەڕوی
کورد ببێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی